کەشتیی فریشتەکان کە دوهەم دواهەمین ڕۆمانی بەختیارە، بە دوو کتێب لە ساڵی 2014دا چاپی دووەمی بڵاوکراوەتەوە. بڕیاریشە درێژەی هەبێت و کتێبی سێهەمیش بڵاوبکرێتەوە.

گێڕانەوەکانی ئەم دوو بەرگە لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو تا 2009 لەخۆدەگرێ، کە زیاتر تایبەتە بە ڕووداوەکانی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەم حیزبە و شاری سلێمانی.

لە 3یمایسی 2015 دابەختیارعەلی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کەتیایدا وەڵامی تۆمەتی ئەوەئەداتەوە کە گوایە مەسروربارزانی بینییوە. ئەو کەلەم ڕۆمانەیدا لەچەنین جێگەدا زۆربە دروست یوەسفی سەرۆکی (ی.ن.ک)یکردووە. بۆیە هەڵبەستنی تۆمەتی ئاوا،شتێکی چاوەڕوانکراوە.

بەختیار لەم ڕۆمانەشیدا، بە هەمان جۆری ڕۆمانەکانی تری، بەردەوامە لەسەر درێژدادڕییەکی ناپێویست و ماندووکەر. پێدەچێت بەختیار ئەم درێژدادڕییە بە خاڵی بەهێزی خۆی بزانێ، بۆیە کۆڵنادا و بەردەوامە لەسەری.

لە ڕابردوودا قسە و ڕەخنەی زۆر لەسەر ئەوەکرا کە بەختیار عەلی لە چەند ڕۆمانی یەکەمیدا، ناوەڕۆک و فکرەی ڕۆمانەکانی، لە ڕۆمانە فارسییەکانەوە وەرگرتووە.

لە ساڵی 2009دا (ئەیپرەڵاین پایک) کە ژنە نووسەرێکی ئەمریکییە، یەکێک لە ڕۆمانە فیکشنەکانی بە ناوی (باڵەکان)ەوە بڵاوکردەوە بۆ تین ئەیجەکان (گەنجانی 13 تا 19 ساڵ)، کە لە (نیو یۆرک تایمز)دا بە پڕ فرۆشترین نووسەری ساڵ ناوی دەرکرد.

ئایا بەختیار فکرەی پووچی باڵدەرکردن و خانووی کەشتیی فریشتەکان، کە ناوکۆکەی ڕۆمانەکەیەتی لە (ئەیپرەڵاین)ەوە وەرگرتووە؟ ئایا ئەم فیکشنە پووچەی باڵدەرکردن و باڵترازان و فریشتە و خانوو و کەشتیی فریشتە، کە بەکاریهێناوە لە ڕۆمانەکەیدا، بۆ ئەوەیە سەرانی یەکێتیی بەلەسە نەکات و تیرۆری نەکەن؟ بیانووی ئەمە هەرچییەک بێت، کارێکی زۆر نادرووستە و ئەمە خاڵی هەرە لاوازی ئەم ڕۆمانەیە.

فیکشن (چیرۆکی دروستکراو و خەیاڵی) جۆری زۆرە، لەوانە [فانتەسی، ئەدڤێنچە، ساینس (زانست) فیکشن، ڕیالیستیک فیکشن، هیستۆریک (مێژوویی) فیکشن، میستری فیکشن..هتد]. بەختیار ئەگەر هەر ئەیەوێ فیکشن بەکاربهێنێ، ئەوا (ڕیالیستک فیکشن) باشترین جۆرە و بە وازهێنان لە جۆرەکانی تری فیکشن، ڕۆمانەکانی خۆشتر و پڕ بایەختر دەکات.

