پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، سیستمێكی نوێی كاركردنی ڕاگەیاند كە تێیدا هاووڵاتیان لە یەك كاتدا دەتوانن پەیوەندی بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆوە بكەن و لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو ئاگاداریان بكەنەوە.

مقەدەم سەران لەتیف، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سیستمی نوێی (۱٠٤)یان خستووەتە كارەوە كە لە توانایدا هەیە لە یەك كاتدا چەندین پەیوەندی وەربگرێت و كاری هاووڵاتیان لە كاتی پەیوەندیكردندا ئاسان بكات.

سەران لەتیف دەشڵێت، لە سیستمی نوێی كۆنتڕۆڵی (۱٠٤)دا، ئامێری (3CX) بەكار دەهێنرێت كە لە توانایدایە لە یەك كاتدا چەندان پەیوەندی وەربگرێت و سەرجەم پەیوەندییەكانیش تۆمار دەكات.

بە وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، گۆڕینی سیستمەكە، دەبێتە هۆی كارئاسانیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان لە كاتی پەیوەندیكردن بە ژمارەی (۱٠٤)ی پۆلیسی فریاكەوتندا.