ڕۆژانێک بوو ئێمە خۆمان بەم بەرپرسانەی ئێستەمان وت :" قوربان فەرموون وەرن ببن بە کاربەدەستمان و ئێوە کاروبارمان بەڕێوە بەرن" وە هەموو سامانی ئەم وڵاتە بە پارە و نەوت و هەموو داهاتەکانی ترەوە خستمانە خزمەتیان.

ئەوانیش کەسانێک بوون کە هیچ نە لە بەڕێوەبردنی وڵاتیان دەزانی نە لە بەرەوپێش بردنی، ڕاستە کەسانێک بوون کە ڕۆژانێک خەریکی خەبات کردن بوون بەڵام ئێمە کردمانن بە سەردار و سەرانی ئەم هەرێمە، ئەوانیش لە خوایان دەویست کە شتێکی وایان بۆ بڕەخسێت و تۆزێک ژیانیان بەرەو باشتر بڕوا، ئیتر هەڵبژاردن هاتە پشەوە و خۆیان کاندید کرد ئێمەش ئەوەندە چەپڵەمان بۆ لێدان و ئەوەندە وتمان "بژی. . بژی" وە ئەوەندە پەڕۆمان بۆ بەرزکردنەوە ئەوانیش هەرکە ئەمیان بینی خۆیان لێ بوو بە فیرعەون وە وا سەیری خۆیان دەکرد کەئەنەما ئەمانە ڕزگارکەری ئەم میلەتە بوون وە ئەگەر ئەمانە نەبوونایە ئەوا ئەم میلەتە تۆزقاڵێک خۆشی بە خۆیەوە نەدەبینی وە ئەو کەسانەشی لە پێناو ئەم وڵاتەدا قوربانیان داوە و شەهیدبوون بەدەستکەوتی خۆیانیان دەزانی و واتێیان دەڕوانی کە ئەمانەبوون کە خزمەتکاری یەکەمی ئەم وڵاتەن.

هەر ئەونە کە لەهەڵبژاردن خەڵکی دەنگی پێدان و لە هەڵبژاردن دەرچوون یەکسەر سامانی ئەم وڵاتەیان کرد بە دوو بەشەوە، بەشێکی بۆ گیرفانی خۆیان و خۆیان پێ قەڵەو و مل ئەستور کرد و چەندەها موڵک و سامانیان پێ کڕی لە دەرەوەی وڵات وە چەندەها زەوی و زاریان لەم وڵاتە داگیر کرد و کردیانە چەندەها باڵەخانە و کۆشک و تەلاری ڕازاوە بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵیان، وە بەشەکەی تری سامانی ئەم وڵاتەیان کرد بە موچە بۆ ئەو کەسانەی کە دەست و پێوەندیان بوو وە ئەو کەسانەی کە لایەن گریان بوون بۆیە ئەوانیش زۆربەیان بوون بە دەوڵەمەد و خانەدانەکانی ئەم وڵاتە وە بوون بە بازرگان و خاوەن کارگەو سەیارەی ئاخر مۆدێل و پسەوانی تایبەت و زۆری تریش (بەڵام مەبەستمان ئەو کەسانە نییە کە بە ئارەقەی ناوچاوی خۆیان خۆیان دروست کردوە لەگەڵ ڕێزێکی زۆر بۆ ئەو جۆرە کەسانە).

بەبێ ئەوەی کاربەدەستان هیچ سامانێک بۆ خەزێنەی دەوڵەت گل بدەنەوەو یاخوود حوکمەتی پێ بەهێز بکەن یا کەرتەکانی پیشەسازی و کوشتوکاڵی پێ بەرەوپێش بەرن بەڵکو زۆربەی زۆری کارگە کۆنەکان و زەوییە کشتوکاڵیەکانیان کردە شوێنی مۆڵ و تەلار و باخە تەلبەن کراوەکان کە تەنها بۆ خۆیان و هاوشێوەکانیانە.

ئێمەش هەر کە ئەمانەمان بینی بەرپرسانمان لا بوو بە هەنارە شیرینە و وەمان زانی کە کەس بەقەدەر ئەمان ناتوانێت وڵات بەڕێووە ببات یاخود هەر ئەمان ئەزانن چی بۆ ئەم وڵاتە باشە و خراپە، هەر بۆیە دەنگدان لە دوای دەنگدان ئێمە دەنگمان پێ دەدان بەڵام چەند کەسانێکی کەم هەبوون کە وەکو ئێمە چاوبەست نەبووبوون وە ڕەخنەیان لێ دەگرتن بەڵام هەرئەم کەسانە کە بەو فێڵە هەڵنەخەڵەتان هەر زۆر زوو بە تێکدەر و خیانەت کار لە قەڵەم ئەدران و وە چەندانیان ڵێ کوژان و کەسیش هەتاکوو ئێستە نەی زانی کێ بوو.

هەر بۆیە لە نەزانی خۆمانە کە ئەمڕۆ وامان بەسەر دێت چونکە ئەمەی ئەمڕۆ بەرهەمی چەندان ساڵی پێشووە نەوەک تازە بێت ئەوەتا هەر وڵاتێک کە توشی قەیران دەبێت سامانی خۆی بەکار دەهێنێتەوە بۆ ئەو کاتە هەروەک دەڵێن: "ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش".

بەڵام تاوان باری یەکەمی خۆمانین کە وامان بەسەر هاتووە، خۆمان وامان لە خۆمان کرد کە خۆمان کردە کۆیلەی ئەم دەسەڵاتە هەر بۆیە ئەبێت ئەمڕۆ باجەکەی هەر خۆمان بیدەین چونکە دەوترێت لەدوای هەموو خۆشیەک ناخۆشی دێت بەڵام ئافەرین بۆ ئەو میەتەی کە خۆی بۆناخۆشیەکە حازر دەکات نەوەکو هەر خۆشی بینی ناخۆشی لەبیر بچێتەوە.

عەلی عمر