ئەوەی كە پیاو شایستەی زۆر ڕەخنە و سەركۆنەیە، هیچ گومان و نكۆڵی هەڵناگرێت، بەڵام ئایا ئەو پیاوانە لەتەك لەدایكبووندا بەو جۆرەن و دارای ئەو كەسایەتییەن و بەشێكە لە سروشتییان و سروشتیان لە سروستی دایكیان جیاوازە؟

 

ئەی ئەوە چییە كە ساوایەكی نێرینەی فریشتە دەكات بە منداڵیكی توندوتیژ و پیاوێكی نێوگەڵبرسی و چەپاوڵگەر و پاوانگەر و خۆسەپێن و سەركەوتگەر و ژنكوژ ؟ ئایا هۆرمونەكانی ژاراویدەبن یا گۆڕانێكی فیزیكی و ئۆرگانیك لە جەستە و مێشكیدا ڕوودەدات؟

 

ئەگەر كەمێك سەرنجی پیاوان بدەین، ئەوا دەبینین كە لە ڕووی كەسایەتی و كۆمەڵایەتییەوە دەبن بە دوو دەستەوە؛ كەمینەیەكی زۆر كەم، كە بیردەكەنەوە و خەریكی كایەی هۆشین و سێكس بۆ ئەوان وەك هەر پێداویستییەكی دیكەی جەستە و دەروون ئاسایی كات و وزەیان داگیردەكات، لە بەرانبەردا زۆرینەیەكی زۆر، كە سێكس و خواردن و دەسەڵات هەموو ژیانی داگیركردوون و بێجگە یەكێك لەوانە یا ئەوانە، هیچی دیكە لە ژیانیاندا بوونی نییە.بەڵام بەو جۆرەی لە سەرەتادا پرسیم؛ ئایا ئەو كەمینە هۆشمەند و زۆرینە ئاڵۆشاوییە هەر لە لەدایكبوونەوە ئاواهین و ئاوابوون؟

 

ئەی دابەشبوونی ژنان لە هەمان كۆمەڵدا چۆنە؟

 

ئایا بەپێچەوانەی پیاوانەوە هەموو ژنان خەریكی كایەی هۆشیین و گیرۆدەی چڵێسی سێكس و خواردن و دەسەڵات نەبوون؟ ئایا ئەوان لە كایەی ئاڵۆشبازیدا هیچ ڕۆڵیان نییە؟ ئایا ئەوان دەوڵەمەندیی و چەپاوڵ و پاوانگەریی لە كڕۆكە مرۆییەكەیان كەوڵینەكردوون؟

 

ئایا دایكان وەك باوكان كوتەككاریی منداڵانیان ناكەن، ئایا خوشكان وەك برایان كوتەككاریی خوشك و برا گچكەكانیان ناكەن؟ ئایا ژنانی ئیسلامی وەك پیاوانی ئیسلامی منداڵان بە دۆزەخ ناترسێنن و هەموو پرسیار و سەرنجێكیان تێدا ناكوژن؟ ئایا فێركارانی ژن وەك فێركارانی پیاو فێریارەكانیان كوتەككاریی جەستەیی و دەروونی ناكەن؟ هەروەك ئەوان بە دەمارگیریی ئایینی و ناسیونالیستی و شۆڤێنیزم و فاشیزم گۆشیانناكەن؟ هەروەك ئەوان یەزدان و دەوڵەت و باوك پیرۆزناكەن؟ ئایا ژنانی ڕامیار و پارتییچی وەك پیاوانی ڕامیار و پارتییچی ژێردەستان بۆ خۆشباوەڕبوون ڕاناكێشن و نایانكەنە كۆیلەی پارتایەتی، منداڵان ناچەپێنن؟ ئایا ژنانی دەسەڵاتدار وەك پیاوانی دەسەڵاتدار فەرمانی سەركوتی خەڵك نادەن؟ ئایا ژنانی سەرمایەدار وەك پیاوانی سەرمایەدار كرێكار و جوتیار و فەرمانبەر و كرێچی و ..تد ناچەوسێننەوە؟ ئایا ژنانی پۆلیس و ئەمن وەك پیاوانی پۆلیس و ئەمن خۆنیشاندەران سەركوتناكەن؟ ئایا ژنانی نێو دەزگە سیخوڕییەكان وەك پیاوان سیخوڕیی ناكەن؟ ئایا ژنانی دەڵاڵی بازار و دەسەڵات و پارتایەتی وەك پیاوانی دەڵاڵ تاكە ناچارەكان بۆ سەروەران و سەرمایەداران دەستەمۆناكەن؟

