لەوانەیە لە ساڵانی ڕابوردوودا ئەم بابەتەم زۆر وروژاندبێت، لەبەرئەوە لەوانەیە بۆ هەندێك لە خوێنەران وەرسکەر بەرچاوبکەوێت. بەڵام ڕاستییەکەی ئەم بابەتە وروژاندنی زۆرتری دەوێت، کە بەداخەوە ئەوەندەی لێدوانەکان بۆ لێکدانەوەی جیاوازی و پەیوەندی واژەکانی (کۆمەڵگا) و کۆمەڵگە) تەرخاندەکرێن، هێندە و تەنانەت هیچ کات بۆ جیاوازی و جیاکردنەوەی واژەکانی (کۆمەڵ) و ( کۆمەڵگە) تەرخانناکرێن.

 

(کومەڵگا / کۆمەڵگە) واتە شوێنێك کە کۆمەلێك بوونەوەری لەسەر یا تێدا دەژین، واتە شوێنی کۆوەبوون و کۆمەڵبوونی بوونەوەرەکان، لێرەدا مەبەست لە مرۆڤەکانە.

 

(کۆمەڵگا) کە بە ڕەچەڵەك واژەی (کومەڵگا)ی هۆرامییە و وەك ئەم واژانەی دیکە ئاماژەیە بۆ شوێنی شتێك : دەگا / ئاتەشگا/ ئایەرگا / دەگاگا / خانەگا/ ئارامگا / لادەگا / هاڵاوگا / ئاساوگا / سۆروگا/ . . . تد، بە پێچەوانەی خوێندنەوەی نووسەرانی سۆرانیزمان یا کوردی-سۆرانی، کە پاگەندەی (پەهلو/فارسی)یبوونی پاشگری (گا) وەك ئاماژەی جێگە، ئەم پاشگرە هۆرامییە و زمانی هۆرامی ئەگەر لە پەهلو کۆنترنەبێت، ئەوا دەستەخوشکی پەهلو و دمڵی و (زازاکی)یە وەك زمانە کۆنەکانی ئەم دەڤەرە. لێرەدا ناچمە سەر هۆکاری نەبینین ئەو ڕاستییە و نادیدەگرتنی ڕەچەڵەکە هۆرامییەکەی ئەو پاشگرە شوێنییە و بۆ بابەتێکی دیکەی هەڵدەگرم، کە تایبەت بێت بە ئامادەیی و خۆدەربڕینی شۆڤێنیزم لە زمان و کایە کولتوورییەکاندا.

 

ئەگەر سەرنجبدەین تەواوی دەزگە میدیاییە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان و زۆرینەی نووسەران و ئەوانەش کە کراونەتە کەڵەگای ڕۆشنبیریی کوردی "کەڵە ڕۆشنبیران"، لەجیاتی واژەی (کۆمەڵ) واژەی (کۆمەڵگا / کۆمەڵگە ) بەکاردەبەن و بەخۆشم ڕۆژگارێك لەژێر هەژموونی ئەو نەزانییەدا بەهەڵە بەکارمبردووە، بەڵام چەند ساڵێکە لە نووسینەکانمدا هەوڵی ڕاستکردنەوە و بژارکردنی دەدەم.

 

لێرەدا بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم پرسە، پێویستە پرسیارێك ئاراستەبکەین و خۆبەخۆ دەبێت ئەم پرسیارە لە خوێندنەوەی هەر دەقێکی کوردیدا [لە هەموو زمانە کوردییەکاندا]، ئەگەر (کۆمەڵگا / کۆمەڵگە ) بەواتای (کۆمەڵ) بەکارببرێت، ئەی بە شوێنی ژیان و کۆبوونی مرۆڤەکان چی دەگوترێت و دەتوانین چی بەکاربەرین، ئایا دەتوانین بنووسین (کۆمەڵگاگا / کۆمەڵگەگە ) ؟

ئەی واژەی (کۆمەڵ) بە چ واتایەك دێت و دەتوانین بۆچی بەکاربەرین؟

 

تکایە بۆ تێگەییشتن و ڕۆشنبوونەوەی زیاتری مەبەستەکە، سەرنجی ئەم چەند نموونەیە بدەن:

- کۆمەڵگا/کۆمەڵگەی ئێمە لە بواری ڕۆشنبیریی و زانستدا دواکەوتووە.

- چۆن دەتوانی ئەم کۆمەڵگایە/ کۆمەڵگەیە بەرەوپێش بەرین؟

- کولتوور و ڕۆشنبیری و زمانی ئەم کۆمەڵگایە/کۆمەڵگەیە دەوڵەمەندە.

- پشێوی لە کۆمەڵگاکانی/کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناویندا بەردەوامە.

- ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگاکەمان/ کۆمەڵگەکەمان ئەرکی هەموومانە!

 

پرسیار :

- کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە دواکەوتوودەبێت یا کۆمەڵ ؟

- کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە پێشدەکەوێت یا کۆمەڵ ؟

- کولتوور و ڕۆشنبیری و زمان تایبەتمەندیی (کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە)ن یا تایبەتمەندیی کۆمەڵ ؟

- ئەوە (کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە) تووشی بشێویی دەبن یا کۆمەڵ؟

- ئەگەر کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە بەواتای کۆمەڵی مرۆڤەکان بێت، چۆن ئاوەداندەکرێتەوە؟

 

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕامیاران چی دیکە زمان و ئاخاوتنی خەڵك تێکنەدەن و جیاوازی نێوان مرۆڤ و شوێنەکەی بکەن؟

١٥ی ئازاری ٢٠٠١٥