پەیوەندیە سۆزدارییەکەی مەلا‌عەبدولەتیف سەلەفی وکچە خوێندکارەکەی ناچێتە خانەی بابەتێکی شەخسییەوە، چونکە مامۆستا کەسایەتییەکی گشتییەوڕابەری سەلەفیەکانە لە کوردستان ورۆژانە بانگهێشتی خەڵک دەکات بۆ رەفتارکردن بە پێودانگی چی باشەو چی خراپە لە روانگەی رێبازەکەی خۆیەوە. بەمەش دەیەوێت بنەما رەوشتیەکانی کۆمەڵگا دابڕێژێتەوە بەوجۆرەی لە وێناو تێڕوانینی خۆیدا هەیە. هاوکات، مامۆستا مافی بەخۆی وهاوپیشەکانی داوە دەخالەت لە وردودرشتی ژیانی خەڵکدا بکەن.

ئەوەی ئەم پەیوەندییە سۆزدارییەی کردۆتە نائاسایی ودەنگدانەوەیەکی وا گەورەی لێکەوتەوە، خودی پەیوەندییەکە نیە بەڵکو ئەو دەبڵمۆراڵی ودوفاقیەیە لە وتە وکرداری مامۆستادا. هەرلەسەرەتاوە، مامۆستا ئەو دەنگۆو بەڵگانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لەبارەی پەیوەندیەکەوە بڵاوبۆوە، رەتکردەوەو بەجۆرێک پیشانیدان کە مەبەست لێیان ناشرینکردنی ئیسلام وپەیامەکەیەتی، ئنجا ناوزڕاندنی ئەوە. هەربۆیە حاڵەتەکەی شوبهاندوە بەو روداوە هاوشێوانەی کە بەسەر پەیامبەرانی خودادا هاتوە. مەبەست لەم خۆیەکسانکردنە بە دین وخۆشوبهاندنە بە پەیامبەران، خۆپیرۆزکردن وخۆبەفریشتەکردنە، هەروەها خۆبینینەوەیە لەسەرو هەمو رەخنەیەک، وجەختکردنەوەیە لەوەی ئەو بابەتانەی لەسەر میمبەر ولەروانگەی ئاینەوە باسیان دەکات هەقیقەتی رەهان وناکرێت رەتبکرێنەوە. بینینەوەی خۆشی وەکو هەقیقەتی رەها، رەفتارو گوفتارەکانی دەباتە سەروو رەخنەوە چونکە لەو هەقیقەتەوە سەرچاوەیان گرتوە. مامۆستا لە وتار وئامۆژگاریەکانیدا عاشق بەڕسوای ئەم دنیا ودۆڕاوی ئەودنیا وێنا دەکا، وعەشق دەخاتە خانەی حەرامکراوانەوە، بەڵام خۆی کارێکی لەو جۆرە دەکات. کاتێک کە راستیودروستی بوونی پەیوەندییە سۆزدارییەکە لە تۆمەتەوە بو بە روداوێکی ‌حاشاهەڵنەگر، هەموو ئەو تێڕوانین ولێکدانەوانەی خودی خۆی هەیبوون بۆ ژیان وعەشق ودین پێچەوانەبوونەوە وسیحرەکەشی لە خۆپیرۆزکردن وهەقبێژی بەتاڵ بۆوە.

ئەوەی جێگەی هەڵوێستەلەسەرکردنە ئەوەیە کە ئەم رەفتارەی مامۆستا نە لەگەڵ پەیامە ئەخلاقیەکەی خۆیدا یەکدەگرێتەوە، نە لەگەڵ تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردیشدا بۆ عەشق پێکدێت، چونکە لە پەیامەکانی ئەودا رونە عەشق وخۆشەویستی نێوان پیاو وئافرەت حاڵی چۆنە، چونکە بەبۆچونی مەلا‌عەبدولەتیف دڵ تەنها جێی عەشقی خودایە. لە کۆمەڵگای کوردیشدا بەستنی پەیوەندی سۆزداریی لەگەڵ ژنی مێردداردا ناچێتە چوارچێوەی عەشقەوە بەڵکو بە خیانەتی هاوسەری ئەژمار دەکرێت. ئەم پەیوەندییە سەرباری رەهەندە ئاینی وکۆمەڵایەتیەکەی، ڕەهەندی یاسایشی هەیە کە بەپێی یاسای باری کەسێتی ژمارە 15 ی هەموارکراوی ساڵی 2008 فرەژنی بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجە یاساییەکان سزای لەسەرە.

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو بەشدارییە گەرموگوڕەی خەڵکە بەهەموو چینوتوێژەکانەوە لە گەنگەشەکردنی بابەتەکەو گەڕان بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیودروستی پەیوەندییەکە وتاوتوێکردنی ڕەهەندە ئاینی وکۆمەڵایەتی ویاساییەکانی. دەرخستنی دووفاقی رابەری سەلەفیەکان لە کوردستان کاریگەریی دەبێت لەسەر سەرڕێخستنی نوێبونەوەیەکی فکریی بە رەتکردنەوەی دنیابینی وتێڕوانینی شوێنکەوتوانی رەوتی سەلەفیەت بۆ کۆمەڵگای کوردی.