لەوەتەى ويلايەتى موسڵ خراوەتە سەر، دەوڵەتى عێراقى دواى جەنگى جيهانى دووەم،  ئەم شارە هەردەم پێشەنگ بوە لە بەرەنگاربونەوەى ئاينزاى شيعە و هەرکاتێ هەستيانکردبێ شيعە دەسەڵاتى کەتۆتە دەست، بە هەموو شێوەيەك هەوڵى لە ناوبردنى ئەو دەسەڵاتەيان داوە. هەرچەندە عێراق لە پاش دامەزراندنيەوە لە ١٩٢١ تا ٢٠٠٣،  چوار ساڵ و نيوى حوکمى عەبدولکەريم قاسم (١٤/٧/١٩٥٨- ٨/٢/١٩٦٣) نەبێ، هەر لەلايەن خەڵکانى تايفەگەرى عەرەبى سوننەوە حوکم کراوە. بۆيە کاتێ حوکم دەکەوێتە دەست ئەفسەرێکى نيوە شيعە دەبينين عەرەبە موسڵاويەکان لە ٨/٣/ ١٩٥٩ بەهاوکارى حکومەتى سوننە مەزهەبى ئەو کاتى سوريا وسەرۆکى ميسر جەمال عەبدولناسر هەڵدەستن بە کۆدێتايەکى سەربازى دژ بە حوکمى عەبدولکەريم قاسم، هەرچەندە عەبدولکەريم خۆى دووڕەگ و نيوە شيعە و نيوە سوننە ش بوو، بەڵام موسڵاويەکان پێيان وابوو زەعيم خزمەتى شيعەکان دەکا و ئەگەر کار وا بڕوا حوکمى عێراق دەکەوێتە دەست شيعەکان و بەتايبەتيش شيوعيەکانيان. لەپاش سەرنەکەوتنى ئەو کۆدێتايەى عەقيد عەبدولوەهاب ئەلشەواف يش، رق وکينەى عەرەبە موسڵاويەکان دژ بە مەسيحيەکان، کورد وبەتايبەتى کوردانى شەبەك و ئێزيدى لەم پارێزگايە زياتر پەرەى دەسێنێ.

چونکە موسڵ لە بنەڕەتدا شارێکى عەرەبى نيە و بەڵکو بەعەرەبکراوە، بۆيە نەتەوەپەرستەکانى، هەردەم لە ترس و دڵە ڕاوکێدانە و تورك ئاسا، بچوکترين پێشکەوتنى نەتەوەکانى دەوروبەرى خۆيان لا مەترسيە، بۆ سەر نەتەوەو مەزهەبى خۆيان. هەر لەبەرئەوەش بوو لەشەڕى هەشت ساڵەى سەددام – خومێنى، عەرەبەکانى ئەم شارە رۆلێکى گەورە گێڕا لە پاراستنى رژێمەکەى سەددام، چونکە لايان وابوو، دۆڕانى سەددام دەبێتە کۆتايى رۆڵى ئەوان لە عێراق وەك ميللەت و ئاينزاى سەردەست.

پاش رووخانى سەددام يش، موسڵاويە عەرەبەکان، زۆر بەتوندى کەوتنە دژايەتى کورد، لەبەرئەوەى ترسي لە دەستدانى زۆربەى شارو شارۆچکە کوردستانيەکانى ئەم پارێزگايەيان هەبوو، وەك شارەکانى شەنگال، زوممار، شێخان و باشيك و بەحزان. ئەمە لەلايەك ولەلايەکى تريشەوە دەيان بينى چۆن ئەو تايفە وتيرە کورديانەى کە بەزۆر بە عەرەب لەقەلەم درابوون ( ئێزيدى، شەبەك، گەرگەرى . . . هتد)، دەگەڕێنەوە نێو باوەشى نەتەوەى دايك.

لە هەڵبژاردنى ٢٠٠٥يش بەهۆى بايکۆتى عەرەبە سوننەکان، پارتى ديموکراتى کوردستان دەبێتە حاکمى موتڵەقى ئەم شارە، بەڵام لەجياتى ئەوەى سياسەتێکى ژيرانە پەيڕەو بکا وکار بۆ ڕەواندنەوەى ترسى عەرەبە موسڵاويەکان بکات ونێوانيان لە گەل کورد ئاسايى بکاتەوە، کەوتە چەورکردنى دەمى هەڵپەرستەکانيان وباقى خەڵکى شارەکەشى لە بچوکترين خزمەتگوزارى بێ بەش کرد، ئەمەش بوە هۆى ئەوەى لەهەڵبژاردنەکانى ٢٠١٠ و ٢٠١٤ موسڵاويەکان بەچڕى دەنگ بە ماڵباتى نوجێفى بدەن، چونکە دورشمى دژايەتيکردنى کورديان بەرزکردبوەوە.

