باشووری کوردستان لە لێواری بەدیهاتنی ئاواتی لەمێژینەی کوردە واتە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی، لەهەمانکاتدا لەلێواری لەدەستچوونی هەموو ئەو ئەزموونەیە کە ساڵەهای ساڵە کورد، نەوە بە نەوە خەباتی بۆ کردووە و خوێنی بۆ داوەو ئاوارەیی و دەربەدەری بۆ کێشاوە.

 

ئەو قۆناخەی کە ئێستا کورد بەتایبەتی لە باشووری کوردستان، تێیدایە، جاری یەکەم نییە کە ئەوەندە نزیک بووبێتەوە لە سەربەخۆ بوون و بوون بە وڵات، بەڵام مخابن دیسانەوە خەریکە دەستکەوتەکان و ئاواتەکان، لەپەنای بیری تەسکی حیزبی و موزایەدەی سیاسی لەبار دەچن و ئەمجارەیان بە بیانووی دیموکراسی، گۆڵ لە خۆمان دەکەین.

 

مەسەلێک هەیە دەڵێن کابرا " نانی نەبوو پیازی دەکڕی"، ئەوە دەقاودەق حاڵی ئێمەی کوردە، ئەگینا پێمان ناڵێن لەو سەردەمەی دەموچاوەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت، هێنانی دەموچاوێکی نوێ چ سوودێک بە کورد دەگەیێنێت؟

 

ئێستا کورد دەقاتی ئەوەی پرسی ناوخۆیی بۆی گرینگ و کاریگەر بێت، پرسە نیودەوڵەتییەکەیەتی کە دەتوانێت بیگەیێنێتە لوتکە و دەربازی بکات لەو دۆخەی کە ئێستا خۆیشی نازانێ کوردە، عێراقییە، شیعەیە یان سوننە؟

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێمانخۆش بێت و پێمان ناخۆش بێت، لە جیهاندا بووەتە سیمایەک کە نوێنەرایەتی کورد دەکات و سەدا 50-ی ئەو شکۆ و رێزەی کە هەیەتی لەبەر ناوی خۆی ومێژووی خۆیەتی نەک لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەرێمێکە لە عێراقێکی کاول کە بینیمان سەرۆکوەزیرانەکەی چۆن پێشوازی لێکرا لە لوتکەی G7.

 

ئەمە کام عەقڵ و کام مەنتیق و کام فەلسەفە دەتوانێت ببێتە پێوەر بۆ ئەوەی کەسێکی ئاوەها کە ئێستا لە هەموو کات زیاتر نیازمان پێیەتی بیگۆڕین لەبەر ئەوەی دیموکراسی جێبەجێی بکەین. ئەی باشە ئەوانەی فرمێسک بۆ دیموکراسی دەڕێژن پێمان ناڵێن" گەر ئاو نەبوو لەکوێ مەلە دەکەن"؟ یان پێمان ناڵێن ئەوانەی دەیانەوێت یاری بە چارەنووسی گەلێک بکەن لە پێناوی بیری تەسکی حیزبی و موزایەدەی سیاسی، بۆ لە حیزبەکەی خۆیانەوە دەست پێناکەن و دیموکراسی لە تاکەوە بهێنن بۆ کۆ، نەک بە پێچەوانەوە.

 

ئەو هەموو پشتگیرییە نێودەوڵەتییە لە هەرێمێکی بچووک لە عێراقێکی داڕووخاو، بەس نییە بۆ سەرکەوتوو بوونی بارزانی لەو پۆستەی کە بە دەنگی خەڵک وەری گرتووە؟

 

پێمان ناڵێن ئەگەر سیاسەتی راست و دروست و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیخوازی بۆ گەل نەبوایە، ئەو هەرێمە بچووکە کە نیواو نیوی دانیشتووانەکەی مووچە خۆرن و هیچ بەرهەمێکیان نییە، لەدوای ساڵ و نیوێک گەمارۆی ئابووری و شەڕی دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی جیهان، ئێستا حاڵی چی دەبوو؟.

 

 

ئەی پێمان ناڵین ئەو حیزبانەی کە باسی دیموکراسیەت دەکەن، بەتایبەت لەم دواییانەدا، هەموو جۆرە کێشەیەکیان تێکەوت لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات، ئەی بۆ ئێستا دەیانەوێت دیمۆکراسی بە گەل بفرۆشن؟.

 

ئێوە کە کەسانی یەکەمی حیزبەکانتان بەدیلیان نییە، چۆن باسی وڵاتێک دەکەن کە سەرکردەکانتان بەزەحمەت لەلایەن کۆنسوڵەکانیشەوە دەناسرێن چ جای ئەوەی بتانەوێت گەڕێکی دیپلۆماسییەت رێکبخەن بۆ ئەوەی باشووری کوردستان لە فەرشەوە ببەنە سەر عەرشی ئەعلا.

 

ئێوە کەئێستایش خۆتان لە کۆنگرەی ناوخۆیی دەدزنەوە و یان ئەگریش بیبەستن بەدیلتان نییە و بە کۆی دەنگ هەر خۆمم و هەر سەرۆکم، چۆن دەتانەوێت لەم کات و ساتە ناسکەدا دیمۆکراسی بە گەل بفرۆشن و ئەوەیش کە هەیە بیدۆڕێنن.

 

 ئادەی پێم بڵێن بۆ نموونە، ئێوە کە لەترسی ئێران ناوێرن نزیکی هێڵەسوورەکان ببنەوە و پێتان عەیب نەبوایە بو کوردی رۆژهەڵاتیتان دەوت فارسی کێوی، بە چ جورئەتێکەوە چارەنووسی ئەم گەلە بدرێتە دەستان.

 

کامتان لە بارزانی شەریفترن، کوردترن، ناسراوترن، بەسیاسەتترن، بە ئەزموونترن، بوێرترن، دەسپاکترن، با ئێمەیش بتانخەینە سەرچاو و بڵێین دە تکایە سەرۆک ئیتر دابەزە با کەسێکی دیکە سوکانە گرێتە دەستی.

 

ئێوە خۆتان باش دەزانن کە نە دەردتان دەردی دیموکراسی و دەستوورە و، نەدەردتان خەمخۆرییە بۆ وڵات، بەڵکوو موزایەدەی سیاسی، بیری تەسکی حیزبی و ئەجیندای ئیقلیمییە کە زمان و کردارتان دەجوڵێنێت.