ڕۆژی ٩ی نیسان دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دانوستاندن لە نێوان شاندی حکومەتی ئەسەد و ئۆپزسیۆنی سوری لە مۆسکۆ گەیشتە ڕێککەوتنێک لە بارەی قەیرانی سوریا، ئەو قەیرانەی چوار ساڵە گفتوگۆ و دانوستاندنی زۆری لە بارەوە کراوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع شتێکی ئەوتۆ گۆڕانکاری بەسەردانەھاتوو، بە پێی ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ژمارەی قوریانیانی قەیرانی سوریا تا ئێستا گەیشتۆتە ٢٠٠ ھەزار ھاوڵاتی سوری، سەرەڕایی ئاوارە بوونی ملیۆنان ھاوڵاتی، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە قەیرانی سوریا بەیەکێک لە گرێ کوێرە ھەرە ئاڵۆزەکانە ھەم بۆ ناوچەکە و تەنانەن جیھانیش، ئەمەش وای کرد کە بەشار ئەسەد سەرۆکی ڕژێمی سوریا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری (Foreign Affaires )ی ئەمریکی وتی سوریا دڵی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، (Syria is heart of Middle East)، ئەم وتەیەی ئەسەد لەوە سەرچاوەی گرتووە کە دۆخی سوریا کاریگەری فراوانی بەسەر ئاراستە کردنی سیاسەت لەناوچەکە ھەیە .

 

     ڕێککەوتنەکەی ٩ی نیسان خۆی لە دە خاڵ دەبینێـەوە، کۆی خاڵەکانی نێو ئەم ڕێککەوتنە لە ڕێککەوتنی جنیف یەک سەرچاوەی گرتووە، کە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٢ بڕیاری لەسەر درابوو،

 یەکەم// یەکلاکردنەوەی قەیرانی سوریا بە ڕێگەی ئامرازی سیاسیەوە، بە پێی ئەو بنەمایانەی کە لە ڕێککەوتنی جنێف یەک لەسەری ڕێککەوتوون .

دووەم// کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار دەخاتە سەر ھەموو لایەنە عەرەبی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتی یەکان لە پێناو ڕاگرتنی خوێن و توندو تیژییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر . . .

سێیەم// ئەم خاڵە پەیوەندی بە لابردنی سزا ئابوریەکان لەسەر گەڵی سوریا دا ھەیە .

چوارەم// دەرئەنجامی ئەو پرۆسە سیاسیە ھەر چونێک بێت، دەبێت پاڵپشتی لە سیادەی نیشتمانی و ئیرادەی گەڵ بکرێت . .

پێنجەم// دەرئەنجامی پرۆسەکە بەھەر شێوەیەک بێ، دەبێت ھەموو لایەنە پابەندی ڕێککەوتنەکە بن (چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا) .

شەشەم// ھاوکاری پاڵپشتی لە پێناو بەدیھێنانی چارەسەری سیاسی و بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر.

حەوتەم// داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە ھاوکاری زیاتری ئاوارەکان، بارودۆخێکی لەبار بڕەخسێنێت لە پێناو گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان .

ھەشتەم// بنەمای ئەو پرۆسەیەش (ڕێککەوتنەکە) جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە :

- پاراستنی سەروەری نیشتمانی .

- یەکگرتووی گەڵ و خاکی سوریا .

- پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و گەشەپێدانیان .

- ڕەت کردنەوەی ھەر چارەسەرێکی تر کە لەسەر بنەمای نەژادی و مەزھەبی و تائیفی بێت .

- پابەندبوون بە ئازادکردنی خاکی داگیرکراوی سوریا ( ئەو بەشەی کە ڕێکخراوە ڕادیکاڵەکان دایان بڕیوە) .

- تەنھا ڕێگە بۆ چارەسەری سیاسی بریتی لە گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان لایەنەکانی سوریا بەدەر لە دەست تێوەردانی دەرەکی .

نۆیەم// یەکلاکردنەوەی قەیرانی سوریا لە ڕێگەی چارەسەری سیاسیەوە پارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ھەوڵەکان یەک بخرێن بۆ ڕووبەڕووبووەوەی تیرۆر، دەبێت چەک لەدەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت بێت .

دەیەم// داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵی کراوە کە ھاوکار بێت بۆ چارەسەری سیاسی تەواو بۆ قەیرانەکە و ئەم بەیەک گەیشتنەی مۆسکۆش وەک کۆنگرەی جنێف سێ دادەنرێت .