نورى ماليکىيش، بەهۆى پاشخانى سياسى وفيکرى مەزهەبى خۆى، نەيتوانى کار بۆ ڕەواندنەوەى ئەم ترس و دڵەڕاوکێيەى عەرەبى سوننە بەگشتى و موسڵاويەکان بەتايبەتى بکات، بەڵکو لەجياتى ئەوە، هەوڵى دا لەرێى هێزەوە ملکەچيان بکاو نەيزانى موسڵاويەکان هەر لەسەر بێشکەوە، بەوە گۆشدەکرێن کە شيعە بە رافزى و مەسيحيش بە نەسرانى و کورد بەترس بۆسەر شارەکەيان بزانن. کۆمەڵگايەك ئەم تێڕوانينى بێ بۆ تايەفەکەى بەرامبەرى، چۆن هاوکارى سوپايەك دەکا، کە سەربازەکانى خەڵکى ئەوان بە ناصبى و داردەستى بەعس و بکوژ وببڕى ٣٥ ساڵەى حوکمى بەعس بزانن؟! لەم روانگەيەوەماليکى وەكو ووشترمرخ سەر خۆى لە نێو لمدا شاردبوەوە، ئەگينا کەس بەدوو ووتارى نەتەوەپەرستانە و چەند رستەيەکى بريقەدار و کڕينى چەند کەسايەتيەکى عەرەبى سوننە، دەتوانێ شارێکى سێ مليۆن کەسى تازە حوکم لەدەست دەرچوو، بۆ لاى حاکمێکى شيعە رابکێشرێ ؟!

سەرەڕاى ئەمانەش رەفتارى نابەجێى سەربازە معێديەکانى باشور لەلايەك و پیلانگێڕى کۆنە بەعسيەکانى موسڵ لەلايەکى ترەو، لەولاتريش بونى گەندەڵيەکى بێ تامى زۆر لە حکومەتە خۆجێيەکەى موسڵ، خەڵکى شارەکەى توشى نائومێدى و بێ هيوايى کردبوو. واى لێکردبوون خۆيان گۆتەنى " ومن الرمضاء بالنار يستجير" " لەتاو گەرمى خۆڵەمێش پەنا بۆ ئاگر بەرن" ئێستاش وا لەدەست ئەم ئاگرە زيڕەيان دێ و ئەگەرچى هەتا دوێنێ لە دەست سوپاکەى ماليکى خۆزگەيان بە سەردەمى سەددام و بەعس دەخواست، بەڵام ئيمڕۆش لە دەست زوڵمى داعش خۆزگە بۆ هەردوو حکومەتە گەندەڵەکەى ماليکى و نوجيفى دەخوازن.

لەم پاشخانەوە بۆمان دەردەکەوێت، تەسليم کردنى موسل بە داعش، لەشەو رۆژێکدا نەبووە، بەڵکو هۆکارى راستەوخۆ و ناراستەوخۆى هەيە. لە هۆکارە راستەوخۆکانى ئەمانەى خوارەوەن:-

-شەڕى ئیعلامى نێوان حکومەتە خۆجێيەکەى ئەسيل نوجێفي لەموسڵ و حکومەتە بەناو فيدرالەکەى ماليکى لەبەغدا، دەتوانرێ بە ئامادەکارى راستەخۆ بژمێردرێ بۆ تۆڵەسەندنەوە لە سوپاى عێراق و پۆليسى فيدرال لەم شارە.

- بڵاوبونەوەى گەندەڵى و دوو بەرەکى لەنێوان سەرکردەى هێزەچەکدارە حکوميەکان.

-باوەڕنەبونى سەربازانى باشور بە بەرگريکردن لە شارێکى سوننە مەزهەب، کەبەدرێژايى چەند ساڵى رابردوو، لە غەيرى کوشت و بڕ و بەچاوى دوژمنى داگيرکەر سەيرکردن بەولاوە شتێکي تريان لە خەڵکى ئەم شارەو حکومەتە خۆجێيەکەى نەبينى.

-هەڵاتنى سەرکردە سەربازييە گەورەکان لە بەرەى شەڕ، لەوانە جێگرى سەرۆکى ئەرکان " عەبود گەنبەر"، سەرۆکى هێزە ووشکانيەکان " عەلى غێدان"، سەرۆکى هێزەکانى پۆليسى فيدرال " مەهدى غەڕاوى" . . . هتد

-ديکتاتۆريەت وگەندەڵى نورى ماليکى لە بەڕیۆەبردنى ووڵات.

لە هۆکارە ناڕستەوخۆکانيش

-کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فيدراڵ لە بەغدا.

- کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتە خۆجێ يەکەى موسڵ.

-سەنگەر لێکگرتنى سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگەى کوردستان بەرامبەر بەيەك .

-بێزارى خەڵكى موسڵ لەدەست گەندەڵى ونەبونى خزمەتگوزارى.

بەو پێودانگەش نورى ماليکى وەك سەرکردەى گشتى هێزەچەکدارەکانى عێراق، بەرپرسى يەکەمە لە داگيرکردنى موسڵ و مەسعود بارزانيش وەك سەرۆکى پارتى بەرپرسە لە پێنج ساڵى حوکمى حيزبەکەى لەو شارە.

جمال مەلاقەرە