ئەگەر تاریکایی مانگ لە ئێوارەدا دەربکەوێ. ئەوا خۆرلەزەردەی خەلافەتەکەی ئەردۆگانیش لە ئانوساتی دەرکەوتنیدایە، ئەوەی ئەمڕۆش بەڕێوەدەچێت تەنها بازو نیشاندانێکی نەزۆکانەیە بۆ پەردەپۆشکردنی دۆڕانە سیاسی و سەبازیەکان.

کودەتا تەمومژاوێکەی شەوی هەینی ١٥/٧/٢٠١٦ کە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی تورکیای گرتەوە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حیزبی دادوگەشەپێدان ( حیزبی فەزیلەی جارانی ئەربەکان ) بە تایبەتی و گەلانی تورکیا بەگشتی ڕوداوێکی مێژویی دوو لایەنە بو، بۆ ئەردۆغانیەکان داروەردانبو لە کورە هەنگ. ئیتر ئەمەیان بۆ بو بە پاساوێک بۆ ئەوەی دەستی تۆڵە و سزادانی لە هەمبەر نەیارانیان بە تەواوەتی ئاواڵەبێت و سەرەتا کەوتنە وێزەی هەمو ئەوانەی کە دور و نزیک پەیوەندیان بە حیزبەکەی گویلەنەوە هەبو. لەبەرامبەردا ئەردۆغانیەکان بەم کارەیان فیشەکی خۆکوژیەکی سیاسی و سەربازیان نا بە تەپڵی سەری خۆیانەوە .

ئۆردۆغان کاراکتەری یەکەمی سینارێۆکە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە و بە قادری قودرەت ئەو حەشاماتەی ڕژاندە سەر شەقامەکان و چەند کاتژمێرێک دوای شکستهێنانی کودەتاکە لە لێدوانێکی تەلەفیزۆنیدا ڕایگەیاند کە ئەمەی ڕویدا بۆ ئێمە خەڵاتێکی ئیلاهیە و ئیتر لێرەبەدواوە دەستمان لە تەمبێکردنی نەیارەکانمان لە هەمو جێ کراوەدەبێت، لە سەر ئەرزیش بە پاساوی ئەندامێتیان لە حیزبەکەی فەتحوڵا گویلەن و نەیارانیتر، ئیتر دەستیان بە گرتن و دادگاییکردنی سەدان ئەفسەری پلەباڵا و هەزاران سەرباز و پۆلیس و پیاوانی میت و مامۆستا و فەرمانبەر و خەڵکانی ئاسایی کرد، دەرگای سەدان فێرگە و زانکۆ و پەیمانگە داخران، دەیان دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و کەناڵی ئاسمانی و لۆکاڵی لە کارخران. ئەم هەڵمەتی گرتن و ڕاودونان و ئەشکەنجە و تۆقاندن و تیرۆری فیکریە لە سەرتاسەری تورکیادا درێژەیان هەیە و پێیناوەتەوە قۆناخێکی مەترسیدارترەوە .

دەبێت ئاک پارتی و ئۆردۆغان لە هەستیاری و ترسناکی دەستبردن بۆ قۆڵبەستکردنی شارەوانیە کوردەکان، پەڕلەمەنتارە کوردەکان و هاوسەرۆکانی هەدەپە ( سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ، ) باش تێبگەن کە لای کورد یاریکردنە بە ئاگر، چونکە ئەمانە گویلەنیەکان نین، ئەمانە ژمارەن، ئەمان تورکیا تاڵیبێت و تورشیبێت دەنگ و ڕەنگ و قورسایی خۆیان هەیە، ئەمان لە سەدان هەزارهەواداری ناوخۆیی و دۆستانی بیانیان هەیە، ئەمانەن کە نەخشەڕێگەی ئاشتیان بۆ تورکیا داڕشتوە .

تورکەکان بە خەیاڵی ولایەتی موصڵەوە دەیانەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانیمان بۆ نۆژەن و دەمەزەردبکاتەوە، بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنەوەی موصڵ و تەلەعفەر ئەردۆغانیەکان ڕۆژانە دەمانبیست کە چەند لە سەر بەشداریان لە گرتنەوەی موصڵ و تەلەعفەر سور و ڕشدبون و بە مەحاڵیان دەزانی، پرۆسەکە بە بێ بەشداریان دەستیپێکرد و حەشدی شەعبی گەیشتنە تەلەعفەر و سوپاسش بە موصڵ، تورکەکانیش تەنها هەر توانیان فریای دورخستنەوەی هێزەکەی باشیقیان بکەون

لە سوریاشدا و لە ئازادکردنەوەی ڕەقەشدا وەک ئەوەی ئەمان خاوەن ماڵ و پەیەدە و یەپەگە و یەپەژە و هێزە دیمکراتخوازەکانیتر بیگانەبن و ڤیتۆی لە دژی بەشداریکردنی کورد نیشاندا ! لەم بەرەیەشەوە پرۆسەی گرتنەوەی ڕەقە بێبەشداری سوپای تورکیا دەستپێکرد و ئەمانیش لە دورەوە بە دوربین تەماشای هێزە کوردیەکان دەکەن کە کۆڵەگەی ئەو هێزانەیە کە بەشدارن . ئەم حیساب بۆنەکردنانەی تورکیا مانایەکی قوڵی هەیە و وردە وردە باشتر بەدەردەکەون !!

لێرەدا ئەو بومەلەرزە جیهانیەی کوردستانیان وە بیری تورکیای ئاکپارتی و توندڕەوەکانی تورک دەهێنمەوە کە کە چۆن لە شوباتی ١٩٩٩ لە ساتەوەختی دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی بەڕێزعەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکاران کە بە هاوکاری وڵاتانی ئەوروپی و چاوساخی دەیان دەزگای هەواڵگری وە بە تایبەتی مۆسادی ئیسرائیلی دەهێنمەوە کە جیهانیان توشی شۆککرد، لەناخۆی تورکیا و کوردستان و ڵاتانی ناوچەکە و جیهانیان هەژان. بەنەفەسێکی گەرمترەوە هەڵویست لە بەرامبەردەستگیرکردن و مامەڵەی دڕاندەنەکەی پۆلیسی خەلافەتی ئەردۆغان لە بەرامبەر سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ، و هەڤاڵەکانیام وەردەگرین و ئەم ڕەفتارانە دەبنە مایەی زوتر شۆڕبونەوەتان بۆ نێو زبڵدانی مێژو .