هاوسەرگیریی گرێبەستێکی ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی نێوان دوو مرۆڤە. دەسپێکێکی نوێیە لەژیانیانداو دۆزینەوەی خودی مرۆڤە، لەڕەگەزی بەرانبەردا و هەڵگرتنی لێپرسراوێتی نوێیەو هۆکاری مانەوەو بەردەوام بونی کۆمەڵگایە. 

لەناو گەلاندا هاوسەرگیریی چەند جۆرێکی هەیە، لەوانە: هاوسەرگیریی فەرمی، هاوسەرگیریی مەدەنی "نافەرمی" واتا بەبێ دادگاو قەشەو ئیمام. هەروەها بەیەکەوە ژیانی کوڕو کچێک بۆماوەی چەند ساڵێک، وەکو قۆناغی تێست. کە ئایا تاچەند خاڵی هاوبەشیان لەنێواندا هەیە، بەرلەزەواج.
بێجگە لەمانە، ئەوەی مەبەستمە قسەی لەسەربکەم، فرەهاوسەرییە؛ کە لەوڵاتانی ئیسلامییدا. بەکوردستانیشەوە هەیە.
عەیامێکە ئەم بابەتە بووە بە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی هەردووک جەمسەری لیبڕالیزم و کۆنەپەرستیی. پیاوانی ئایینیش چەندین پاساوی سادەو بێبنەما دەهێننەوە بۆ ئیدامەدان بە فرەژنی. بەڵام لەڕاستیدا گرێدانی چوار ژن بۆ ئەبەد بە یەک پیاوەوە، بەهیچ پاساوێک لۆژیک نییە. بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایەش دەبێت هەموو ڕێگەیەک بگیرێتەبەر.
بۆیە من پێمباشە فرە پیاویش بە یاسایی بکرێت. واتا هەرژنێک مافی ئەوەی هەبێت لەیەککاتدا چوار مێردی هەبێت! 
دیارە تۆی خوێنەر کەئەم بۆچونەم ئەخوێنیتەوە سەرسوڕمانی داتئەگرێت. بەڵام ئەم پرسیارەت لەخۆت نەکردووە، کەبەهەمانشێوە منیش سەرسوڕمانی دامئەگرێت کە تۆ باوەڕت بە فرە ژنی هەیە! تەبعەن هەردووک بۆچونەکان جێگای ئەوەن کە لەکۆتایی ڕستەکەیا نیشانەی سەرسوڕمان " ! " دابنرێت.
بەڵام لەڕاستیدا من باوەڕی موتڵەقم بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە، هەر لەم سۆنگەیەوە باوەڕموایە، کە یان دەبێت بۆهەردووکیان قەدەغەبێت، یان بۆهەردووکیان حەڵاڵ بێت. تەنانەت ئەگەر "تاقە"ی سێکسیی بە بنەما وەربگرین، ئەوا هێشتا فرەپیاوی لۆژیکی زیاتری تێدایە، نەک فرەژنی. چونکە لەدونیادا تەنها یەک پیاو نییە، کەبتوانێت چوار ژن تێرسێکس بکات. بەڵام ژن ئەتوانێت چوار پیاو تێرسێکس بکات.
ئیتر ئەوانەی دژی ئەم پێژنیارەن، بابە گوێرەی زانست بۆم بسەلمێنن کەژن مرۆڤێکی ناکامڵ و ناتەواوە، منیش هەنگێ، قسەم نابێت. بەڵام ئەمڕۆ زانست و ئەزمونی ژیانی مرۆڤ، لەمێژوودا، پێمانئەڵێت: کە لەهەموو بوارێکدا ژن و پیاو هاوتان. بۆیە یان بافرەپیاویش بە یاسایی بکرێت. یان فرەژنیش بە یەکجاری بنبڕبکرێت. ئەمەش ئەرکی سەرشانی ڕێبەرانی ئیسلامە. پێویستە خۆیان ئەم یاساییە هەمواربکەنەوە.
ئایینەکان بە گوێرەی بەرژەوەندی پیاوانی ئایینی خۆیان و میزاجی خەلیفەکانیان ئەم یاسایەیان داناوە! بەڵام لەسەربنەمای عەقڵ و زانست نا. لەم سەردەمەدا زانست بۆمان ئەسەلمێنێت: کە لەڕووی عەقڵ، هەست و نەستەوە، ژن و پیاو هاوتان. تەنها جیاوازی لەڕووی توانایی جەستەییەوەیە؛ کەواتە مادام عیلم دوور لەسیاسەت و ئایدۆلۆژی، لەخزمەتی مرۆڤایەتیی ڕێنوێنیمان دەکات، عەقڵانیەت ئەوەیە، کە مرۆڤ باوەڕ بە عیلم بکات، نەک ئەوەی سەرکردەو خەلیفەیەک لەپێناو شەهوەتی پیاوە موجاهیدەکانیدا چوار ژن حەڵاڵ دەکات بۆ یەک پیاو.
"شاملۆ" دەڵێت: 
ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ هاوڕێیه‌تی ژن به‌ ئاگری دۆزه‌خ ده‌ترسێنن.
