لە لێکۆڵینەوەيەکدا كە لە قورئاندا كراوە، دەركەوتووە قورئان داوای دەستورێکی مەدەنی دیموکراتی لیبڕالی تەعەدودی حزبی دەکات، هەموو ئەوانەش بە بەدواداوچونی ورد دەسەلمێنێت بە پشتبەستن بە خوێندنەوەی نوێ بۆ ئایەتەکانی قورئان .

 

کتێبی (الدین و السلطة) د.محمد شەحرور، خوێندنەویەکی وردە بۆ پەیوەندی نێوان دین و دەسەڵات، لە مێژووی کۆن و نوێدا و بەوردی پەیوەندییەکە دیاری دەکات، خوێندنەوەی ئەو کتێبە زۆر گرنگە بۆ هەرکەسێک بیەوێت لە پەیوەندی نێوان دین و دەسەڵات تێبگات، بەتایبەت گرنگە بۆ ئەندامانی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم.

 

د. محـمد، دەیسەلمێنێت کە دین تەنها پەیوەستە بە دەسەڵاتی زەمیری مرۆڤەوە، (لا اكره في الدين) و بۆ هیچ حکومەت و حیزب و مەجلیسێکی فتوا نییە، زۆرکاری لە دیندا بکات و ببێتە پۆلیس و چاودێر و شوانی دینی خەڵک، یان بڕگەی دین بسەپێنێت بەسەر خەڵکدا، دەڵێت هەر حیزب و کەس و مەجلیسێکی فتوا و دەوڵەت و دەستورێک، کاری وا بکات، ئەوا دەستی وەرداوەتە وشەی خودا و وشەی خودای پێشێل کردووە، دەڵێت ئازادی وشەی خودایە لەسەر زەویدا، خودا لەسەر مومارەسەی ئازادانەی مرۆڤ لە دوارۆژدا پاداشت و سزا دەدات.

 

باسلەوەدەکات کە له‌ قورئاندا نوسراوە، خودا پێویستی به‌وه‌ نییه‌ به‌شێک له‌ به‌نده‌کانی بکات به‌ شوان و چاودێر و پۆلیسی دین بۆ به‌شێکی تریان، به‌ڵگه‌‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ قورئاندا نوسراوە که‌ خودا که‌لیمه‌یه‌کی وتوه‌، که‌ به‌ (لولا كلمة سبقت من ربك) ناوی هاتووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ رێگه‌یداوە مرۆڤه‌کان ئازاد و خاوه‌ن هه‌ڵبژارده‌ بن‌ و جیاوازییه‌کان بوونیان هه‌بێت:

 

وَمَا كَانَ النَّاسُ إِلَّا أُمَّةً وَاحِدَةً فَاخْتَلَفُوا وَلَوْلَا كَلِمَةٌ سَبَقَتْ مِنْ رَبِّكَ لَقُضِيَ بَيْنَهُمْ فِيمَا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ (19) سورة يونس

 

واتە ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌لیمه‌یه‌ نه‌بوایه‌ که‌ خودا پیشتر بڕیاری لێداوه‌ (ولولا كلمة سبقت من ربك)، ئه‌وا خودا ڕێگای به‌ جیاوازیه‌کانی نێوان مرۆڤه‌کان نه‌ده‌دا، واتە خودا خۆی بڕیاری لە ئازادی هەڵبژاردن داوە بۆ مرۆڤەکان، ئیتر بۆ هیچ مرۆڤێک نییە زەوتی بکات.

 

بۆیە د. محمد دەلیت لە دەستوردا پێویستە بڕگەیەک هەبێت بە ناوی هیچ زۆرکارییەک لە دیندا نییە و مرۆڤەکان ئازادن لە دین و باوەڕی خۆیان.