بەڵام لە کوردستاندا، کە لێوان لێوە لە چیرۆکی واقعی و تاڵ، بۆ هەر ئەبێت پەنا بۆ فیکشن ببردرێت؟ مێژووی کۆن و نوێی بزووتنەوەی دواکەوتووی ناسیۆنالیزمی کورد و کارکردی حیزبە جیاجیاکانی بزوتنەوەی پڕشەرمەزاری کوردایەتی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمەکەی، مێژوویەکی هێندە ڕەش و پڕ تاوانە، کە هەر نووسەرێکی باش ئەتوانێت چەندەها ڕۆمان و شاکاری نایاب و گەورەی لێبەرهەم بهێنێ، بە بێ ئەوەی پەنا بباتە بەر ئەم فیکشنە جۆراوجۆرانەی کە بەختیار لەم ڕۆمانەدابەکاریهێناوە.بەختیار ئەگەر هەر ناچارە پەنا بۆ فیکشن ببات، ئەوا پێویستە لە ڕیالیستیک فیکشن زیاتر هیچی تر بەکارنەهێنێ.

 

لەم ڕۆمانەدا هەموو کارەکتەرەکان، بەوانەشەوە کە بێباوەڕن و باوەڕیان بە خوادا و ئاین و قورئان نییە، بەردەوام ئەسڵی ئینسان ئەگێڕنەوە بۆ ئەفسانەی ئادەم و حەوا. باوەڕبوون بەم ئەفسانەیەبەردەوام بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەسڵەتی هەموو کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە کە لەچەندین جێگەدا دووبارەبۆتەوە.

نووسەری سەرکەوتوو بە نووسینی ڕۆمانی باش، ئەتوانی مێژووی دەورانێکی پڕ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگایەک بگیریتەوە و وێنایەکی ڕوون و پوختی سەردەمێکی پڕ ئاڵۆزی هەر کۆمەڵگا و شار و ناوچە و وڵاتێک بکێشێت. بەختیار لە کەشتیی فریشتەکاندا نەیتوانیوە وێنەیەکی ڕوون و تەواوەتی ناوچەی ژێردەسەڵاتی (ی،ن،ک) بکێشێت.

بەختیار لە کەشتی فریشتەکاندا نەرمییەکی زۆری بەرانبەر هاڤاڵی جێگری گشتی و  حیزبەکانی ئیسلامی سیاسی بەکارهێناوە و تاوانەکانیانی لە ڕادەبەدەر کەمکردۆتەوە و وێنەیەکی ناواقیعی و نادروستی بۆ کێشاون. تاوانەکانی جێگری سەرۆکی یەکێتیی و حیزبەکانی ئیسلامی سیاسی لەو دەورەیەی کە بەختیار ڕۆمانەکەی تیاگێڕاوە زۆر گەورەن و نابووایە بەختیار ئەم وێنە نا درووستەیان بۆ بکێشێت. ئایا هۆکاری ئەم روخسارجوانکردن و کەمکردنەوەی تاوانە، ڕەنگدانەوەی خۆشخەیاڵی نووسەرە بە سەرۆکی گۆڕان و ئیسلامی سیاسی لە کاتی نووسینی ڕۆمانەکەیدا؟ یان هۆکاری تری لە پشتەوەیە؟

چاپی دووەمی ئەم ڕۆمانە کە لە 2014دا بڵاوکراوەتەوە، هێشتا پڕە لە هەڵەی ڕێزمانی و هەڵەی ڕێنووس، کە ئەرکی خوێنەر قورستردەکات.

لە کوردستاندا کە کارکرد و تاوانەکانی پارتی لە زۆنی زەرد ئەگەر زۆر گەورەتر نەبێت ئەوا هەرگیز کەمتر نییە لە تاوانەکانی یەکێتتی لە زۆنی سەوز. بۆیە دروستتر بوو کە ئەم ڕۆمانە لە جیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی شاقووڵی باسی زۆنی سەوز بکات، ئەبواتە بە شێوەیەکی ئاسۆیی باسی هەموو کوردستانی بکردایە و هەردوو زۆنەکەی تێکهەڵکێشایە. لە حالەتێکی وادا دروستکردنی تۆمەتی لەچەشنی ئەوەی بەختیار مەسرووری بینیوە بۆ بەرژەوەندی تایبەت، زیاتر بێسەنگتر دەبوو. تۆ بڵێی بەرگی سێهەمی ئەم ڕۆمانە کە بەختیار ئەڵی درێژەی دەبێت، تایبەتبێت بە تاوانەکان لە زۆنی زەرد؟

 

عامر سابیر

17/6/2015

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.