‌بە تەنیا ھەرێمی کوردستان نا بەڵکو عێراق بەگشتی و ناوچەکەش بگرە تەواوی وڵاتانی جیھان، ئەم قەیرانی ئابورییە بەرۆکی گرتوون دەناڵێنێت بەھۆی ناجێگیری بازاڕ و دابەزینی نرخی نەوت؛ کەم و زۆر کاریگەری لەسەر وڵاتان جێھێشتوە.

‌ھەروەک چۆن شەڕی تیرۆر و داعش بۆتە پرسێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەڵام بەھۆی بوونی ھەرێمی کوردستان لە ھێلی یەکەمی روبەڕووبونەوەی ئەم جەنگە کاریگەری راستەوخۆی ھەبوە لەسەر سەرجەم کایەکانی ھەرێم.

‌راستیەکەی ھەرێمی کوردستان کێشەکانی ھەرئەوانە نین، بەڵکو چەندین قەیرانیتر بەرەو رووی بۆتەوەو، کێشەکەش لەوەدایە چارەسەری قەیرانەکە یان ھیچ نەبێت ھێشتا زۆر دوورین لە رێڕەوی چارەسەری قەیرانەکان، کە دەتوانین ئەو دۆخەی ھەرێم تێیکەوتوە نێوی ببەین بە قەیرانی چارەسەر.

‌ئەگەر ئەو گریمانە راست بێت بەشێکی قەیرانەکان، ھەرێمی و نێودەوڵەتی بن و چارەسەرەکانیش پێویست بە کاری نێودەوڵەتی وھەرێمیی بن. ئەوا بەشێکی گرنگ و کاریگەری ئەو قەیرانانەی بەرۆکی گرتووین، نێوخۆیین و پێویستی بەچارەسەرەو کە لە کۆتایی دا کاریگەری لەسەر کۆی چارەسەر بۆ تەواوی قەیرانەکان دەبێت.

‌قەیرانە نێوخۆییەکان یان راستر کاریگەرترینیان پرسی گەندەڵی، دەستور،  سەرۆکایەتی ھەرێم، وەکێشەی نێوخودی حیزبەکان کە باڵی کێشاوەتە سەرکۆی قەیرانەکان.

‌گومانی تێدانییە ئەم قەیرانە نێوخۆییانە بۆتە ھۆکاری ئەوەی کە ئیرادەیەکی یەکگرتو نەبێت، بۆ وەستانەوە بەڕووی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی ھەرێمی گرتوەو یاخود بەرەو رووی دەبنەوە. وە لەغیابی دامەزراوەیی ھێندەی تر ئەرکەکە قوڕستر بوە؛

‌بۆیە دەکرێت بڵێین ئەوەی ئێستا باشوری کوردستان، لە ھەمبەری دەستەوەستان وەستاوە، دیاردەی قەیرانی چارەسەرە، نەک رێڕەوی چارەسەری قەیران.