زاراوەی پێناسە، کە بەعەرەبی پێ ئەڵێن "الهویة" لە "هو"وه ی عەرەبیەوە هاتووە، یەعنی ئەو. لە ڕێزمانیش ڕاناوی بزری سەربەخۆی نێرە. ئەمڕۆ کە پێناسەکان زۆرن، وشەی پێناسە مانای پەل پەلی هەیە، گرنگترینیان جیاکردنەوەی مرۆڤەکانە لە یەک دیکە، چ لە بواری پەیوەندی نەتەوایەتی، یان وڵات، یان شارستانیەتی، یان مێژوو، یان ئایین، هەتادوایی. هەر مرۆڤیک پێناسەی چۆنیەتی کۆمەڵایەتی و کولتووری تایبەتی خۆ هەیە، دروستدەبێ بە گوێرەی پشتێنەی ڕەگەزی، یان دۆخی ژینگەی ئابووری و سیاسی، یان ئایینی، هەڵبەتە نە هەر ئایینێک، مەبەستم ئەو ئایینەیە کە لە ناو جەرگی کۆمەڵگا هەڵقوڵا، نە ئەوەی بە زۆری شمشێر و سەرنەیزە سەپاندرا سەری خەڵکی بێ گوناه، ئەم پێناسە بێگانەیە بە زۆرەملێ سپێنراوە بە سەری دیگەران. لە زانیاری ژیربێژی پێ ئەڵێن "پێناسەی کوشندە" چونکە لە دەرەوە وڵات هاتووە و پێناسە ڕەسەنەکە لاداوە و خۆی سەپاندووە بە زۆر بە سەر هەموو تاکێکی ئەو گەلە.

ڕێزگرتن و پارستنی پێناسەی کوردی، ڕێزلێنانە و پاراستنی بوونی کۆمەڵگای کوردیە. بەداخەوە، هەڵبژێرراوی سیاسی گەلی کورد بە نێر و مێ، بەپێچەوانەی هەڵبژێرراوی هەموو سیاسیەکانی گەلانی جیهان، لە جاتی کە ئەشێ پێناسەی گەلی کورد بپارێزن، سەرەڕای بە لێدووانی گاڵتەباز و بە جل و بەرگی بێگانە لەبەر و لەسەر کردن، زیانیکی یەک جار زۆر لە پێناسەی گەلی کورد ئەدەن. چونکە زمان و جل و بەرگ و ناو سێ شتی گرنگن بۆ پاراستنی پێناسەی هەر نەتەوەییکی ڕوو ئەم ئەرزە.

