رەوشێکی پڕ ئالۆز و پشێوی لە دوو رۆژی رابردوودا کۆمەڵگاکانی بابیرێ و خەتارێ و گوندەکانی دەورووبەری گرتەوە و رێژەیەک لە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە ماڵ و حالی خۆیان بەجێهێشت و تووشی ئازار و چەرمەسەریی زۆر بوون، ئەوەش بە هۆی تەقەیەکی زۆری کەسانێک لەو ناوچەیە و بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندەی ئەوەی کە تیرۆریستانی داعش لەم دەڤەرە نزیک بوونەتەوە، خەلکی ئەم ناوچەیە کە بە هەزاران کەسن گەواهیدەری ئەو راستییەن چ دۆخێکی ئالۆز لە دەڤەرەکەیان خوڵقێندرا بوو. هێزەکانی ئاسایش خێرا گەیشتنە ناوچەکە و دۆخەکەیان کۆنترۆل کرد و دەستیان بە لێکۆلینەوە لە هۆکارەکانی ئەو ئالۆزییە کرد و ئەوە بوو دوای لێکۆلینەوە، لە سەر فەرمانی دادوەر چەند کەسێکیان بە گومانی دەست هەبوون لەو کێشەیە دەستگیر کرد, بە بێ ئەوەی بزانن ئەم کەسانە سەر بە چ لایەنێکی سیاسین، بەڵام دوای ئەوەی لە ئاستی سەرەوەی دامودەزگاکانی حکومی پەیوەندی کرا، گیراوەکان دیسان بە فەرمانی دادوەر و بە کەفالەت ئازاد کراون. سەرباری ئەوەش دۆسیەی ئەم ڕووداوە هەر کراوەیە و لێکۆلینەوە بەردەوامە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە خەلکی دەڤەرەکە وەک شایەدحالی ڕووداوەکە ئەم کەسانە بە نانەوەی ئاژاوە تۆمەتبار دەکەن و دوای دەستگیرکرانیان زانراوە سەر بە یەکێتی نیشتمانین.

هەر دوای ڕووداوەکە بەرێوبەری ئاسایشی تلکێف ڕوونکردنەوەی پێویستی دا، کەچی هەندێ دامودەزگای راگەیاندن و لایەنی سیاسی هەولیان دا ناوی دامودەزگای ئاسایش تێکەڵاوی کێشە سیاسییەکان بکەن، لە کاتێکدا هێزەکانمان بە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی هاوولاتیان هەستاون و ئەو پشێوییەی کە نرایەوەش ڕووداوێکی بچوکی سنووردار نەبووە بتوانرێ چاوپۆشیی لێ بکرێت، بۆیە جارێکی دیکەش رایدەگەیێنین کە، هەر لێکدانەوەیەکی دیکە بۆ ئەم ڕووداوە و بە سیاسی کردنی کێشەکە، بەلاڕێدا بردنی راستییەکانە و خزمەت بە چەسپاندنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە ناکات.

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک

13/7/2015