 

هەروەها دەلیت ئەو ئیدیعایەی هەندێک لە حیزبەکان بەرزی دەکەنەوە بۆ چەسپاندنی شەریعەت لە دەستوردا، ئەوە مزایەدەی دینە و دەیانەوێت بەوهۆیەوە ستەمکاری ئاینی و ئایدۆلۆجی بسەپێنن و خۆیان بکەنە فەرمانڕەوا بەسەر ملی خەلکەوە، باسلەوەشدەکات کە زۆربەی ولاتانی جیهان دەستور و کاروباری ولاتیان بە پێی ئەو صیراط موستەقیمەیە کە لەقورئاندا هاتووە، دەلیت لە قورئاندا تەنها چواردە حەرامکراو، هەیە، هیچ وڵاتێک یاسای دانەناوە بۆئەوەی دژایەتی ئەو چواردە حەرامکراوە بکات.

 

دەڵێت لە قورئاندا هاتووە کە بنه‌ماکانی صراط مستقيم لە دنیادایە، خۆ دورخستنەوەیە لە چواردە حەرامکراو، کە ئه‌مانەیە و دەپرسێت چ وڵاتێک بە یاسا داوا دەکراوه‌ لە خەلکی کە ئەم حەرامکراوانە بکەن کە ئەمانەیە:

 

قل تعالوا اتل ما حرم ربكم عليكم: ..... (151) – (153) سورة الأنعام

:

١- الا تشركوا به شيئا

دانه‌نانی هاوبه‌ش بۆ خودا

 

٢- وبالوالدين احسانا

چاکه‌کاری له‌گه‌ل دایکو باوک (واته‌ خراپه‌کارین له‌گه‌ڵ مه‌که‌ حه‌رامه‌)

 

٣- ولا تقتلوا اولادكم من املاق نحن نرزقكم واياهم

نه‌کوشتنی مناڵ

 

٤- ولا تقربوا الفواحش ما ظهر منها وما بطن

ئه‌نجامنه‌دانی فاحیشه‌

 

٥- ولا تقتلوا النفس التي حرم الله الا بالحق ذلكم وصاكم به لعلكم تعقلون (151)

نه‌کوشتنی هه‌رنه‌فسێک که‌ هه‌ناسه‌ بدات، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت که‌ به‌حه‌ق هاتووه‌ له‌ قورئاندا که‌ بریتین له‌و نەفسانەی کە مرۆڤ به‌کاری دێنێت بۆ خواردن، وەک ماسی و مه‌رو ماڵات.

 

٦- ولا تقربوا مال اليتيم الا بالتي هي احسن حتى يبلغ اشده

چاکه‌کاری له‌گه‌ڵ بێ باوکان، واتە نزیکنەکەوتنەوە لە مالیان بە خراپە

 

٧- واوفوا الكيل والميزان بالقسط لا نكلف نفسا الا وسعها

ئەنجامدانی کێشانە و پێوانە و کوالیتی کار و ئه‌ندازه‌گیری به‌باشترین شێوه‌.

 

٨- واذا قلتم فاعدلوا ولو كان ذا قربى

له‌کاتی قسه‌دا دادپه‌روه‌ری، واتە ناعەدالەتی حەرامە لە قسەدا

 

٨- وبعهد الله اوفوا ذلكم وصاكم به لعلكم تذكرون (152)

پابه‌ندبوون به‌ ئیتیک و په‌یمانه‌کانی کار، کە بەناوی خودا سوێندی لەسەر دەخورێت، وه‌ک ئه‌و ئیتیک و په‌یمانی کاری توێژە جیاجیاکان: پەرلەمانتاران، بەرپرسان، رۆژنامەنوسان، پزیشکان، توێژەران....ـ که‌ دەیدەن و واژۆی دەکەن و سویندی لەسەر دەخۆن بەوەی کە بەدڵسۆزی کارەکانیان بکەن خیانەت لەکارەکانیاندا نەکەن.

 

١٠- حەرامکراوەکانی هاوسەرگیری کە لەئایەتی ٢٣ و ٢٤ی سورەتی نیسائدا باسکراوە

١١- حەرامکراوەکانی پەیوەست بە خواردن، کە لە ئایەتی ٣ ی مائیدەدا باسکراوە

١٢- حەرامی ریبا، كة مەرجی ئه‌زعاف موزاعه‌فه‌ی بؤ دانراوه‌

١٣- حەرامکردنی دەستدرێژی

١٤- حەرامکردنی لێداون و قسەکردن بەناوی خوداوە و دین زیادکردن لەسەر خەلک و خۆکردن بە وەکلیلی خودا

 

