وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: لەسەرەتای مانگى ئەیلولى داهاتوەوە دەست دەکرێتەوە بەخوێندنى باڵا/ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان، ئەوەشى ڕاگەیاند خوێندنەکە بەشێوەى گشتى بەسیستمى پارالێڵ دەبێت.

ئەو ڕاگەیاندنەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى هەفتانەى وەزارەت هات، کە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١٦/٢/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا د. یوسف گۆران ئاماژەى بەکارەکانى ڕاپۆرتى لێژنەى چۆنییەتى زیادکردنى داهات لە زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان کرد و وتى: خۆشبەختانە هەنگاوەکانى ئامادەکردنى ئەو ڕاپۆرتە لە قۆناغى کۆتاییدا و، لە ئەنجومەنى وەزیرانیش لەگەڵ لێژنەى تایبەتمەند گفتوگۆى لەبارەوە کراەوەو، بەیەکێک لە ڕاپۆرت و هەنگاوە باشەکان لە نێو وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دانراوە، وتیشى بەپێى خەمڵاندنەکانى وەزارەتەکەمان لە داهاتویەکى نزیکدا وەزارەتەکەمان دەتوانێت بودجەى کارپێکردنى خۆى دابین بکات و هاریکارى حکومەتیش بکات، هەروەک ئەوەشى بەدەسکەوتێکى گرنگ بۆ زیاتر سەربەخۆکردنى زانکۆکان لە قەڵەمدا تا باشتر بتوانن کارەکانى خۆیان ڕایى بکەن.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەسەرئەوە کردەوە کە دەبێت دەرفەتى باشتر بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا بڕخسێنین بۆ ئەوەى لە کوردستان بخوێنن و، چیتر داهاتى هەرێمى کوردستان نەچێتە دەرەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبێت کارئاسانى بکەین بۆ ئەوەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان خوێندکارى بیانى ڕابکیشنە هەرێمى کوردستان و لێرە درێژە بەخوێندن بدەن، کە دواجار ئەوەش دەبێت هۆکارێک بۆ زیاتر بوژانەوەى ژێرخانى ئابورى هەرێمى کوردستان.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا د. یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە پێناو کارئاسانیکردن بۆ خوێندکاران و خوازیارانى خوێندنى باڵا بڕیارماندا بەکردنەوەى خوێندنى باڵا/ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧)، ڕونیشیکردەوە خویندنەکە بەشێوەى سیستمى پارالێڵ دەبێت، لەهەمان کاتدا خوێندنەکە بۆ خوازیارانى فەرمانبەران دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و وەزارەتەکانى دیکەش دەبێت، لەهەمان کاتدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى ڕاسپاردە پێداچونەوە بەمەرج و ڕێنماییەکاندا و لەئایندەیەکى نزیکدا دواى پەسندکردنى لەلایەن ئەنجومەنى وەزارەت بڵاو بکرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا داواى لە خوازیارانى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا کرد کە خۆیان ئامادە بکەن بەتایبەت ئەوەى پەیوەستە بەئاستى زمانى ئینگلیزییەوە.

 ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى