لەدوای ساڵی 1992 و هاتنی دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان، یەکێک لەو پرسانەی کە دوو حیزبی بەناو دەسەڵاتداری سیاسی لە هەرێمی کوردستان واتە یەکێتی و پارتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە، ئیسلامییەکانی کوردستانن، جا چ حەرەکەی ئیسلامی بووبێت، یان (جندالاسلام)، بزووتنەوەی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و دواتریش یەکگرتووی ئیسلامی و هەروەها رەوتە سەلەفییەکانی کوردستان.

 

زۆر جار هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی لەگەڵ ئەو حیزبانە گەییشتوونەتە ئاستی شەڕ و پێکدادان کە ئەو گرژیانە تا ساڵی 2003 و رووخانی سەدام و گرتنەوەی ناوچەی هەڵەبجە و هەورمان لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان درێژەی هەبوو چونکە پێش ئەوە هەڵەبجە لەلایەن ( حەرەکەی ئیسلامی) و هەورامانیش لەلایەن (جندالاسلام)ەوە کۆنتڕۆڵکرابوو و ئەو ناوچانە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی بەڕێوە دەچوو.

 

لەدوای ساڵی 2003-ەوە جندالاسلام بوونی نەما و (حەرەکەی ئیسلام)یش بوو بە دوو لەتەوە کە کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی لێکەوتووە و ئەوانیش هاتنە سەر رێچکەکەی یەکگرتووی ئیسلامی و لە حیزبێکی چەکدارییەوە بوون بە حیزبی پەرلەمانی.

 

ئەوکاتەی ئەو حیزبانە چەکدار بوون لە ناوچەیەکی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی خۆیان سەپاندبوو، بەڵام بە هاتنە نێو پەرلەمانی کوردستان بەیەکجاری بەناوی شەرع و ئایینەوە توانیویانە بەشیکی زۆر لە بیرو باوەڕی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن و ئەوەی بە چەک پێیان نەکرا ئێستا بە میدیا و پەرلەمان و مزگەوت و مینبەرەکانیان خەریکە دەیکەن.

 

چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلامی بۆ سەرچاوەی یاسادانان لە دەستووری هەرێمی کوردستان کە وەک سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت" لادانی خەونە و جێی قبوڵ نییە" سەپاندنی هەژموونی ئیسلامییە بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا، هەرچەندە یەکێتی و گۆڕان و بەشیکی زۆری پارتیش چەندین ساڵە کار بۆ ئەوە دەکەن ئیسلامی سیاسی و توندڕەو لە کوردستان دوور بخەنەوە، ئەو راستییە دەردەخات کە هێزی یەکەمی گۆڕەپانەکە ئیسلامییەکانن نەک حیزبە عیلمانییەکان.

 

راکێشانی هەست و سۆزی خەڵک بەرامبەر ئازادییەکانی تاک لە کۆمەڵگا، راکێشانیان بۆ سەر شەقامەکان و هەڕەشە و گوڕەشە لە دەسەڵاتی سیاسی لەبەرامبەر بەزاندنی سنوورەکانی شەرع و ئەو باوەڕە ئیسلامییەی کە ئەوان لێکدانەوەی بۆ دەکەن، کارتێکی بەهێزە لەدەست ئەو حیزبە ئیسلامیانە و لەهەموو قۆناخەکان و لەبەرامبەر هەموو ئەو شتانەی بە دڵی ئەوان نەبووبێت، بەکاریان هێناوە.

 

لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی 2013-ی پەرلەمانی کوردستان و نەمانی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان( بەناو ) سەپاندنی هەژموونی هێزە ئیسلامییەکان لە یاساکانی پەرلەمان و لەبەرامبەر ئازادییەکانی تاک، بە روونی دیارە، ئەوەی کە جێی سەرسوڕمانە هیزەکانی وەک یەکێتی و گۆڕان کە هەمیشە دژی ئەو هەژموونە راوەستاون، ئێستا بەبێ دوودڵی گۆڕەپانەکەیان بۆ ئیسلامییەکانی کوردستان جێهێشتووە و ئەوانن کە بەناوی ئایین و شەرع و ئیسلام، ئەوەی بیانەوێت دەیکەنە یاسا و ئەوەی نەیانەوێت، چاوی لێ سووردەکەنەوە و لە راگەیاندنەکان دەیکەنە هەرا و موزایەدەی ئیسلامی دەبەنە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان و لە مزگەوت و مینبەرەکانەوە یاساکان پەسەند دەکەن یان نایەڵن پەسەند بکرێت.

 

ئەو هەڵوێستانە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب، دەستووری هەرێمی کوردستان و دانانی ئیسلام وەک بنەمای یاسادانن لە دەستوور، گواستنەوەی خوێندنگا ئایینییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف بۆ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و لەم دواییانەیش باسی قەرزی نیودەوڵەتی لە پەرلەمانی کوردستان، کە لەلایەن ئیسلامییەکانی کوردستانەوە بینرا، روانگەیەک دێنێتە پێش چاو کە داهاتووی کوردستان دەیەوێت بەرەو کوێ بڕوات؟ ئەوەی کە روونیشە (تەنازول) کردنی یەکێتی و گۆڕان و پارتییە لەبەرامبەر هەڕەشە و گوڕەشەی ئەو حیزبانە، چونکە ئەوان لەهەر هەنگاوێک کە سەرکەوتوو دەبن، هەنگاوێکی دیکە بە خێرایی دەهاوێژن و ئەوەی کە دیارە ئەم شیوازە ئەگەر بەردەوام بێت، کۆماری ئیسلامی کوردستان لە چەند ساڵی داهاتوو زۆر دوور نابێت.