ئاگاداریی هاووڵاتیانی کوردستان دەکەینەوە کە بەهۆی گرفتی سوتەمەنیەوە کە دابینکردنی دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وەزارەتی کارەبا چەند رۆژێکە 2 یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەردوو وێستگەکانی هەولێرو سلێمانی لەکار راوەستاندووە، بەمەش بڕی 250 مێگاوات لەکۆی تۆڕی کارەبای نیشتمانی کوردستان کەمبۆتەوە، گەرپێتوو گرفتی دابینکردنی سوتەمەنی بەردەوام بێت وەزارەت ناچار دەبێت 1 یەکەی تر لەوێستگەی غازی سلێمانی و 2 یەکەی تر لە وێستگەی غازی هەولێر رابگرێت بەمەش 375 مێگاوات کارەبای تر لەتۆڕی کارەبای نیشتمانی کوردستان کەم دەبێتەوە و کاریگەری خراپی لەسەر ماوەکانی پێدانی کارەبا دەبێت. لەم رووەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاماژەی بەو سوتەمەنییە کردووە کە لەئەمبارەکانی سوتەمەنی وێستگە غازییەکان هەیە کە بەمشێوەیەی خوارەوەیە : 

- لە وێستگەی غازی هەولێر بڕی 1 ملیۆن و 300 هەزار لیتر گازوایل هەیە کە بەشی تەنیا 16 کاتژمێر بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات .

- لە وێستگەی غازی سلێمانی 1 ملیۆن و 453 هەزار لیتر گازوایل هەیە کە بەشی 45 کاتژمێر بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات.

- لە وێستگەی غازی دهۆک بڕی 5 ملیۆن و 770 هەزار لیتر هەیە کە بەشی 25 کاتژمێر بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات .

نەبوونی سوتەمەنی بۆ ئیشپێکردنی تەواوی یەکەکانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەکاتێکدایە کە وەزیری کارەبا لەبەردەم پەرلەمانتارانی کوردستان ئاماژەی بەم گرفتە کردوو باسی لە نەبوونی سوتەمەنی بۆ ئیشپێکردنی وێستگە نوێیەکان کرد وەکو وێستگەی خۆرمەڵە کە تەواو بووەو توانای 640 مێگاوات کارەبای هەیە، چارەسەرکردنی ئەم گرفتەش لەئەستۆی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە چونکە بەپێی ئەو گرێبەست و رێکەوتنانەی پێشتر لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان کراوە دابینکردنی سوتەمەنی لەئەستۆی ئەو وەزارەتەیە .

- بۆ زیاتر زانیاری دەتوانن پەیوەندی بکەن بە بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی کارەبا بەژمارەی تەلەفونی:07504458695

 


وه‌زاره‌تی كاره‌با
راگه‌یاندن

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.