لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نەگریسی عێڕاق وئێراندا، کۆمەڵێک لە خەڵکی عێڕاق ئەو شەڕە کاولکارەیان ڕەتکردەوە، بۆیە بەر شاڵاوی گرتن بوونەوە. لەکوردستان و کەرکووکیشدا لە ساڵی 1981 بەمەبەستی فشارخستنە سەر شۆڕش و پێشمەرگە چەندین خێزانی تێکۆشەر، کە کوڕەکانیان لە شاخدا پێشمەرگە بوون گیران، لەوانەش ماڵی ڕەزا کەبابچی، ماڵی ئازاد هەورامی، ماڵی مەلا شوکور، ماڵی عەلی خەلیفە، ماڵی مام عەبدولڕەحمان، ماڵی ئەحمەد دڵزاری شاعیر( داوای لێبوردن لەو خێزانانە دەکەم، کە ناوم نەبردوون) ئەم خێزانانە لە سەرەتادا لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک، دوایی بۆ بەغدا و ئینجا بۆ نوگرە سەلمان بران. لە نێو ئەو خێزانانەدا دەیان منداڵی تێدابوون، ڕەنگبێ ئەو منداڵانە هەزاران خەو و ئاواتیان هەبووبێت، هەرگیز ئەوەیان بەبیردا نەهاتبێت بەو شێوەیە بگیرین، بۆ شوێنی نادیار ببرێن تووشی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە ببنەوە. ئەو منداڵانە دەیان پرسیاری بێ وەڵام بەزەینیاندا تێدەپەڕی، وەکو، بۆ دەمانگرن؟ بۆ کوێمان دەبەن؟ کەی ئازاد دەکرێین؟ و دەیان پرسیاری دیکە.

لە نێو ئەو زیندانییانەدا کچێکی زیرەک و لێهاتوو، دەم بەخەندە و قسەخۆش هەبوو ئەویش خاتوو شەوبۆی خوشکی شادڕەوان ئازاد هەورامی بوو. دادە شەوبۆ وێڕای نەخۆشی تەنگەنەفەسییە درێژخایەنەکەی، باری قورسی گرتووخانەی بەنوکتە و گاڵتە و قسەی خۆش لەسەرشانی زینداییەکان سووکەوە دەکرد. تاڵیی ژەهری ئازار و ئەشکەنجەی لە دەمیاندا شیرین دەکرد. زۆر جاران نەخۆشییەکەی زۆری بۆ دەهێنا بەکۆت و زنجیرەکەی پێیەوە بۆ نەخۆشخانە دەبرا( وەکو ئەوەی لە وێنەکەدا دیارە ). دەگێڕنەوە جارێکیان لە نەخۆشخانەی گرتووخانەکەدا ژنێکی خەڵکی بەسرە دەبێت، لەبەر کەمخوێنی ڕووبەڕووی ئەگەری مەرگ دەبێتەوە، دادە شەوبۆ سەرەڕای خراپی باری تەندروستی خۆی خوێنی پێ دەبەخشێت. ئەمە و دەیان هەڵوێستی خۆڕاگریی و مرۆڤدۆستانەی تری لێ دەگێڕنەوە. تا دواجار لە ساڵی 1982 دوای ئازادکردنیان، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لێ کردین.

بەداخەوە، ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە سایەی گەندەڵی سیاسیی و ئابوورییدا، مێژووی ئەو کەسە دڵسۆز و خۆنەویستانەی ئەم ڕۆژەیان دروست کرد و لە ڕۆژانی سەختی خەباتدا نموونەی خۆڕاگریی و ئازایەتی بوون، بەهۆی لەپەرواێزخستنی ئەو مێژووەوە لە زەینی خەڵکدا کاڵ بوونەتەوە و تەنانەت سڕاونەتەوە. بۆیە یادکردنەوەیان لەلایەن کەسانی بەئەمەکەوە ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەییە. هەزاران سڵاو لە ڕەوانی پاکی دادە شەوبۆ و هەموو شەوبۆ فیداکارەکانی کوردستان.