ئەمڕۆ دادوەری لێکۆڵینەوە لە نەرویج بڕیاری دا لەو شکاتە بکۆڵرێتەوە کە من لەسەر قسەکردنی مەلا کرێکار لەسەر من و هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژیی لە چاوپێکەوتنەکەی ئێن ئارتیدا داومەتە پۆلیسی نەرویجیی. هەر لەو چوارچێوەیەدا سبەی سێشەممە مەلا کرێکار دەبێت بچێت لە پۆلیسخانەی ئۆسلۆ ئیفادەی خۆی بدات و داکۆکیی لەوە بکات کە بۆچی ئەو قسانەی ئەو هاندان نییە بۆ توندتیژیی و تیرۆر دژ بە من. هەروەها هەر بۆ ئەو مەبەستە منیش ئەمڕۆ لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە ئیفادەم لێ وەرگیرا و نزیکەی هەشت سەعات پرسیارم سەبارەت بە ئەوە ئەوەم لێکرا ئایا بۆچی من پێموایە کرێکار حەقی نییە بەو جۆرە لە چاوپێکەوتنێکدا باسی سزای ئەو کەسانە بکات کە باوەڕیان بە ئیسلام نەماوە و ڕەخنەی ئیسلام دەکەن، وە بۆچی ئەو قسانەی ئەو لەو چاوپێکەوتنەدا شکاندنی یاسای نەرویجیی و هێرشە بۆ سەر ئازادیی باوەڕ و ئازادیی بیروڕا.

 شایان بە باسە کە ئیتر دادوەری لێکۆڵینەوە دوای وەرگرتنی قسەی هەردوکمان، لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڕیار دەدات کە ئایا دۆزەکە بنێرردێت بۆ دادگا تا بڕیاری تیا بدرێت یان نا. ئەگەر بڕیاری ئەوە بدرێت، ئەوا من و کرێکار، من وەک ناحەقیپێکراو و ئەو وەک تۆمەتبار بە شکاندنی ماددەی هەڕەشە و هاندان بۆ توندوتیژیی لە یاسای سزادان و، وەک تۆمەتبار بە دژایەتی ئازادی بیروڕا و باوەڕی من، دەبێت لە دادگا ئامادە بین.

 خۆزگە داواکاری گشتی و دادگاکانی کوردستانیش ئاوا زیندوو و ڕاستگۆ دەبوون و شکاتی هاوڵاتیانیان بە جیدی وەردەگرت و ئەو ئەرکەی خۆیان بە دروستی ئەنجام دەدا کە هەرکەس هەڕەشەی کرد دوای بکەون و بیبەنە بەر دادگا. ئەوکاتە ئەو هێز و لایەن و شەخسانەی کە بە هەڕەشە خۆیان فەرز کردووە، پاشەکشەیان پێ دەکرا و ئازادی بیروباوەڕ و بیروڕا زیاتر گەشەی دەکرد.

هیواداریشم ئیتر هەموو کوردێکی دڵسۆز بۆ ئازادی بیروڕا ئاوا هەڕەشە قبوڵ نەکات و بەتایبەت ئەوانەی لە ئەوروپان، ئیستیفادە لە دادپەروەریی و سەربەخۆیی و جیدیەتی دادگاکان بکەن و هەڕەشەکەرانی بەتایبەت ئیسلامیی توندڕەو ببەنە بەر دادگا.