شارە ناوازەکەی سلێمانی ... سامی سابیر

بەری بیری میرانی ژانگرتووی بەبە لە مێژبوو بۆ پاراستنی چەقی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی بابانی کوردو قایم کردنی شوێن پێی وەچەکانیان لە مەترسیەکانی عەجەم کە ناوبەناو ڕەشەبای ڕەشی کاولکاریان لای ڕۆژهەلاتەوە هەڵیئەکرد بۆ سەر قەڵەم ڕەوی بابان، هەروەها بۆ ڕێگری لە ئۆردووی غافڵگیری تورکە تۆرانیەکان، وە پێشگیری لە هەڕەشەو هێرشەکانیان هەر زوو زادەی دروستکردنی شارێکی لای بابانیەکان لێ کەوتەوە.

بۆیە بە فەرمانی ئیبراهیم پاشای بەبە، پێش ٢٣٢ ساڵ لەمەوبەر کۆرپە شارێ لەدایک بوو، وردە وردە دامەزرا، گەورە بوو، لە خەم ڕەخسا. لە ساڵی ١٧٨٤ زایندا لە کەشێکی تەڕ و تەماوی و شێداردا، بە دارو پەردووی خانووە ڕوخێنراوەکانی قەڵاچوالان و بە بەردی شین و پتەوی گردە گڕوێ و لە دامێنی پان و بەرینی گۆیژەی سەر کەش و پێدەشتی شەپۆل شێوەی سەوزەڵان و نەرمە نیشیندا، بە مامانی خانەخوێی پیرو دڵسۆزی دایکە مەڵکەندی و، بە ئێشک و چاو لەخەو تۆراوی گڵە زەردەو بەرانان و، گورگانە شەوێی و پیرە مەگروون و پاسی قەیوانی قاییم و، بە نزای پیاو چاکان خوایە لایدەی ئەم کۆرپە شارەمان لە بەڵای ناگەهان و لە شەڕی شەیتان، کوژەکە درا لە نێوچەوان. لە بەرەبەیانا، کە گزنگی خۆر لە دەمکەلی گۆیژەوە هەڵهات و پژا بەسەر گردی گوڵان و دار ئەرخەوانەکانا، بە ملیۆنەها تاڵە تیشکی زیوینی دەزوولەیی بەرگپۆشی ئاونگی سەر گژوو گیاو قەرسیل و قامیش و قەڕەمی کانی ئاسکان و تەواوی ناوچەکەی کرد، کە بە شێوەی دەفرێکی دەم پەل و کراوە ئەهاتە بەرچاو، هەر زوو نووکی تاڵەکانی ئەو چەپکە تیشکە پرشنگدارە ڕوناکی گەیاندە سورداش و سارا و لێواری بازیان، چەپگێڕی چاویشی بۆ قەرەداغ چەرخاندوو، زەنگی قۆناغێکی نوێشی دا بەگوێی قەڵاچوالاندا.

دەنگدانەوەی دەنگی لێدانی تەپڵ و دەفی ئەم ڕووداوە ناوازەیە، بروسکە ئاسا گەیشتە چواردەورو خەڵکیش بۆ بە پیرەوە چوونی بانگەوازی بابان پۆل پۆل پیاوماقوڵ و نۆکەرو پاڵەو چەکمەڕەق، ڕوویان لە دیوەخانی بابان دەکرد، تا بەدەم شینەوەو خواردنی گوێزەبانەو شیرینیەوە تەکبیری ناولێنانی ئەم کۆرپە شارە بکەن. پاش گێنگڵی بیرو بیرکردنەوە، هەمووان کۆک بوون کە لە سێ (سڵێمان) ناوێ هەڵبژێرن بۆ پایتەختی نوێی بابان

 (سڵێمان) باپیرە گەورەی ئیبراهیم پاشای بابان

(سڵێمان) مامی ئیبراهیم پاشای بابان

(سڵێمان) یەکێ لە کوڕەکانی ئیبرهایم پاشای بابان.