د،محمد، دەلیت صیراط موستەقیم، پردێک نییە لەو دنیا بەسەر جەهەنمدا بۆ پەڕینەوە بۆ بەهەشت، بەڵکو بریتییە لە پابەندبوون بەو چواردە بنەمایە، کە بریتین لە بەهای مرۆیی، هەروەها دەڵێت ئایا چ وڵاتێک لە جیهاندا بە یاسا پێشێلی ئەو حەرامکراوانەی کردووە؟

 

هەروەها ئاماژەبەوەدەکات کە ئەگەر ولاتێکی وەک بەریتانیا بەیاسا رێگەیداوە بە هاوسەرگیری نێوان هاورەگەزەکان، کە ئەوە پێشێلی حدودێکی خودایە، ئەوا ولاتانی وەک سعودیە و ئیران و خەلیفەکان لە سەردەمی خۆیاندا بە سەدان و هەزاران پێشێلکارییان کردووە لەسەر مافی خودا و بە سەدان و هەزاران شتیان لەخەلکی حەرامکردووە لەکاتێکدا کە لە قورئاندا حەرامکراوەکان تەنها چواردە دانەیە.

 

دەلێت پابەندبوون بەو چواردە بنەما حەرامکراوە، پێویستی بە دەو/ەت و پۆلیس و دەزگای تەنفیزی نییە، چونکە هەرکات دەسە/ات و دەو/ەت خەلکی ناچارکرد بە پابەندوون بە دینەوە، ئەوا تایبەتمەندی دین لە دەستدەچێت، کە وابەستەیە بە (لا اکراه) پابەندی ئارەزوومەندانە و دەسەلاتی زەمیر تاکەکەس، نەک دەسەلاتی مرۆڤی تر.

 

هەروەها دەلێت لە هەر وڵاتێکدا ئازادی هەلبژاردن و جۆری ژیان بۆ مرۆڤەکان دەستەبەرکرابێت، ئەوا لەو وڵاتەدا کەلیمەی خودا لەسەرەوەیە، چونکە ئازادی هەڵبژاردن بریتییە لە کەلیمەی خودا، و لە هەر ولاتێکیشدا خەلک بە زۆر حیجابی پێکرا، یان ناچارکرا بەجۆرە باوەڕ و رەفتارێک، ئەوا کەلیمەی خودا لەژێرەوەیە.

 

(واتە پێویستە حکومەت بەو بڕیارەیدا بچیتەوە کە سالانە لە مانگی رەمەزاندا بڕیاردەدات بە داخستنی چێشتخانەکان، ئەو بڕیارە دژی وشەی خودایە لەسەر زەوەی، واتە دژی ئازادی مرۆڤە، ئازادی مرۆڤ وشە و دروشمی خودایە، بۆ زانیاری من کەسێکی موسوڵمانم و بەڕۆژوو دەبم، بەڵام بۆ دەسەلات نییە تەدەخول لەکاروباری دین و ئازادی مرۆڤەکاندا بکات. هادی ئەمین)

 

د محمد، ئاماژەبەوەدەکات کە پەرلەمانەکانی جیهان کاتێک سزای کوشتن، دەگۆڕن بۆ زیندانی، ئەوا پێشێلی سنوریک لە سنورەکانی خودایان نەکردووە، چونکە ئەو سنور و سزایانەی لە قورئاندا هاتوون، حدودین، نوسراون (تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ فَلَا تَعْتَدُوهَا) واتە دوا سنوری سزاکەیە، داواکراوە کە تەجاوەزی نەکرێت و زیاتر نەکرێت، واتە دەکرێت لەوسنور و سزایە کەمتر بەکاربهێنرێت، بەلام ناکرێت تەجاوەزبکریت.

 

دەلیت ئەو چواردە حەرامكراوە و بەها باڵاكانی مرؤفايەتی كە دين داوای دەكات، بەشیوەی سروشتی لەناو ژیاني مرؤڤەكان و لە دەوڵتەکاندایە، چونکە دینی فیطرەی مرۆڤە و گونجاوە لەگەليدا، زۆربەی خەلکی سەرزەوی کێشەیانه نییە لەگەل ئەو چواردە حەرامکراوەدا، بۆیە پیویست ناکات لە دەستور و یاسادا بنوسرێت دین پەیڕەوبکەن، لەبەرئەوەي ولاتان کاردەکەن لەسەر :

 

یەکەم، دابینکردنی ئازادی هەلبژاردن، کە ئەوە وشەی خودایە لەسەر زەویدا.

