لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا مامۆستا لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدایە وە لەوپەڕی ڕێز و شکۆدایە کە هەموو کەس هیوای وایە کە ژیانی لە ئاست ئەواندا بێت وەک ئەو خۆپیشاندانەی کە لە وڵاتی ئەڵمانیادا کرا کە دکتۆر و ئەندازیارەکان داوایان دەکرد کە موچەکانیان وەکوو مامۆستا بێت یاخود لانی کەم وەکوو مامۆستای لێبکرێت.

بەڵام لەم هەرێمەی خۆماندا مامۆستا ئەمڕۆ نەگبەترین و داماوترین چینی کۆمەڵگای ئێمە پێکدێنێت هەربۆهە ماوەیەک لەمەو پێش لەبەر نەبونی بێ موچەیی دەستانکرد بە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن و خۆپیشاندانێکی ئارام و لەسەرخۆ کە بەڕاستی نموونەی ناڕەزایی دەربڕین بوو وە ئەوپەڕی خۆپیشاندانی مەدەنیانەی پێوەدیار بوو. کەچی هەموومان بینیمان کە چی بەرامبەر ئەو کۆمەڵە مامۆستایە کرا کە بەوپەڕی سوکایەتی کردن و لێدان ملکێشی ناو سەیارە کران و بران.

بە پێی هەموو یاسایەک ئەبێت کە کەسێک دەستگیرکرا بە ئەمری حاکم و فرمانی ڕەسمی بێت خۆ ئەگەر کەسەکە قاتلیش بێت نابێت سوکایەتیەکی ئەوهای بەرامبەر بکرێت چجای مامۆستا بەڵام چ یاسایەک، ئەو یاسایەی کە لەوڵتی ئێمەدا لە هەموو شتێک بێنرخترە کە ئەسڵەن کەس حسابی بۆ ناکات ئەگینا ئەمە لە هەر وڵاتێک ڕووبدات یەک حوکمەتی کاملی بە گەورە و بچوکێوە لەسەر پرسێکی وەها هەڵدەوەشێتەوە و نامێنێت چونکە ئەمە پێی دەوترێت ئیفلیجبوونی تەواوی عەدالەت ئەگەر نا سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ناڵێت "داواکارم ئازاد بکرێن".

کەواتە لەم هەرێمەدا هەموو ئیشێک بۆ خزمەتی لایەن و شەخس بەکاردەهێنرێت چوونکە ڕۆژانێک بوو خۆیان پاڵپشتی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد بەڵام ئەمڕۆ بەرژەوەندی هەموو شتێکی قەڵب کردەوە و گۆڕی بۆیە دۆخەکە بەم جۆرەی لێ هات.

وە ڕاستە بەڵێنی باشبوونی دۆخەکەیان داوە، وە بەڵێنی زیادکردنی مانگانە (۱٠٠٠٠٠) بۆ مامۆستایانی ناو شار و (۱٥٠٠٠٠) بۆ مامۆستایانی دەوەوەی شار داوە بەڵام بێمتمانەیی مامۆستایان لەم جۆرە بەڵێنانە دەردەکەوێت بۆیە هێشتا ڕازی نین دەست بکەنەوە بە وتنەوەی وانە لە خوێندنگاکاندا و بیکۆت بە تەواوی بشکێنن.