د. یوسف گۆران ڕایگەیاند بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەکان لەم قۆناخەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ڕوانکەوە چاوەڕێی ڕۆڵی کارای زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەکات، لە ڕوانگەیەک کە ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەییان لەسەر شانە، لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە حکومەت چاوەڕوانى ئەوە لە زانکۆ تایبەتەکان دەکات ڕەچاوى بارودۆخى دارایى هەرێمى کوردستان بکەن.

ئەو ڕاگەیاندنەی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە میانەی سەرپەرشتیکردنی کۆبونەوەیەکیدا هات لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرى پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتی (۲۰۱٦/۲/۹) لە هۆڵی کۆبونەوەکانی دیوانی وەزارەت بەئامادەبونی د. ئیبراهیم سمۆ سەرۆکی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و، د. ڕێواس فایەق بڕیاردەری لێژنەکە و د. محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کرا.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا د. یوسف گۆران کورتە باسێکی لەبارەی قەیرانی دارای هەرێمی کوردستان کرد و وتی: ئێمە وەک ناوەندێکی ئەکادیمی دەمانەوێ بەگوێگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و ڕاوێژکردن بڕیار لەسەر بابەتە هاوبەشەکان بدەین تا زەمینەسازی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکان گونجاو و باشتر بێت، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەوەشی ڕاگەیاند بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان هەیە، بەڵام وەک وەزارەت بەڕاوێژ و وەرگرتنی ڕاو سەرەنج و پێشنیازەکانتان ئەو ڕێژەیە دیاری بکەین بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی (۲۰۱٥-۲۰۱٦) لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان.

هەر لە قسەکانیدا د. یوسف گۆران بەگرنگیەوە باسی لە ڕۆڵی زانکۆ تایبەتەکان کرد بەتایبەت بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکارانى دەرچوانى (١٢)ى ئامادەیى و پێگەیاندنی نەوەکان بەزانست و مەعریفەی نوێ، وتیشی هەر ئەو چاوەڕوانیەی حکومەت بوو لە زانکۆ تایبەتەکان وایکرد بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاریکارو هاوکاری زانکۆ تایبەتەکان بێت بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن، بۆیە ئێستاش کە قەیرانی دارایی ڕوی لە کوردستان کردوە، چاوەڕوانى ئەوە لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەکرێت کە پاڵپشتی حکومەت بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە، بۆ ئەوەش داواکارین هاوکاوی خوێندکاران بکەن لە داشکاندنی کرێی خوێندن، چونکە بارگرانیەکی زۆر کەوتۆتە سەر خوێندکاران و کەس و کارەکانیان.

لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا سەرۆک و بڕیاردەری لێژنەی دارایی و سەرۆکی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لەگەڵ ئەوەی ئەو هەنگاوەی وەزارەتیان بەکارێکی گرنگ زانی بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون و وەرگرتنی پێشنیازەکانیان بۆ دەرکردنی بڕیارەکان، لەهەمان کاتدا چەندین پێشنیازیان خستەڕوو بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن.

دوابەدواى کۆبونەوەکەش لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیەدا کە سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆ تایبەتەکان و سەرۆکى لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵاى پاڕلەمانى کوردستان ئامادەیبون، د. محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ئاکامى کۆبونەوەکەى بەڕۆژنامەنوسان و میدکاران ڕاگەیاند و ووتى: لەسەر پێشنیازى نوسراوى لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵاى پاڕلەمانى کوردستان کە لە ڕێگەى ئەنجومەنى وەزیرانەوە ئاڕاستەى وەزارەتەکەمان کرابوو، ئەمڕۆ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرپەرشتى کۆبونەوەیەکى فراوانى کرد.

وتیشى لەو کۆبونەوەیەدا بەڕەچاوکردنى بارودۆخى دارایى هەرێمى کوردستان و دۆخى دارایى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان گفتوگۆیەکى تێروتەسەل لەسەر چۆنیەتى داشکاندنى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کرا، بەشێوەیەک کاریگەرى لەسەر کواڵیتى خوێندن لە زانکۆکان نەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا دواى ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاکان، لە ئەنجامدا بڕیاردرا بە:

١. ڵێخۆشبونى کرێى خوێندن بەڕێژەى (١٠%) لە پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦).

٢. لێخۆشبونى کرێیى خوێندن بەڕێژەى (١٥%) لە زانکۆ تایبەتەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦).

بۆ ئەوەش بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بەناوى وەزارەتەوە سوپاسى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى کرد، ئەوەشى ڕاگەیاندن کە قستى خوێندن هەروەک پێشتر بریارى لەسەر دراوە کرێى خوێندنى ساڵانە بەپێنچ قیست دەدرێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا د. ئیبراهیم سمۆ سەرۆکى لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە پاڕلەمانى کوردستان ڕاگەیاند: لە ئەنجامى گفتوگۆ و ڕاوێژکردنێک کە نزیکەى (٢) سەعاتى خایاند بەگیانى هەستکردن بەلێپرسراوێتى و بەجێگەیاندنى ئەرکێکى نیشتیمانى نەتەوەیى بەتایبەت لە قۆناغەدا زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەدەم داواکەمانەوە هاتن و پیشنیازەکانیان پەسند کردین، هیواشى خواست ئەو بڕیارەى ئەمڕۆ دراوە کەلێنێکى دارایى خوێندکاران و کەس وکاریان پر بکاتەوە.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان بۆ میدیاکاران دوان و جەختیان لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەوەى پێیان بکرێ بۆ هاریکاریکردنى خوێندکاران و تێپەڕاندنى دۆخى دارایى هەرێمى کوردستان درێخى ناکەن.

 

ڕاگه‌ياندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی