٢ی ئه‌یلول، ساڵێك تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر كاره‌ساتی گیانله‌ده‌ستدانی ئالان (ئایلان) كوردی، ئه‌و منداڵه‌ ته‌مه‌ن سی ساڵه‌ به‌ڕه‌گه‌ز كورده‌ی ڕۆژئاوای كوردستان كه‌ له‌كه‌ناراوه‌كانی شاری بۆردڕوومی توركیا له‌پاش تێكشكانی به‌له‌مه‌كه‌یان له‌ به‌رواری 2 ئه‌یلولی 2015 ه‌دا گیانی له‌ده‌ستدا.

هه‌رچه‌نده‌ مردنی ئالان یه‌كه‌م تراژیدیای مردنی كۆچبه‌ران نه‌بوو له‌ساڵی پاردا و هه‌زاران كۆچبه‌ری تر له‌ناویشیاندا ژن و منداڵ گیانیانله‌ده‌ستدابوو به‌ڵام وێنه‌كه‌ی ئالان له‌كه‌ناراوه‌كانی توركیا به‌ جیهانی ووت كه‌ چۆن خۆیی و هاوسه‌فه‌ره‌كانی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. گیانله‌ده‌ستدانی ئالان پاڵنه‌رێكی نوی بوو بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كه‌دان به‌شكستی هه‌وڵه‌كانیاندا بنێن بۆ گێراِنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌ كاره‌ساتباره‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش ئاشكرا بوو كه‌ ووڵاتانی زلهێز و خۆشگوزه‌ران ئاماده‌بوون كه‌ته‌نها كه‌متر له‌ سه‌دا یه‌كی سه‌رجه‌م په‌نابه‌رانی جیهان وه‌ربگرن له‌چوارچێوه‌ی پڕۆگرامی وه‌رگرتنی كۆچبه‌رانی ووڵاته‌كانیادا. ووڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپاش نه‌گه‌شتبوونه‌ هیچ ڕێكه‌وتنێك بۆ كۆتایهێنان به‌ مه‌رگی كۆچبه‌ران له‌ سنوره‌ ئاویه‌كانی نزیك ئه‌وروپادا و ئوسترالیاش، وه‌ك ووڵاتێكی گه‌وره‌ و خۆشگوزه‌ران، به‌ ئێستاشه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌بوو به‌ وه‌رگرتنی كۆچبه‌رانی ده‌ریایی قاچاخ و له‌پاش ده‌ستگیركردنیان ده‌یانگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ووڵاته‌ی لێوه‌ی هاتوون.
گیانله‌ده‌ستدانی ئالان ئه‌وه‌ی وه‌بیری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هێنایه‌وه‌ كه‌ قه‌یرانی په‌نابه‌ران پێیوستی به‌چاره‌سه‌ری درێژخایه‌ن و ستراتیجی هه‌یه‌ و به‌وه‌ش ژماره‌ی ئه‌و ووڵات و ڕێكخراوانه‌ی كه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانیان بۆ به‌هاناوه‌چوونی كۆچبه‌ران ڕوو له‌زیادبوون كرد و به‌شێك له‌ ووڵاتانی وه‌رگر بڕیاری گرنگیاندا به‌ زیادكردنی ژماره‌ی په‌نابه‌ران بۆ ناو ووڵاته‌كانیان.
له‌پاش گیانله‌ده‌ستدانی ئالان، ووڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، سه‌ره‌ڕای هه‌موو مشتومڕه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا، ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ووڵاته‌ ئیمزا كرد به‌ئامانجی كۆتایهێنان به‌ مه‌رگی "ئالان"ه‌كان له‌و به‌شه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست كه‌ به‌ ده‌ریای مه‌رگی ئیجه‌ ناسراو بوو.

هه‌رچه‌نده‌ نه‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ و نه‌ هیچ له‌ ڕێوشوێنه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی نه‌یانتوانی كۆتایی بهێنن به‌ تراژیدیای كۆچ و ئێستاش به‌به‌رده‌وامی "په‌ڕینه‌وه‌ و مردن و ڕزگاركردن" مانشێتی ڕۆژانه‌ی ڕۆژنامه‌كانی جیهانن، به‌ڵام گیانله‌ده‌ستدانی ئالان بۆ هه‌میشه‌ چیرۆكی هه‌ره‌له‌پێشی ئه‌و تیراژیدیایه‌ی كۆچ و ئاواره‌یی بوو له‌ جیهاندا كه‌له‌ كۆتایی ئه‌و ساڵادا به‌رزترین تۆماری له‌پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌ تۆمار كرد و ژماره‌ی كۆچبه‌ران و ئاواره‌كان گه‌یشته‌ 65 ملیۆن كه‌س.