خۆ ئەگەر بکەین باسی دین و عیلم و عیرفان، ئەوا دروستکردنی مزگەوتی گەورە، ئەکاتە هاوزەمانی دروستکردنی شاری نوێی بابان. ئەو کات بۆی دامەزرا مەلای دەرچووی مەدرەسەکەی قەڵاچوالان، خوێندکارەکەی هەزارمێردی لای (ئیبن الحاج)کەی زانای زاناکان و مەلا عەبدوڵای بێتووشیە، کە ئەویش شێخ مارفی نۆدێی بەرزنجیە. سلێمانی گەورە بوو، ئیبراهیم پاشا فێری دەوڵەتمەداری و ڕێزگرتنی زاناو ڕۆشنفیکران کرد، بۆ پێکەوە ژیانی، ئاشتیانەی ئاینەکان، جوەکان هانیان بۆ کاک ئەحمەدی شێخی شێخان برد، مۆڵەتی دان لە خوار شار گەڕەکی جولەکەکانیان دروستکرد، پیشەگەری و زەڕەنگەریان بۆ ناو ماڵەکانیان برد، مەولانا خالیدی نەقشبەندی بۆ پاڵاوتەکردنی ڕووحی دانیشتوانەکەی و خۆشەویستی خاک و خەڵکەکەی بە پیادەڕەو غەزەنین و کابوڵ و قەندەهاری تا هندستان تەی کرد. . . سلێمانی بە شعرەکانی سالم و نالی وکوردی گۆشکرا، یار ئەحمەد (مامە یارە) کوڕەزای هەمزە ئاغای یەکێ لە دوانزە سوارەی مەریوان، داکۆکی لێکردووەو ئەمەکداری سلێمانی و فەرمانەکانی میر ئەحمەد پاشا بووەو دەنگی تۆپخانەکەی دوژمنی سەرسامکردووە. . . لە نسکۆی کۆتای حوکومڕانی باباندا عەزیز بەگی ئەوڕەحمان پاشا بۆ هەژموونی ئیسماعیل پاشای تۆرانی نەژاد ملی نەدا. چەقی ملی دەسەڵاتی داگیرکەری لە تەپەی قشڵەدا گەمارۆدا، تیر بارانی کرد، تەپلی تەپانی پێکرد، ڕیچ و فرەیزەرو ئەمین زەکی بەگ مێژوویان نوسیوەتەوە. پیرەمێردی بوێژو بوێر و خاوەنی (ژین و ژیان) لاوانی فێری چڕینی سرودی ووتنەوەی مێژووی دێرینی نەتەوەو یادی نەورۆزو کردنەوەی ئاگری سەری ساڵ و ساڵنامەی کوردنی کردوون. سەدان شاعیر و بوێژوو سیاسەتمەدار هونەرمەند لەم تەمەنە کورتەدا لە مناڵانی سلێمانیدا لەدایکبوون. سلێمانی ڕەمزی بەرخۆدان و شارێکی بزێ و چست و چالاک وبەهرەمەند بووەو هەیە. ڕەمزی پێشکەوتنی هەمەلایەنەی ژیان و ژیاری سەردەمەو مێمڵی بێ وێنەی شارە دێرین و بەتەمەنەکانی کوردستان و ناوچەکەیە. بە حەق شێخ ڕەزا ڕاستی پێکاوە کە باسی شەڕی نێوان والی سنەو قایمقامی سلێمانی ئەکات و ئەڵێت: (لەبیرم دێ سولەیمانی کە دارو موڵکی بابان بوو. . . نە مەحکومی عەجەم، نە سورخرەکێشی ئالی عوسمان بوو. )

لە کۆتایی ووتەمدا، سەد خۆزگە وانەمان لە مێژوو وەرگرتایە. . . هیچ دارێکی کورد بە پوازی خۆی نەشکایە. . . خواستی هەمووان بەرزی ئاڵای کوردان و پێچەوانەی ئەو پەندە بوایە. . . تەواوی هێزو بازوومان یەکگرتوو بوایە.

تێبینی: پێشکەشە بە کاکە پیرە تا من و سلێمانی لەیاد نەکات بۆ هەتایە.

25. 04. 2016

سامی سابیر