دووەم، بەجێهێشتنی پابەندبوون بە دین و حەرامکراوەکان و شەعائیرەکان بۆ دەسەلاتی زەمری تاکەکان خۆیان بە ویستی خۆیان.

 

محمد شەحرور دەڵێت، حەقیقەتە بابەتی و موطلەقەکان لەدەرەوەی مرۆڤن و مرۆڤ تێگەیشتنی نسبی هەیە بۆیان و بەگوێرەی کات و زەمان دەگۆڕێت بەهۆی پێشکەوتنی ئاستی زانیارییەکان.

 

وەکچۆن بوون و مادە و کەون، حەقیقەتی بابەتیین لەدەرەوەی مرۆڤ، و تێگەیشتنی ئێمە بۆیان نسبییە و دەگۆڕێت بە ئاراستەی کامل بوون بە تێپەڕبوونی کات و گەشەکردنی هۆکارەکانی زانیاری، بەهەمانشیوە قورئانیش حەقیقەتێکی بابەتییە لەدەرەوەی مرۆڤ، و تێگەیشتنی ئیمە بۆی نسبییە، وەکچۆن مرۆڤایەتی بەردەوام زانیاری خۆی نوێدەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە بوون و پێکهاتەکانی و وابەستەی لێکدانەوەی پێشخۆی نابێت و تەجاوەزی دەکات، بەهەمانشێوە، لێکدانەوەی مرۆڤەکانی پیشوو بۆ قورئان، كتيبەكانی حەديس و فتوا و فيقه و توراسی ئيسلام، هيجيان مولزەم نییە بۆ مرۆڤی ئیستا و دەبێت تەجاوەزبکریت لەسەر بنەمای زانیاری ئیستا خويندنەوە بؤ قورئان بكريت.

 

هەروەها دەڵیت، هەر لەبەرئەوە پێغەمبەر کتێبی بۆ تەفسیر و حەدیسەکانی نەنوسییوە، چونکە دەیزانی ئەگەر وای بکردایە، ئەوا خەڵکی پابەندی كتێبێكي سنوردار و نسبی دەبوون لە دانراوی بەشەر، لەکاتێکدا کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت وەک خودا کتێبێک دابنێت بۆ هەموو کات و شوێنێک بشێت تا رۆژی قیامەت، چونكە توانا و زانيارييەكانی مرؤڤ وەك خودا بێسنور نييە، بەلَكو نسبيي و سنوردارە و بؤ ئەوە نابێت كتێبی پێ دابنرێت كه بؤ هەموو كات و شوێنێك بشێت تا قيامەت.

 

دەلێت هەموو ئایەتەکانی پەیوەست بە جیهاد و قیتال لە قورئاندا پەیوەستن بەزەمەنی پێغەمبەر وەک نەبی، واتە پێغەمبەر لەکاتی ژیاندا، نەک بۆ ئیمەی مرۆڤی ئیستا، چونکە لە قورئاندا داواکراوە ئیمە شوین ناونیشانی رسولی پێغەمبەر بکەوین نەک ناونیشانی نەبی، دەلێت سەرجەم ئەو ئایەتانە هەمووی لەچوارچیوەی قەصەصی نەبی محمـدە بۆ ئیمە، نەک ریسالەی رەسول و تەشریعی دین بن بۆمان.

 

هەروەها باسلەوەشدەکات کە ئایەتەکانی قیتال لە قورئاندا بۆ سەپاندنی خوداپەرستی و بڵاوکردنەوەی دین نەبووە، بەڵکو بۆ نه‌هێشتنی ستەمکاری بووە، کە قورەیش ستەمیانکرد لەپێغەمبەر، لەمەککە دەریانکرد لەسەر هەڵبژاردنی ئازادانەی بیروباوەڕ.