خۆیان نوێژه‌كانیان به‌هیوای جوتبوون لەگه‌ڵ حۆرییه‌كانی به‌هه‌شت ده‌خوێنن!
درکئەکەم، کەئێستا زۆرێک لە خەڵکی وەکو پرسیارێکی تەقلیدی و کۆن و نالۆژیک ئەپرسن: ئایا ئەوانەی لەدژی فرەژنی، باسی فرەپیاوی دەکەن، بۆ ژنەکانی خۆشیان قەبوڵی وەهایاسایەک دەکەن؟ 
لێرەدا من ئەڵێم: ئەوەڵەن ئەمە بابەتێکی فیکریی، ئایینی و کۆمەڵایەتییە. پێویستە مناقەشەی فیکری بە شێوەیەکی عام لەسەربکەین، نەک بابەتێکی هێندە گەورە، بچوکبکەیتەوە لەسەر تاکەکەسێک یان چەند کەسێک. هەروەها، ئێمە کە دەڵێین با ژنێک چوارمێردی هەبێت، لەناوەڕۆکدا باوەڕمان پێینییە. تەنانەت بە سوکایەتیشی دەزانین بۆژن. ئەم نوسینەشم، وتارێکی "تەنزئامێزە" نەک پڕەنسیپم بێت. هەروەها، پەیامێکی فیکرییەو دەڵێت: کە نابێت فرەژنی بمێنێت. واتا بۆ هیچکامێک لەژن و پیاو ڕەوانییە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەرپیاوێک، کە چوار ژن بۆخۆی بەڕەوا ببینێت، دەبێت، خیانەتی زەوجی ژنەکەیشی پێڕەوابێت. چونکە فرەهاوسەریی لەخیانەتی زەوجی گەورەترە. لەبەرئەوەی پیاوەکە هەرڕۆژ خیانەتکارە.
ئەمەش باوەڕی هەرپیاوێکی عەلمانی ڕاستەقینەیە. کەمافی ژن و پیاو وەکو یەک ئەبینێت.
پاساوێکیتر کە ئیسلامییەکان بەردەوام وەکو قسەیەکی کۆن و سوواو، دەیڵێنەوە. ئەوەیە کە: ئەگەر چنگێک گەنم لەزەوییەکدا بجێنیت. دواتر نازانیت کام گوڵەگەنمە، لەکام دنکە گەنمەوە، بەرهەمهاتووە! واتا ژن بە زەوی دەشوبهێنن و تۆوی پیاو بە دنکە گەنم. دیسانەوە ئەمەش پاساوێکی نازانستییە. چونکە، لەچەند حەفتەی سەرەتادا دەردەکەوێت کە ژنەکە، دووگیانە. ئینجا ئەی بۆ ئەو ژنانەی مناڵیان نابێت چ ڕێگرییەک هەیە کە لەگەڵ زیاتر لەپیاوێکدا سێکسبکەن؟ 
شوبهاندنی ژن بە زەوی، سوکایەتییە، چونکە زەوی و جەستەی مرۆڤ لەڕووی پێکهاتە، ماددە، چۆنێتی و توخمەوە زۆر جیاوازن. ئینجا زەوی نەزۆک نییە. حەبی مەنعی بەرهەمەکانی زەویشمان نییە. هەرچەند پێویست ناکات، لەڕووی زانستییەوە ئەمە شیبکرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەم پاساوە، لەمناقەشەیەکی فیکریدا بەکاردێت، بۆ داپۆشینی ئەو بێڕێزییانەی بەدرێژایی مێژووی بەرامبەر بە ژن کراوە. بەشێکیشی زادەی ئەم حەدیسەیە کە دەڵێت: جەستەی ژن، کێڵگەی پیاوە! پیاو دەتوانێت هەرچۆنێک بییەوێت بیکێڵێت! 
پاساوێکیتر، کە بەهۆیەوە تاڕادەیەکی زۆر قەناعەتیان بە خەڵکە عەوامەکە هێناوە، کە کاتێک ڕێژەی ژن زۆرتربوو، لە هی پیاو، ئەوا فرەژنی باشترین حەلە. جارێ هیچ ڕاپرسییەک نەکراوە، کە کامە توێژە زیاترە. هەروەها ئێمەش دەپرسین: ئەی لەوشوێنانەی کەتێیدا ژن لەپیاو زۆرترە، بۆ حەلی بۆدانەندراوە؟ بۆنمونە: لەشارێکی ئۆکڕانیا، ڕێژەی ژن %٨٠یـە.
دیارە هەموو پیاوێک، پێیخۆشە چوار ژنی هەبێت. بەڵام بەدئەخلاقییە.
ئەوانەی باوەڕیان پێیەتی، توشی داڕمانی ئەخلاق و ویژدان هاتوون.
واتا بابەتی فرەژنی، لەنێوان حەز و ویژداندایە. هەیە تەسلیمی حەز بووە، هەشە هی ویژدان.
