ناوی میکایلە، تەمەنی (۲۹) ساڵەو بەڕەگەز سویدیە، دانیشتوی شاری (یۆتۆبۆری)ە، ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ساڵی (۲۰۰۵)، (میکایل)، دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوەو لە ناکاو موسڵمان بونی خۆی لەناو خێزانەکەی ڕادەگەیەنێت، کەسێکی نزیک لە خانەوادەکەی ووتی، (میکایل)، ساڵانی ڕابردوو پێش موسڵمانبونی، کەسێکی زۆر کراوەو ڕوخۆش و نەرم و نیان بوو، بەڵام ذوای ماوەیەک لە موسڵمانبونی پێچەوانەی جاران و گەورەبونی ناو کۆمەڵگاکەی هەڵسوکەوتی گۆڕا، هەتاوەکو بەیەکجاری واز لە گۆرانی و دانس و کلیپ کردن هێنا. 

(میکایل)، قوتابخانەی دوا ناوەندی لە شاری (یۆتۆبۆری)، بەسەرکەوتویی تەواو دەکات و یەکێک دەبێت لە قوتابیە زیرەکەکانی ناو قوتابخانەکەی،
(میکایل)، بە موسڵمان بونی ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ (عبدل الصمد)، و لەدوای چەند مانگێک، ووڵاتی (سوید)، بەجێ دەهێڵێت و دەڕوات بۆ (مصر) بۆ ئەوەی خۆی فێری زمانی عەرەبی بکات و شارەزایی زیاتر لەبارەی ئسلامەوە فێر ببێت،  
دوای ئەوەی چەند ساڵێک لە ووڵاتی (مصر)، دەمێنێتەوە، لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا، بەباشی فێری زمانی عەرەبی دەبێت و شارەزاییەکی باش دەربارەی (ئيسلام)، پەیدا دەکات و لەسەر بیروڕاى توندڕەوی سەلەفی جیهادی دەگەڕێتەوە بۆ ووڵاتی (سوید)، پاشان دەست دەکات بە بانگەوازکردن و موسڵمان کردنی خەڵکی، لەسەر بیروڕاو شوێنکەوتەی ئەهلی سونەو جەماعەو قوتابخانەی سەلەفیە تونڕەوەکانى میسرو قەتەرو سعودیە، لەماوەیەکی زۆر کەمدا دەبێت بەکەسێکی ناسراو (داعی)، لە هەموو ووڵاتانی ئەوروپادا دەست دەکات بە بانگەوازکردن و ڕاکێشانی خەڵکی بۆ ناو ئيسلام بە تایبەت لە (سوید )و (نەرویج) و (دانیمارک).
 (عبدل الصمد)، پێنج ساڵ پێش لەگەڵ ئافرەتێکی هەڵگەڕاوەی بە ڕەگەز سویدی وەک خۆی، ژیانی هاوسەری پێک دێنێت و دەبێتە خاوەنی چوار منداڵ، بەڵام بۆ جیهادکردن لەمانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ هاوسەرو منداڵەکانی لە رێگەی ووڵاتی (تورکیا)، وە دەڕواتە (سوریا)، لە شارى (الرقه)، نیشتەجێ دەبێت.
(عبدل الصمد)، لە ئەکاونتی فەیسبوکەیدا بەم شێوەیە ووڵامی پرسیارەکان ئەداتەوە،
لە ووڵامی پرسیارێکدا ئایا تاوەکو ئێستا چەند کەسی کوشتوە؟ دەڵێت (موسڵ)، هانای بۆم هێناو بە زەنگی تەلەفۆن ئاگادارکرامەوه و هەموو شتێک گەر ڕەواو بەجێ بێت لە ئیسلامدا لە پێناوی جیهاندا دەکەین، هەروەها دەربارەی ئەوەی بۆچی ووڵاتی (سوید)ی بەجێهێشتوه پەیوەندی بە داعشەوە دەکات؟ ئەو دەڵێت، ئەگەر هات و ئەو پرسیارە لە کەسێکی گەورەو شارەزای سعودی و قەتەری و مصری یان هەرکەسێکی ترى بکەی هەمان ووڵامی من ئەدەنەوە، چونکە ووڵاتانی ئیسلامی بەتایبەتی (سوریا)، و (عێراق)، و (مصر)، و (لبنان)، پێویستیان بە کەساتی وەک ئێمەیە. (عبدل الصمد)، پێش ئەوەی سوید بەجێبهێڵێت پەیوەندی دەکات بە باوکيەوە، بۆ ئەوەی یارمەتی بدات پاسەپۆرتی نەرویجی بۆ دەربهێنت، بەڵام باوکی ئەم داوەکاريەی کوڕەکەی بە ئاسایی نازانێت، وەک هەستی پێکردبێت، لە ووڵامدا دەڵێت من کاتم نیەو ئەتوانیت خۆت پەیوەندی بە سەفارەتی نەرویجەوه بکەیت بۆ دەرهێنانی پاسەپۆرتەکەت، یەکێک لە کەسە نزیکەکانی (میکایل)، دەڵێت، بیرکردنەوەی ئەو دوای موسڵمانبونی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هات و هەمیشە خۆی بە بەرپرسیار نەدەزانی بەرامبەر خۆی و خێزان و کەسوکارەکەی، گەر وانیە چۆن بە خۆی و هاوسەرو چوار منداڵەوە پەیوەندی دەکات بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ترسناکەوه.
 ئەگەرچی لە ئێستادا (عبدل الصمد)، ئەکاونتی فەیسبوکی لەلایەن فەیسبوکەوە لێداخراوە، بەڵام لە ڕابردوودا بەئاشکرا لە پەیجەکەی خۆیدا بڵاوکراوەو شەڕە جیهادیەکان و چەندین وێنەیەکی خۆی بە چەکەوە لەسەر ناوی (ئەبو ئیبراهیم ئەلسویدی و عبدل الصمد ئەلسویدی) بڵاوکردۆتەوە.