 

لێرەدا پێش ئەوەی خوێنەری پاساودەر بیەوێت بابەتەكە بەرەو لایەكی دیكە بەرێت یا تۆمەتبەخشیی بكات، پێویستە ئەوەش بۆ بابەتەكە زیادبكەم، كە

- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی كوشتن بێت، تەنانەت كوشتنی دڕندەترین ئاژەڵێش!

- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی جەنگ و سەركوت و لەسێدارەدان و زیندانیكردن بێت!

- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی پلە-چەندیی و سەركوتكردن و كوشتنی ژنان !

- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی چەندژنە و یاسای کێرسالانەی پارلەمانی هەرێمی كوردستان بێت!

- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی زاڵیی و سەروەریی پیاوان بێت!

- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی توندوتیژی بێت!

- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی سەروەریی هیچ چین و توێژ و دەستە و خێزان و کەسێك!

 

ڕاستییەکەی ئامانجی من لێرەدا لە بەراوردكردن و ڕیزكردنی ئەو پرسیارانەدا پشتیوانی هیچ پیاوێك نییە، بەڵكو ئامانجم هاندانی پیاوان و ژنانی ڕەگەزپەرستە [سێكسیستە] بۆ بیركردنەوە و دەربازبوون لە دەمارگیرییی خودنێوەندبوون، كە ئەوە بنەما كولتووریی و ئابووریی و ڕامیاریی و ئایننییەكانن مرۆڤ ئاوا دەبەنگ و ئاراستەدەكەن، تا سووكایەتی بە كەسێك بكات و بە نیوە و لاواز و كەمهوشی بزانێت، كە خۆی لە ئەو بووە و بۆجارێكیش لەخۆی ناپرسێت؛ چۆن دەكرێت منی هۆشمەند لە دایكێكی كەمهۆش دروستببم؟ هەروەها ئەوانەی پیاو بە سروشت تاوانبار دەزانن، ناپرسن چۆن دەكرێ پیاو لە ژن بێت و سروستی لە ژن جیاوازبێت؟

 

ئایا وەها كەچییەك لە بیركردنەوەدا بۆ ئەو بۆچوونە نادروستە ناگەڕێتەوە، كە پێیوابوو منداڵ لە پشتی پیاوەوە دروستدەبێت و ڕۆڵی ژن تەنیا هەڵگرتنی كۆرپەكەیە بۆ ماوەی نۆمانگ و دەبەنگی ئایینی بواری دیتنی هێلكەی ژنی وەك بەشی سەرەكی و یەكەمی كۆرپەلە نەدابوو؟

 

بەبۆچوونی من بۆ خۆڕزگارکردن لە جاڵجاڵۆکە و تەلیسمی خۆشباوەڕییەکان، پێویستە وەڵام بەم پرسیارە بدەینەوە: ئەی ڕۆڵ و هەوڵدانی ڕامیاران بۆ دەبەنگهێشتنەوەی تاك و توێژ و چینی ژێردەست [پڕۆلیتێرەكان] و خەریككردنیان بە خێڵگەریی و ناوچەگەریی و شارچیەتی و نەتەوەچییەتی و ڕەگەزەپەرستی و نەژادپەرستی و شۆڤێنیزم و فاشیزم و خۆشباوەرهێشتنەوەیان بە پێداویستبوونی مانەوەی سەروەریی و سیستەم و بەرێوەبەرایەتی چینایەتی [دەوڵەت]، لەم بارەوە چی بووە و چییە؟

 

www.hejeen.wordpress.com

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

١٧ی ئازاری ٢٠١٥