لە ناوەراستی هەشتاکاندا بەهۆی ئالوگۆری گەورە لە ئابوری دونیا و دواکەوتیی ئابوری یەکێتی سۆڤیەت، میخائیل گۆرباتشۆف پلانی ڕیفرۆمی ئابوری ڕوسیای هەبوو. بەهۆی قەبارەی کێشەکان و بێتوانایی گۆرباتشۆڤ لەچارەسەرکردن، کارەکانی گۆرباتشۆف بوە هۆی کۆتایی هێنانی دەسەلاتداریەتی هەفتا سالەی حیزبی کۆمەنیستی ڕوسی. دواتر، بۆرس یەلتسن دۆمای روسیای، واتە پەرلەمانی ڕوسیای، دایە بەر تانك و تۆپ و کۆتایی بە کودەتای سەربازی و پەرلەمانی ڕوسیا هێناو گۆرباتشۆفیش لە دەسەڵات وەلانرا. یەکیتی سۆڤیەت لەبەریەك هەلوەشاوە و جگە لە ڕوسیای فیدراڵ چەندین دەولەتی نوێی لێکەوتەوە. بەم شێوەیە بۆ هەتا هەتایی کۆتای بە یەکێتی سۆڤیەت هات وەك یەکێك لە دوو زلهێزی دونیا.

لە ئێستادا تورکیا بە قۆناغەکانی ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت تێپەر دەبێت. تورکیای ئێستا، تورکیای سەردەمی شەری ساردی نێوان یەکیتی سۆڤیەت و خۆرئاوایە. بەهۆی بەسەرچونی سەردەمەکە تەواوی بونیاتی تورکیا و ئەو فەلسەفەو سیاسەتەی تورکیای لەسەر بونیاتراوە پێویستی بە پێداچونەوە و ڕیفۆرمی زۆر قول هەیە. بەلام ئۆردوگان هاوشێوەی گۆرباتشۆڤ پیاوی کاری مەزن نییە. لەمەش گرنگتر، کێشەکانی تورکیا هێندە گەورەو بونیادین لە توانایی هیچ سوپەرمانێکدا نییە چارەی بکات. هەر بۆیە، ئۆردوگان لەسەر شێوەی گۆرباتشۆف تورکیا کۆتایی پێدێنێت

لە ئەنجامی بێتوانایی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم ولاتە، بینیمان کۆشکی کۆماری ئەم ولاتە لەلایەن سوپاوە هاوشێوەی دومای ڕوسیا درایە بەر تۆپ و تانك. ئۆردوگانیش هاوشێوەی بۆرس یەلتسن دەست لە هیچ کارێك ناپارێزی بۆ ئەوەی وەك حاکمی بێ رەقیب و موتلەقی تورکیا بمێنێتەوە. سوپای تورکیا تاکە شتێکە بوو ولاتی تورکیا لەبەرامبەر دۆست و نەیارەکانی خۆی پێی بادەدا، لە ئیستادا بەهۆی ئوردوگان لەبەرچاوی دونیا بۆتە شتێکی هەزیل و هیچ. لەمانەش خراپتر، بێمتمانەیی سەرتاپای دەزگاکانی سوپاو حکومەتی گرتۆتەوە. لە هیچ دەزگایەکی ئەم ولاتە دو کەس نادۆزیەوە متمانەی بەوەیتر هەبێت. ئەو گێژاوەی ئیستا لە تورکیادا هەیە لە گێژاوەی سەردەمی پێش هەلوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و ژمارەیەك لە ولاتانی ئەوروپای شەرقی دەچێت.

ئەوەی ماوەی بیبینن لەماوەی داهاتودا ئەوەیە کە چۆن تورکیا لەبەریەك هەلدەوەشێتەوە. بەهۆی جیاوازی تورکیا لە یەکێتی سۆڤیەتی کۆن و جیاوازی هەلومەرجی ئێستا و ئەو کات، دیارە شەرت نییە لەبەریەك هەلوەشانەوەی تورکیا کتومت وەك ئەوەی ڕوسیا بیت، واتە تورکیا دابەش بێت بۆ چەند دەولەتێك. بەڵام گومان هەلناگریت کە سەرکردایەتی سیاسی تورکیا و ئوردوگان توانای وەلامدانەوەی کێشەکانی تورکیان نییە و ناتوان پرۆسەی ڕیفرۆمی ئەم ولاتە بەشێوەیەکی هێمنی و سەردەمیانە بەرێخەن، سەرئەنجام وولاتی تورکیا بەم شێوەی ئێستای بهێلنەوە.

ئوردوگان، لە ئێستادا لە هەولی ئەوەدایە لە ڕێگەی هەندی کاری درۆینەوە و نەزۆك وەك ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەل ڕوسیا و ئیسرائیل و ڕازیبون بەمانەوەی ئەسەد کەمێك پرۆسەی کۆتایی هاتنی تورکیا ڕاگریت یان دور بخات. بەلام، چونکی هیچ یەکێك لەم کارانە وەلامی کێشە سەرەکیەکانی تورکیا نیین ناتوانی کۆتایی بە شکستی حەتمی ئەم ولاتە بەم شێوەی ئێستای بهێنێت. کێشەی سیاسی هاوشێوەی نەخۆشی مرۆڤە، چۆن تەنها و تەنها لە ڕێگەی چارەسەری دروست دەکرێت کۆتایی بە نەخۆشیەك بێت، ئاواش تەنها و تەنها لە ڕێگەی چارەسەرەی ڕاستگۆیانەو ڕاست دەکرێت کۆتایی بە کێشە سیاسیەکان بێت. ئەمەی داوایش نە لەتوانای ئۆردوگاندایە نە نیەتی ئوردوگانیشە. ئەمە جگە لەوەی روسیا، ئیسرائیل، سوریا و ئێران کڵاوی ئۆردوگانیان بەسانایی ناچێتەسەر؛ ئەوان باشتر ئوردوگان دەناسن لەوەی خۆی دەنوێنی. هەر بۆیە دیار نییە تەنانەت چەندە ئۆردوگان دەتوانی ئەم گۆڕانە حەتمیەش دوابخات.

ئەوەی جیگای داخە، لە کاتیکدا دەکرا کێشە ناوخۆیەکانی تورکیا بە ئاشتیانە چارەسەر بکرایە. سود لە تاقیکردنەوەی خوێناوی گەڵان وەربگیرایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیەکانی ووڵات بە ئاشتیانە. کەچی بەهۆی بەرچاو تەسکی و دەمارگیری ئوردوگان و ئاك پارتی، لە ئێستادا ئوردوگان و پارتەکەی ڕێگای دابەشکردنە خوێناویەکانی هاوشێوەی روسیای گۆرباتشۆف و یەلتسنیان بەخێرایی گرتۆتەبەر. چاوەروان دەکرێ دابەشبوون و تێکچونی تورکیا زۆر خوێناویتر بێت لەوەی تاکو ئێستا ناوچەکە بەخۆیەوە دیوە. ئەمەش لەبەرئەوەی دەمودەزگای پۆلیس و عەسکەر و چەندرم و … تاد تورکی زۆر لە داعش لۆمپنترن و فاشیسمی تورکیش دامالدراوە لەهەر پرنسیپێکی ئینسانی وهەلسوکەوتی شارستانی و سەردەمیانە.