مەلا کرێکار دیسانەوە لەسەر هەڕەشە و هاندان بۆ توندوتیژیی دەستگیر کرایەوە  لە میدیاکانی نەرویجدا بڵاوکرایەوە کە مەلا کرێکار دەستگیر کرایەوە. دەستگیرکردنەکە لەسەر ئەوەیە کە لەم چەند چاوپێکەوتنەی دواییدا، بەتایبەت دوای ئەوەی  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەنالێ ئێن ئارکۆی نەرویجییدا، دیسانەوە خەڵکی هان دا پەنا ببەنە بەر توندوتیژیی و ئەو قسانەی دووبارە کردەوە کە چەند ساڵە لە میدیا کوردییەکاندا دژ بەو خەڵکانەی دەڵێت کە لەگەڵ ئیسلامیزمدا ناکۆکن، وە هەروەها ئەو قسانەی دووبارە کردەوە کە لە ئێن ئارتی دژ بە من ووتی. هیوادارم دەسەڵاتدارانی کوردستانیش ئاوا هەست بە مەسئولییەت بکەن لەئاست ژیانی هاوڵاتییاندا نەهێڵن ئەو هەموو مەلایەی مزگەوتەکان ڕێگە بە خۆیان بدەن هانی خەڵک بدەن بۆ توندوتیژیی و بزانن کە ئەوە سزای لەسەرە. هیوادارم گرتنی مەلا کرێکار مانای ئەوە بێت بۆ خەڵکی ئێمە کە دونیای تازە و دونیای مەدەنییەت ئاوایە کە دەبێت تەنها بە ووشە شەڕ لەگەڵ نەیاری خۆتدا بکەیت نەک توندوتیژیی. شایان بە باسە کە ئەم گرتنە مانای ئەوەیە کە سبەی دەبرێتە دادگا بۆ ئەوەی بزانن لە تەوقیفدا بمێنێتەوە یان نا. ئەگەر نەشمێنتەوە و بەریش بدرێت، بەڵام هەر دوایی دەدرێتەوە دادگا و بەپێێ ماددەی ١٤٠ی یاسای سزادانی نەرویجیی لە دادگایی دەدرێت و ئەگەر دادگا بگاتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو قسانەی کردوونی، لەوانە قسەکانی کەناڵی ئێن ئاڕتی، سزادارە، ئەو کاتە حوکم دەدرێت بە زیندان بەڵام دیار نییە چەند مانگ یان چەند ساڵ دەبێت سزاکەی. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەوەنەبێت ئەم هەواڵە ئەوەی خۆش بێت کە کرێکار دەستگیر کراوە. نا، چونکە نە من و نە کۆمەڵگای کوردیی کەسمان کێشەی شەخسییمان لەگەڵ شەخسدا نییە، بەڵکو ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە کۆمەڵگا داکۆکیی لەوە دەکات کە ئازادیی بیروڕادەربڕین و ئازادیی بێباوەڕیی بە ئاین دەبێت ڕێزی لێ بگیردرێتو هەرکەس ڕیزی لێنەگرێت، هەر کاممان بین دەبێت سزا بدرێین. من هیوادارم کە ئەم شتە تۆزێک مەلا کرێکار بهێنتەوە سەر هۆشی خۆی و ئەوە ببینێت کە ئەو جۆرە قسەکردنەی ئەو دەیکات لە دونیای مۆدێرندا جێگەی نەماوەتەوە و ئیتر یان دەبێت بچێت بۆ موسڵ و ڕەقە یان ئەگەر دەیەوێت لەناو کۆمەڵگای مەدەنیدا بژی، ئیتر فێر بێت بە ووشە ڕەخنەی ئێمەومانان بکات کە باوەڕمان بە ئاین نییە، نەک هانی خەڵک بدات پەنا ببەنە بەر توندوتیژیی.