پارەی ماتۆرسکیلی نەبو، لەبەر شارەوانیش نەیدەتوانی گوێدرێژ ێک راگرێت بۆ راکێشانی عەرەبانەکەی. ناچار بە پاڵنان یان بە راکێشان عەرەبانەکەی بە ناوشاردا دەگێڕا.

‌ئەو فافۆن و تەلی کارەبای دەکڕییەوە لەماڵان. قوتوی بەتاڵی ساردەمەنییە گازییەکانی کۆدەکردەوەو دەیفرۆشتەوە.

‌ئەو تەنیا گۆڕان لە دوای راپەڕین ھەستی پێبکات ئەوەیە سەربازی راکردو نییە، ئازادە لە پاڵنانی عەرەبانەکەی، کە لەدوای تێکچونی گوندەکەیان ئەوە پیشەیەتی.

‌ھێشتا ھیوای زۆرە بەژیان، مناڵەکەی ناو ناوە ئاسۆ. ئاسۆ لە قوتابخانەکەی زیرەکی پۆلە، بەڵام حەز دەکات ھاوکاری باوکی بکات، چونکە ھەمو رۆژێ کە دەگەڕێتەوە، گوێی لە باوکێتی کە دەڵێت پشتم شکا بە راکێشان و پاڵنانی ئەم عەرەبانەیە، کاتێکیش دایکی دەڵێت پیاوەکە خوا کەریمە، ئەوەندەش باشە چاک نییە مەجبوری دەستی نامەرد نابین. . .

‌ئاسۆ زۆری لەباوکی کرد ھەینی ھاوکاری باوکی بێت، دەمێک بەدەستە بچوکەکانی پاڵی بەعەرەبانە دەنا، تاوێکیش راکێشان. . . ‌پرسیاری زۆری لەباوکی دەکرد.

باوکە تۆ چۆن کاک (. . . ) دەناسی

‌کوڕم پێشمەرگە بو لەسنوری گوندەکەمان.

‌باوکە یانی ئەویش لەخانوی قوڕ دەژیا؟

‌بەڵێ کوڕەکەم پێشمەرگایەتی زەحمەت بو. . .

‌باوکە ئەی مناڵەکانی ئەوان لە گوند بوون؟

‌بەڵێ ماڵی کاک فڵان لە ژوورێکی ئێمە بوون، زۆر بەستەزمان بوون مناڵەکانی دەستوپێ سپی بوون. .

‌باوکە یانی لە گوندیش بوون پاک وخاوێن و دەستوپێ سپی بوون!!؟

‌نا کوڕم مەبەستم ئەوەیە، چڵێ داریان پێ کۆنەدەکرایەوە، پشقڵ و مێوژیان لێکجیا نەدەکردەوە،

‌ھھھھھھھھھە لەبیرمە ئەو (. . . ) کە ئێستا . . . . ە جارێک تێروپڕ پشقلی خواردبو وای زانیبو مێوژە!!!

‌بۆ ھێندە مناڵ بو باوکە؟! 

‌لە تەمەنی تۆ گەورەتر بو زۆر!!!

‌ئەی چۆن ھھھھھە پشقڵل و ھھھھە مێوژی لێکجیانەدەکردەوە، باوکە ئەدی ئێستا چۆن بۆتە، ھھھھھھە باوکە دەبێت کاریگەری پشقل نەبێت ھھھھھھھە. . . .

‌باوکە ئەم باڵەخانە گەورە خاوەنەکەی کێیە؟؟

‌کوڕم ھی . . . . !!!!!!!

‌باوکە ئەی گوتت، لە گوندەکەی ئێمە پێشمەرگە بوە؟؟

‌بەڵێ کوڕم راستە، ئەو دەم ھیچی نەبو، ئەمە لەدوای راپەڕین کردویەتی!!

‌بەچی باوکە، خۆ تۆ ئەڵێی من ئەوەندە ساڵە عەرەبانەم ھەیە؟؟

‌کوڕم ئاخر ئەو بازرگانی دەکات خۆ عەرەبانە راناکێشێت!!

‌ئەھا بازرگانی، باوکە ئەگەر پێشمەرگە نەبوایەو بەکاری حزب خەریك نەبوایە، رەنگە ئێستا خاوەنی چەندین باڵەخانە دەبو؟؟

‌کوڕم ھیچ !!

چۆن باوکە؟

‌کە گەورەبووی تێدەگەی کوڕم بەچی پەیدای کردوە. . .