 

دەلێت بنەمای ئایەتکانی قیتال پەیوەست بووە بەم ئایەتەوە:

فَإِنِ انْتَهَوْا فَلَا عُدْوَانَ إِلَّا عَلَى الظَّالِمِينَ (193) سورة البقرة

واته‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵگرت له‌سه‌ر (قیتال، ده‌رکردن، چه‌وساندنه‌وه‌ له‌سه‌ر باوه‌ڕ) ئه‌وا ئێوه‌ش وازبهێنن له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یان، وه‌ڵامدانه‌وه‌تان نه‌بێت بۆ سه‌ر که‌س، کارتان به‌سه‌ر که‌س نه‌بێت، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت که‌ سته‌مکار و زۆردارن.

 

لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا دکتۆر محمد بنەماکانی دەستورێک دادەنێت کە بریتی بێت لە:

- دەستورێکی مەدەنی دیموکراتی لیبڕالی تەعەدودی و ئازادی بیرورا

- هیچ زۆرکاری و تەدەخولی نەبێت بۆ کاروباری شەخسی مرۆڤەکان وەک دین

- رێز لەهەموو مرۆڤەکان بگرێت بێ هیچ جیاوازییەک و کاربکات بۆ دابینکردنی ژیان ئازادی هەلبژاردن و ماف بۆ هاولاتییەکانی چ باوەڕداربن یان بێ باوەڕ.

- ريگریکردن لە سەرهەلدانی سێ ستەمکاری، کە لە قورئاندا وەک دیاردە ئاماژەیان پێکراوە:

یەکەم، ستەمکاری سیاسی، کە بە فیرعەون ئاماژەی پێکراوە، کە کورسی حوکم داگیردەکات و دەلیت مولک و مال و ژیانی خەلکی هی منە و بەویست و ئارەزووی تەحەکومی تیدا دەکات.

دووەم، ستەمکاری دینی، کە بە هامان ئاماژەی پێکراوە، کە دین لەسەر خەلک زیاددەکەن و خۆیان دەکەن بە وەکیلی خودا و خەلک دەسەمۆدەکەن بۆ دەسەلاتی سیاسی و هالەی تەقدیس لەدەوری دەسەلاتی سیاسی دروستدەکەن.

سێیەم، ستەمکاری ئابوری، کە بە قارون ئاماژەی پێکراوە، کە کاردەکات لەسەر کوشتنی ئابوری خەلکی و ئیحتیکارکردنی .

 

محمد شەحرور جیاوزی نێوان دین و دەسەڵات بەم خالانە دەکات:

- پابەندوون بە دین ئارەزومەندانەیە و وابەستەیە بەدەسەلاتی زەمیری تاکەکەس،

 بەڵام دەسەلات پابەندوون پێوەی ئیلزامییە بۆ ریکخستنی کۆمەلگا.

 

- دین، دەجێتە ناو ژیانی تایبەتی کەسەکەوە،

 بەلام دەسەلات تەدەخول ناکات لە ژیانی تایبەی کەسەکان.

 

- دین زۆرکاری تیدا نییە و هەلگری ئامرازەکانی زۆر کاری نییە،

بەلام دەسەلات پیويستە ئامرازەکانی زۆرکاری هەبیت وەک پۆلیس، ئەمن، یاسا و سزادان بۆ رێکخستن و پارستنی کۆمەڵگا.

 

- دین مەنع ناکات تەنها حەلال و حەرام دەکات و مرۆڤ ئازاددەکات بەوەی کە پابەند دەبێت یان نا، مەنع وابەستەی دەسەلاتی خاون ئیکراهە.

بەلام دەسەلات حەرامکردن ناکات، بەلکو ئەمر و نەهی و مەنع دەکات لەپێناو رێکخستنی کۆمەلگا.

- دین حەلالکراوەکان کۆت ناکات،

بەلام دەسەلات حەلالکراوەکان ریکدەخات بەپیی پێداویستی کۆمەلگا.

 

- دین مرۆڤ دەبات بۆ خۆشبەختی دنیا و دواڕۆژ،

بەلام دەسەلات تەنها گرنگی دەدات بە خۆشبەختی و مافی هەلبژاردنی ئازادانە بۆ مرۆڤەکان و ریکخستنی ژیانی دنیا.

