هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسی هەیە، ئەم ئێرادەیە پێویستە هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بێت کە بزوتنەوەکە سەری تییادا هەڵداوە، بە درێژایی تەمەنی بزووتنەوەی رەوای نەتەوەی کورد ئەم ئیرادەیە هەبووە و لەم ناوەندەدا هاوکات لە تەک ئەوەی کە دووچاری هەڵکشان و داکشانێکی زۆر هاتووە، گەلێک قوربانی لە پێناو ئەم ئیرادەیەدا داوە، بەڵام تا ئیستا لە هیچ کام لە قوناخەکانی بزووتنەوەی رەوای نەتەوەکەماندا بەدی نەکراوە کە هیچ کات بە ئەندازەی ئیستا بزووتنەوەی کورد بەو رادەیە دووچاری داڕزان هاتبێت، داڕزان بەو مانایەی کە هێزیکی بە ئیستلاح سیاسی بەشێک لە نیشتمانەکەمان لە سەر خەت و فکری سیاسی داگیرکەرانی کوردستان بە گشتی و کۆماری ئیسلامی ئێران داگیرکاری رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بڕوات و بەتەواوەتی لە خزمەتی ئەوان دابێت، ئەمە جێگای داخە کە داگیرکارانی کوردستان دوای نزیک بە سەد ساڵ هەوڵدان ئامانجەکەی خۆیان پێکا و بزووتنەوەی بەشێک لە نیشتمانەکەمانیان کردە ئەبزاری موڕاڵە سیاسییەکانی خۆیان، هەر بزووتنەوەیەک ئەبزاری پێویستە، ئەگەر ئەبزاری رووبەروو بوونەوەی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر داگیرکاراندا وەک تێزێک ویست و ئیرادەی بەهێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە، ئانتی تێزی دوژمنانی نەتەوەی کورد کۆنتڕۆڵکردنی هیزێکی کوردی بووە کە لەم چەند دەیەی رابردوودا توانیویانە بەتەواوەتی بزووتنەوەی باکووری کوردستان بکەنە ئەو ئانتی تیزەی کە پێویستان پێی هەبوو بۆ پێکانی ئامانجەکانیان.

هەر لە سەرەتای جێگیر بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان " پەکەکە" لە قەندیل ئەگەر بە وردی خوێندنەوە و تاوتوێ بکرێت ئامانجدار بوونەکەی بە روونی دیارە، لادان لە فکریەتی سیاسی، دەورو رۆڵی تێکدەران لە یەک ریزی خەباتی رەوای گەلەکەمان لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا و دەست تێوەردان لە بزووتنەوەی بەشەکانی دیکە کوردستان و هەوڵدان بۆ بێ بایەخ کردن و تێکدانی کۆنگرەی نەتەوەیی و کوشت و رادەست کردنەوەی پێشمەرگە و تەرمی پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەرخەری ئەم راستییەیە ئەم هێزەی باکووری کوردستان نەخاوەن ئیرادەیەکی سیاسی نەتەوەییە، نە بەرژەوەندی نەتەوەیی بەلایەوە گرنگە، دیارە لەوماوەیەدا ئەم هێزەی باکوور گەورەبوونێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و بەرادەیەکیش بووتە هێزێکی ناسراو لە ناوچەکە و تەنانەت ناوەندە جیهانییەکانیش، بێ گومان ئەمەش بێ مەبەست نییە و ویست و ئیرادەی داگیرکارانی کوردستانە کە ئەم هێزە لەم ماوە کەمەدا ببێتە خاوە ئەو هێز و ئیمکانیاتە ماڵییەی کە بتوانێ ئەوها دەرورۆڵێک بگێڕێت، بەواتایەکی دیکە پەکەکە هەوڵی خۆبە والی کردنی سەردەمانی عوسمانی کۆن لە ترکیەی نوێدا ئەدات.

کردەوەکانی پەکەکە لەم چەند دەیەی رابردوودا سەلمێنەری ئەو واقیعەن کە ئەم پارتەی باکووری کوردستان جێگای هیچ متمانەیەکی نەتەوەیی نییە و بەڵکوو زیاتر لە حەدی چاوەڕوان نەکراودا بۆ سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان مەترسیدارە، بەواتایەکی دیکە بەرمیلە باڕووتی شەڕی براکوژییە کە تا ئیستا چەندین جار هەوڵی داگیرسانی داوە بەڵام پارتە سیاسییەکان کوردستان بەگشتی و رۆژهەڵات بە تایبەتی لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و دەسکەوتەکانی کورد لە باشووری کوردستان خۆیان لەم کردەوە دژە شۆڕشەی پەکەکە بە دوور گرتووە، ئەمەش بەو مانایە نییە کە رێگا بە پەکەکە بدەن بە کەیفی خۆی لە گۆڕەپانی خەباتی رەوای گەلەکەماندا ئەسپی خۆی تاو بدات، پێویستە گەورە بەرپرسانی فیتنە لە پەکەکە حەدی خۆیان بزانن و لەم واقعە بگەن بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بزووتنەوەیەکی هەرەمەکی نییە و ریشەییە و خاوەن ئیرادەی سیاسی خۆیەتی و هەر وەک چۆن جیا لە یارمەتی و هاوفکری نەبێت دەستێوەردانی بزووتنەوەی هیچ کام لە بەشەکانی کوردستاندا ناکات بە دڵنیاییەوە رێگا بە هیچ هێز و لایەنێک نادات دەستێوەردانی بزووتنەوەی رۆژهەلات بکەن.

پێویستە بەرپرسانی پەکەکە لەوە تێبگەن ئەو ئاژاوەنانەوەی لە ناوچەی کێلەشین سەر بە شاری سەردەشت درووستیان کردووە تەنیا رووی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نییە و رووی لە سەرجەم بزووتنەوەی رۆژهەڵات و لایەنە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستانەو دڵنیاش بن لەوەی کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر تێکهەڵچوونێک کە ببیتە هۆی درووست بوونی شەر براکوژی بەرپرسیارێتی مێژووییان ئەکەوێتە ئەستۆ، بە واتایەکی دیکە سەبر و لێبوردەیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش حەدی خۆی هەیە وئەگەر کۆتایی بەو وەزعە نەهێندرێت ئەوە بە دڵنیاییەوە بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوپوتانسییەل و تواناییە هەیە کە ئەم غودە سەرەتانییە لە لەشی خۆی جیا کاتەوە.

 لە کۆتاییدا ئەگەر پەکەکە خەبات و تێکۆشان لە باکووری کوردستان بە مافی بێ ئەم لاو ئەولای خۆئەزانێ، ئەو مافە پێویستە بۆ بەشەکانی دیکە کوردستانیش بەرەوا بزاندرێت، بەدەر لەم واقعە لە ئەگەری هەر رووداوێکدا بە دڵنیاییە لە پێناو پاراستنی کرامەتی بزووتنەوەی رەوای رۆژهەڵات و شەهیدە سەربەرزەکانی هەموو لە سەنگەری دیموکراتدا ئەبین.

کەماڵ مام خزری

٢٤/٥/٢٠١٥