هەروەها، سەبارەت بەم سوکایەتیە بەردەوامەی بە توێژی ژن دەکرێت لەکوردستان، مەلاکان و حیزبە بەناوعەلمانییەکان تاوانباری ئەوەڵن. گەورەترین کێشەش ئەوەیە کەهیچ حیزبێکی عەلمانیمان نییە. ئەگینا لەسایەی سیستەمی عەلمانی کەڕامەتی ژن هاوشانی پیاو پارێزراوە. بۆئەوەی قسەکەم بسەلمێنم سەرنجتان ڕادەکێشم بۆئەم یاسایانەی باری کەسێتی هەرێمی کوردستان. دیقەتبدەن! چۆن مافه‌کانی ژنان له‌ هه‌ناوی یاسایەکانه‌وه‌ خراونەتە گۆڕەوە. لەیاسای‌ باری‌ که‌سێتیدا، ‌‌بڕگه‌ی‌ ژماره‌ ٨ که‌ رێگه‌ به‌ فرەژنیی ده‌دات.
له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌ ده‌نگی پێدراوه‌. پاش دانانی‌ هه‌ندێک مه‌رج له‌به‌رده‌م پیاواندا، لەلایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمیشەوە په‌سه‌ند کرا. یه‌کێک له‌و مه‌رجانه‌ی یاساکه‌ دایناوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ “پیاو ده‌بێ ره‌زامه‌ندیی ژنی یه‌که‌م وه‌ربگرێ بۆ هێنانی ژنی دووه‌م” ئه‌مه‌ش ژنان توشی فشاری جۆراوجۆری وەک: توندتیژیی کۆمه‌ڵایه‌تی ‌و فیزیکیی ‌و ده‌روونیی دەکاتەوە. تا ڕازیی بن به ‌ژنهێنانی دووه‌م. تەنانەت زۆرێک لەژنان، بە هەڕەشەی تەڵاق ناچاری ڕازیکردن دەبن، بە ژنی دووەمی مێردەکەیان. کەواتە یاساکە، خۆی مەجالی حیلە شەرعی زۆری تێدایە. کەواتە باشترین حاڵەت ئەوەیە، کە بەشێوەیەکی کۆنکرێتی فرەژنی قەدەغەبکرێت. نەک یاسایەکی مەتاتی بۆچاوبەستی ئازادیخوازان دابڕێژن.
من چاوەڕێدەکەم کەچەند پەڕلەمانتارێک بوێرانە یاسای "فرەپیاوی" دابڕێژن و بیکەن بە پێژنیار. ئەمە بۆئەوەنا کەببێت بە یاسا. بەڵکو بۆئەوەی فشارێکی جددی دروستبکات بۆهەموارکردنەوەی یاسای فرەژنی. هاوکات وەکو هەنگاوێکی کرداریش ١٠٠ پیاوو ٢٥ ژن ئامادەگی خۆیان دەرببڕن بۆ ئەوەی هەرژنێک هاوسەرگیریی لەگەڵ ٤ پیاودا بکات. ئەمەش وەکو بەهێزترین فشارو تازەترین شێوازی دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە فرەژنی بەکاربێنن.
هەر بەپێی یاسای باری که‌سێتی ژن ده‌توانێ له‌ کاتی گرێبه‌ستی هاوسەرگیرییدا مه‌رج دابنێ که‌ پیاو بۆینه‌بێ له‌ ته‌مه‌نی‌ هاوسه‌رگیرییاندا ژنی دوه‌م بێنێت. هەرچەند ئەم یاساییە لەبەرژەوەندی ژناندایە، بەڵام زۆر کەمن ئەوژنانەی کە ئاگاداری ئەم بڕگەیەبن و لەگرێبەستەکانیاندا بیچەسپێنن. ئینجا ئه‌م یاسایە بارودۆخی ئەوژنانەی لەبەرچاونەگرتووە. کەپێشتر هاوسەرییانکردووە.
ناحەقیەکیتر کە لەژن کراوە، ئەوەیە: پیاوی موسوڵمان ده‌توانێ هاوسەرگیریی لەگەڵ ژنێکدا بکات ئەگەر موسوڵمانیش نەبێت. که‌چی ژنی موسوڵمان ناتوانێ هاوسەرگیریی له‌گه‌ڵ پیاوی ناموسوڵماندا بکا.
بۆیە لەبەرئەم هۆکارانە، لەئێستادا پێویستە هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان، ئازادیخواز، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوانی کۆمەڵی مەدەنی و بەتایبەت ژنان خۆیان، بە هەموو جۆرەکانی خەبات و ململانێی فیکری ڕووبەڕوی یاسای فرەژنی ببینەوە. کەئەم یاسایە لەمیمبەری مزگەوتەکانەوە هەڵقوڵاوە. پێویستە یاسای مەدەنی، بێت جێ بەم یاسایانەی ئەشکەوت لێژبکا. لەبەرئەوەی ئەم یاسایە هەڵقوڵاوی سروشتی کۆمەڵگای کوردی نییە.
ئارازی حاجی مستەفا/ فینلەند

 

From: This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.
To: This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.
Subject: وتار
Date: Mon, 21 Apr 2014 22:07:05 +0300