    ئەگەرچی لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو ئەوە سێیەمین ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیە کەلەبارەی قەیرانی سوریا کراوە، بەڵام چارەسەر قەیرانەکە زۆر لەوە ئالۆزتر کە ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆکان ڕێککەوتنی لەبارەوە کراوە، ھەر ڕاستەوخۆ دوای ڕێککەوتنەکە یەکێک لە ئەندامانی شاندی حکومەتی سوریا ووتی ئۆپزۆسیۆن ترسنۆکە، ئەمە بۆ خۆی ئەم ڕێککەوتنە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لێرە بە پێی تیڕوانینی ئێمە بە پشت بەستن بەو واقیعەی کە ئێستا ھەم سوریا و ھەمیش ناوچەکە و جیھان پێیدا گوزەر دەکات دەکرێت دوو جۆر خوێندنەوە بۆ ڕێککەوتنەکە بکەین، خوێندنەوەیەکیان ( گەشبیانەیە بۆ ئیدارەدانی قەیرانەکە) کە بریتی یە لە وەی کە دۆخی سوریا لەژێر ھەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) ئەمە دەروازەی بەیەکەوە کارکردنی ئۆپزسۆن و حکومەت لەیەک نزیک دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بە پێی ئەو ڕێککەوتنە دۆخی سوریا ئاراستە بکەن، بەڵام ئەمەش ئاسان نییە ھەر یەکە لە حکومەت ئەسەد و لایەنەکانی ئۆبزسیۆن ئەوەندە متمانە یەکتری بکەن چونکە لە ڕابردووش ڕێککەوتنەکان شکستیان خواردووە، ئەم شکست خواردنەش ئاکامی کاریگەری ھەندێک ھێزی تری ئیقلیمی بووە کە یاریکەری سەرەکی بوونەوە لە گۆڕەپانەکە، دیاترینیان ئێرانە، کە پاڵپشتی تەواوی لە حکومەتی ئەسەد دا کردووە لە پێناو مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات، بەڵام لە ئێستا دا ئێران جۆرێک لەئاسایی بوونەوەی پەوەیندییەکانی لەگەڵ خۆرئاوا بەدی دەکرێت بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا، کە پێشتر ھەر یەکە لە ئەمریکا و ئێران خاوەن دوو بۆچوونی تەواو لەیەکتر جیاواز بوون بۆ ئیدارە دانی قەیرانی سوریا، بەڵام ماوەیەک لەمەو بەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بژاردەی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی ئەسەدی خستە بەر باس، ئەم وتەیەی وەزیری دەروەی ئەمریکاش دەنگدانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، لێک نزیک بوونەوەی نێوان ئێران ئەمریکا لەم ڕووەوە دەکرێت بە شێوەیەکی ئیجابی سەیر بکرێت لە پێناو گفتوگۆکردنی نێوان حکومەتی بەشار ئەسەد و ئۆپزسۆن لە سوریا، خوێندنەوەی دووەم بابەتەکە ( خوێندنەوەیەکی ڕەشبینانەیە) ئەمەش خۆی لە پرسی کاریگەری ھێزە دەرەکیەکانە لەسەر قەیرانی سوریا، ھەر لەسەرەتای قەیرانەکە زۆر بە ئاشکرا کاریگەرییەکانی ھێزە دەرەکیەکان لەسەر قەیرانی سوریا بەدی کراوە، ئەمەش ھێندەی دۆخەکەی ئالۆزتر کردووە، لەبەر ئەوەی ئەو ھێزانەی کە لەدەروەی خاکی سوریا بەلام لەسەر خاکی سوریا شەڕی بەرژەوەندی دەکەن، ئەمەش خۆی لە دوو ئاست ددەبینێتەوە ئاستێک ھەریمایەتی و ئاستێکیش جیھانییە، بۆیە قەیرانی سوریا تا درێژەی کێشاوە، ھەروەھا خالێکی تر کە وا دەکات بە شێوەیەکی ڕەشبینانە لە پرۆسەکە بڕوانرێت بریتی یە لەوەی کە لایەنە ئۆبسیۆنەکان دووپاتی لەسەر دەکەنەوە ئەویش گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە لەسەر ئەکتەرە دەرەکیەکان لە پێناو یەکلاکردنەوەی قەیرانی سوریا، ئەمەش بەجۆرێک لە جۆرەکان پێچەوانە دەبێتەوە لەگەڵ ئەو بنەمایانەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، کە لە خاڵی ھەشتەم جەختی لەسەر کراوەتەوە، ئەویش بریتی یە لە گفتوگۆی نێوان لایەنە ناوخۆییەکانی سوریا بەبێ دەسوەردانی دەرەکی بۆ چارەسەری قەیرانەکانی وڵات .