 

دەڵیت ئەگەر ئەو دوانە تێکەڵ ببن، ئەوا ژیان تێکدەچێت و ستەمکاری سیاسی دینی دروستدەبێت، کە مەترسیدارترین جۆری ستەمکارییەکانە.

 

د.محمد باسلەوەشدەکات کە پەیوەست بەدەسەڵات، دوو جۆر بەکارهێنانی دین هەیە:

یەکەم، ئیسلامی سەلەفی و صۆفی، دین دەکەنە ئامراز و بەکاردەهێن بۆ پارستنی دەسەلات و دروستکردنی هالەی تەقدیس بەدەوریدا و کردنی بەوەلی ئەمر و بەمەڕکردنی خەلکی بۆ دەسەڵات، تا دەسەلات بتوانێت بە رۆژی رووناک مال و سامانیان تاڵان بکات و جەلد و فەلاقەیان بکات، خەلکی ئەوەی لەسەریانە سەبرگرتن و سەمع و طاعەیە، و بەدرێژایی دەسەڵاتی خەلیفەکان کۆمەڵێک مەلا و هامان و کاهین ئەمە کاریان بووە.

دووەم، ئیسلامی سیاسی کە دین دەکەنە ئامڕاز و بەکاری دەهێنن بۆئەوەی بگەنە کورسی دەسەڵات، تا لەو ڕێیەوە ببن بە ئامر و ناهی بەسەر خەلکەوە بەپاساوی سەوقکردنی خەڵکی بۆ بەهەشت ئەوەی پیان باشە بیکەن و خۆیان لەخەلک بکەن بە وەکیلی خودا.

 

د. محمد، یەکلایی دەکاتەوە، کە دین وابەستەیە بە دەسەڵاتی زمیری تاکەکەس، پەیوەست نییە بە دەسەڵاتی دەوڵەت و جەماعات و مرۆڤەکانی ترەوە، چونکە خودا لە دواڕۆژدا لەسەر پابەندبوونی ئارەزوومەندانەی مرۆڤ پاداشت دەدات.

 

بیگومان ئەم کورتە وتارە ناتوانێت حەقی خۆی بدات بە کتێبەکە، هیوادارم ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە پەیوەندی نێوان دین و دەسەلات تێبگەن و ئەوانەی لەخەمی دەستور و داهاتووی کوردستاندان سوود لەو کتێبە وەربگرن.

 

كتيبەكانی د.محمد لە هەندێک کتێبخانەی کوردستانیشدا هەیە، هاوکات لە رێگەی سایتی میدیافایل دەتوانیت کتێبەکانی دابگریت، بۆئەوەش کلیک بکە لەو ئەدرەسەی خوارەوە، کە لینکی سایتی میدیافایلە، کە سایتەکە کرایەوە، کەمێک چاوەڕوان بکە، تا لاکێشەی داونلۆد ئامادەدەبێت، کە ئایکۆنی لاکێشەیەیی سەوزە، تیادا نوسراوە:

 

Download (56.74 MB)

 

کلیک بکە لەو ئایکۆنە لاکێشەیە، بەوەش لە فۆڵدەرێکی زیپکراو سەرجەم کتێبەکانی د.محمد دادەبەزێت، کە تیادا کتێبەکان بە فایلی PDF هەیە و کتێبی (الدين والسلطة)ـشی تێدایە.

 

کلیک لەم ئەدرەسە بکە بۆ داگرتنی کتێبەکانی:

http://www.mediafire.com/download/oqtc7rztsyvvmg9/%D9%85%D8%AD%D9%85%D8%AF+%D8%B4%D8%AD%D8%B1%D9%88%D8%B1.rar

 

بەوهیوایەی بەسوود بێت.

 

--

---
‏تلقيت هذه الرسالة لأنك مشترك في مجموعة "گۆڤاری ئه‌له‌كترۆنی ئاگانامه aganamamagazine" في مجموعات Google.
لإلغاء الاشتراك في هذه المجموعة وإيقاف تلقي رسائل الإلكترونية منها، أرسل رسالة إلكترونية إلى This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it..
للمزيد من الخيارات، انتقل إلى https://groups.google.com/d/optout.

  1. This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.