بۆ نموونە، لە بواری ناو ڕەچاو ئەکەی سەرکردەی حزبیکی نەتەوەیی ناوی منداڵەکانی عەرەبیە - ئەم قسەیە بۆ کەسیکی دیاریکراو نییە، بۆ هەر کوردیکە کە مندالەکانی خۆ بە ناوی بێگانە لەکە دار ئەکا- ئەو نەتەوەیە کە وڵاتەکەی داگیر کردووە و شەو و ڕۆژ گەلەکەی دەچەوسێنی. یان کاتی لێدووان ئەدا بە عەنقەست وشەی داگیر کەری عەرەب لە ناو قسەکانی بەکار ئەهێنی مەبەستی ئەوەیە، تا بڵێن ئەم کابرایە زمانی عەرەبییش ئەزانی. ئەمە چ جۆرە هەڵبژێراویکە کە پێناسەی نەتەوەکەی خۆی نە نێپاڕێزی، بەلکو بەپیچەوانە لەکەدارییش ئەکا. هەر وەکو ئەو سەرکردە خانەقینیە بە زمان درێژ حزبەکەی دا دەنری، لە جاتی وشەی پەرلەمان "بەرلەمان" بەکار ئەهێنی، لەوە ئەچێ زاراوەی پەرلرمان لە زمانی کوردی نییە. یان کاتی بێ شەرمانە ئەڵی "عالەمی عەرەبی". لەێرەدا پرسیار ئەکەین، ئایا ئیشی سیاسی (ڕامیارکار) بیجگە لە بیرکردنەوە و قسە چییە؟ ئەگەر ئەم دوو شتە سەرەکیەی ئیشەکەی خۆی نەزانی، ئی دی بوونی لە نە بوونی جیاوازیی چییە؟. بەلکو زیانی بوونی زۆر زۆرترە لە نەبوونی. خۆینەری بەڕێز، پەیامی ڕامیاری (الخطاب السياسي) هەر نەتەوەیەک یان حزبیک ئەبێ لە کۆمەڵە وشەی پەیامەکەی بە ڕاشکاوی دیار بێ کە هەڵگری چ بیروباوەڕیکە. ئێمەی کوردیش وەکو ئەوانی تر ئەشێ پەیامی سیاسیمان سەد دەر سەد ڕوون و ئاشکەرا بێ، کە تیا سنووری وڵاتمان بە یەکجاری و بە ڕاشکاوی لە کوێ تا کوێ یە، چون ئەمە خاکە، خاکیش لای هەر نەتەوەیک بە تایبەت ئێمەی کورد پیرۆزە، لەبەرئەوەی ئەمە ساڵەهای ساڵە بە خۆینی ئەم گەلە چاوساوەیە ئاو دە دری. لە بواری هەڵبژاردنی وشەی لێدووان، مرۆڤی سیاسی بە تایبەت بەرپرسی میری یان حزبی (پارت)، بایستی بە توند و تۆڵی وشەکانی خۆی هەڵبژێری، چونکە هەتا پیتەکان حسێب دەکرێن لە سەری، ئەو کاتیش باجەکەی لە پشتیوانەی (رصيد) مافی ڕەوای نەتەوەکەی کەم دەکەی، نە لە پشتیوانەی تاکی خۆ. هەتا ئەو ژنانە بەرپرسانە، کە وەکو وەزیرن، یان بەرپرسی پارتیکی عەلمانین (جیهانگەری)، یان ئەندامی پەرلەمانن، هەندیکیان لە مانگی ڕەمەزان لەچک (حجاب) لەسەر ئەکەن، لەوە ئەچێ ئیسلام بوون تەنها ئەم مانگەیە و بەس؟. خانم بیر ناکا کە ئەندامیکی پارتیکی سۆسیال دیموکراتە "سکولار"ە، دژایەتی ئایین ناکا، ئەمما سۆسیال دیموکراتەکان لە ئایین خۆیان دوور گرن. یان ئەو ژنە دوکتورە کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە، لەباتی ئەوەی کاتی لەچک لەسەر ئەکا کولتوری کوردی بپاریزی، بە لەچکی کوردی خۆ بخەمڵینی، ئەجوو لەچکی مۆدێلی ئیماراتی عەرەبی لەسەر ئەکا و شتیک لە پشتی سەری لە ژێری لەچکەکە دانەی تا سەری گەورا بەکا وەکو ژنانی ئیماراتی. ئایا لەچکی کوردی چییەتی؟ تازە شارراوە (مستور)ترە. ئە ئەم ژنە کە دیمەنی کوردی خۆ نێپاریزی، چۆن بەرژەوەندەکان گەلی کورد ئەپاریزی؟!. با بە باشی چاویک هەڵدەی بە ژنیکی عەرەبستانی سعودی یان وڵاتی یەمەن کە هەم عەرەبن وەکو ئیمارات و هەم دراوسێ وڵاتی ئیماراتن لە نیمچە دورگەی عەرەب، قەت لاسایی پۆشاکی (حجاب) ژنەکانی ئیمارات نایکەنەوە، پۆشاکی تایبەتی خۆیان هەیە، پێ ئەڵێن پۆشاکی ژنی سعودی. تازە ژنیکی نەخۆنەواری سومالی لە ئەفریقا، لەم ژنە دوکتورەی ئێمەی کورد زیرەک ترە، ئەیبینی بە شێوەیکی ڕێکوپێک کولتورو دیمەنی ژنی سومالی پاریزاوە و ئەپارێزی، کاتی لەچکی تایبەتی سومالی لەسەر ئەکا، لە هەر کوێ جیهان بینی ئەزانی کە ئەمە پۆشاکیکی (زي) ژنیکی سومالیە. یان ژنی فارس، چادر و مانتۆی تایبەتی خۆیان هەیە، تایبەتە بە ژنی فارس، پاش شۆڕشی ئیسلامی بڵاویانکردەوە (تعمیم) بە زۆر بۆ سەر هەموو نەتەوەکانی ئێران. بەداخەوە هەڵبژێرراوی (نخبة) ژنی کورد لە باشووری کوردستان لە جاتی ئەوەی کولتوری نەتەوەکەی خۆ بپاڕێزی، ئەچێ پڕوپاگەندە بۆ نەتەوەی تر ئەکا، ئەوەیش کێ عەرەب؟. ئەئەمە نموونەی ژنی هەڵبژێراوی کوردە!!!.

بیجگە لەم ژنانەی کە لە دەرەوە ڕازاوەن و لە ناوەوە پوچن، ڕێکخستنیکی (کوردستانی) هەیە پێش چەند ساڵیک دامەزرا، بارگاکەی لە سلێمانیە، ئەویش بە قسەی هەلەق و مەلەق خۆی ڕازاندووە، ئەمما تا ئێستا نەگوتووە نە بە خەڵکەکە نە بە ئەندامەکانی خۆ چ رەنگیکی هەیە، چ ڕێبازیکی هەیە، نە بە لێدووان نە لە ناو دەستووری ڕێکخستنەکە!!، ئایا سۆسیالە، یان کۆمەنیستە، یان ئیسلامی، یان نەتەوایەتیە، یان خێڵەکیە هەتادوایی. دیسان، لایانیک و کەسانیکی تر هەن لە کوردستانەکەمان دیمەن زستانیین لە ژێر چەمەدان و جلە کوردیەکەیان عەگاڵ و پۆشاکی عەرەبی لە بەریانە، هەر چەند لە پەیامەکەیان خۆیان بە کورد و کوردستانی لە قەڵەم ئەدەن، بەڵام ئەمە قسەیەو بەس، چونکە ئەو بیروباوەڕەی کە هەڵیگرتووەن مافی پێان داووە وەها قسە بکەن.

     

لە کۆتایی، وەکو تاکیکی کوردی هیوادارم کە هەڵبژێراوی کوردی، بەتایبەت ڕامیارەکان (سیاسیەکان) با تێکۆشەرانە هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی پێناسەی نەتەوەی کورد، با لەسەرەتاوە لە خۆیانەوە دەس پێ بکەن، ئەو زمانی کوردی سەقەتیانە راست بکەنەوە، جل و بەرگی بێگانە لە بەرو لەسەر نەکەن، ئەمە ساڵهای ساڵە بەم ڕەفتارە نا مەسئولانە زیانی زۆریان بە نەتەوەی کورد بەگشتی و بە پێناسەی نەتەوەی کورد بە تایبەت گەیاندووە. ئیتر بەسە، کاتی خۆ گۆڕیین هاتووە، دەنا چارەنووستان لە دەسەڵات دارانی عەرەب کە لە بەر چاوتان خرانە زبڵ دانی مێژوو باشتر نابێ.