وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە پێدانى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لەدوو قیستەوە بکرێتە بە پێنج قیست.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، وەزارەتى خوێندنى باڵا بەهاوبەشى لەگەڵ لێژنەى پەروەردەو خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڕلەمانى کوردستان، بەرەچاوکردنى بارى دارایى خوێندکاران و, ناسەقامگیرى بارودۆخى ئابورى هەرێمى کوردستان، بەنوسراوى ژمارە (23652) کە لە ڕێکەوتى (٨/١١/٢٠١٥) بەئیمزاى د. یوسف گۆران وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە، بڕیاریدا پێدانى قیستەکانى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لە دوو قیستەوە بکرێتە پێنج قیست.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا جەختیشى کردوە لە پێشوتردا وەزارەتەکەمان بەنوسراوى ڕەسمى بڕیاریداوە لەبەر ئەم بارودۆخە سەختەى ئابورى هەرێمى کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، کرێى خوێندن بۆ ساڵى (٢٠١٥-٢٠١٦) وەک خۆى بمێنێتەوە و زیادنەکرێت. بۆ ئەوەش زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان پابەندبونى خۆیان بە بڕیارەکەى وەزارەت دوپاتکردۆتەوەو تەنانەت بەشێک لە زانکۆکان لەهەندێک بەشدا نرخەکانیان دابەزاندوە، لەهەمان کاتدا بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکان دەستپێشخەرییەکان کردبو کرێى خوێندنیان لە خوێندکاران بەزیاتر لە دوو قیست وەردەگرت.

ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى