ئەو کاتەی مرۆڤ ڕاوی دەکرد و لە ئەشکەوت دەژیا ژیانی سادەی هەروەک هەموو ئاژەڵیکی دی بریتی بوو لە دابین کردنی خواردن لەو سەرچاوە سروشتییەی کە دەستی پێ بگەشتایە. مرۆڤەکانی سەردەمی ئەشکەوت نە پەرستگایان هەبوو نە گوند و شار نە پادشاو نە دەسەڵاتدار. دیاردە و چەمکی وەک، دین، حکومەت، دەسەڵات، دادۆشینی یەکدی، ئەخلاق، گەندەڵی و چەوساندنەوە جارێ لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی نەڕسکابوو. مرۆڤەکان بە کۆمەڵی گچکە گچکە لە نێو ئەشکەوت و پەنا و پاساردا خۆیان لە گەرمی و سەرما دەپاراست و هەروەک هەر ئاژەڵێکی دی ژیانیان سادە و ساکار بوو، وەک هەموو ئاژەڵێکی دی بەشێکی زۆری چالاکێکانیان بریتی بوو لە تێر کردنی هەستە غەریزەیەکانیان، بە تایبەتی هەستی برسێتی و سێکسی. مرۆڤ لەم چاخانەدا پتر ژیانێکی ئاژەڵئاسای بەسەر دەبرد.

مرۆڤ لەگەڵ گەشەکردنی هۆشیدا توانستی هۆشەکی خۆی بەکارهێنا بۆ زاڵ بوون بەسەر سروشت و سەرچاوەکانی. دەستی کرد بە کشتوکاڵ، نشیمەنی لە ئەشکەوتەوە گواستەوە بۆ خانوی دەستکردی خۆی بۆ حەانەوە و پاراستن لە گەرما و سەرما. بۆ ڕاپەڕاندنی کاری ڕۆژانەی هۆش و سەلیقەی بەکارهێنا،  لەگەڵ گواستنەوەی لە ئەشکەوتەوە بۆ گوند و شارۆچکە و شار، داهێنانەکانیشی لە برەودا بوو. ژیان و پێداویستییەکانی لەگەڵ هەموو هەنگاوێکی پێشکەوتندا ئاڵۆزتر دەبوون. مرۆڤەکان وەک کۆمەڵگەیەک بە ژمارەی زۆر لە گوند و شارەکان پێکەوە دەژیان، ئەم پێکەوە ژیانەش لە کۆمەڵگەدا پێویستی بە یاساوڕیسا هەیە بۆ ئەوەی ژیانی تاکەکان و پێوەندیی نێوانیان ڕێکبخات. لێرەوە دیاردە و چەمکەکانی وەک دین، دەسەڵات، ئەخلاق و گشت دیاردەکانی تری سەر بە کۆمەڵایەتی خوڵقان کە هەر هەموویان ئاکامی گەشەکردنی هۆش و بیری مرۆڤن.

دیاردەی گوندو شار بۆخۆی شارستانەتی ئافراند، لەگەڵ ئافراندنی شارستانییەکانیشدا دەوڵەت و ئیمپراتۆرەکان دامەزران کە پاشاو قەیسەرەکان فەرمانڕەوایان بوون. پەرستگا و پیاوانی ئاینی پەیدا بوون کە ئەمانیش بۆ خۆیان دەسەڵاتێکی دینیی و مەعنەویان هەبوو. بە کورتی کۆی دەسەڵاتەکان لە هەموو بوارەکاندا بە دەست پیاوانەوە بوو. هەر بۆیە باوکسالاری پیاو لە کۆمەڵگەدا کۆمەڵێک یاساوڕیسای بە چواردەوری لەشی ئافرەت داڕشت. ئەمە لە کاتێکدا پاشاو حاکمەکان لە نێو لەوەڕگای خۆشی جەستەی ئافرەتاندا تەراتێنیان دەکرد.

لێرەدا وتەیەکی مامۆستا مەسعوود محەمەد دەهێنمەوە لەمەڕ ڕەفتاری مرۆڤ مامۆستا دەڵێت  :"که‌ غه‌ریزه‌ تێکه‌ڵ به‌ هۆش ده‌بێ هه‌زاران هه‌زار وێنه‌ی گونجاو و نه‌گونجاو له‌ ڕه‌فتاری تاک و کۆمه‌ڵ ده‌دزێته‌وه‌. " بێگومان مرۆڤە بە دەسەڵاتدارەکانیش وەک هەموو مرۆڤێکی دی خاوەن غەریزەن، وەک هەر مرۆڤێکی دی ئەوانیش حەزەکانیان، ئارەزۆی نەفەسیان و غەریزەکانیان دەبێت تێر بکرێت. ئەوان بۆ دابین کردن و تێر کردنی ئارەزۆکانیان وەک هەر مرۆڤێکی سادە نین بەڵکو دەسەڵات و ئیرادەیان لە سەروو هەموو یاساوڕێسایەکەوەیە. ئەمە جگە لەوەی سەرچاوەیەکی مەزن و بێسنوری خۆشی مادییان لەبەردەستدایە کە لەوەڕگایەکی بێسنوری خۆشییەکانی ژینی بۆ فەراهام کردون تێیدا بلەوەڕن. هەر بۆیە بە درێژایی مێژوو دەسەڵات کە هەردەم بە دەست پیاوەوەیە بەردەوام وشەیەک هاوەڵی بوە ئەویش وشەی ژنە. واتە دەسەڵات و ژن لە مێژە لەیەکدی مارە کراون. ژن هەروەک لە وێنە بەناوبانگەکەی فرۆیدا نەخشە کێشراوە بەشێکی فراوانی هۆش و بیری پیاوی داگیرکردوە.  

 

 

نموونە زۆرن لە چیرۆکی خەلیفەکان، سوڵتان و پادشاکانی ئەم جیهانەی ڕۆژهەڵات کە جگە لەوەی لە ڕێگای یاساوڕێسای ئاسمانییەوە بە دەیان ژنیان لە خۆ مارە کردوە، لە هەمان کاتدا بە دەیان و سەدان جاریە و کەنیزەیان لە دەور بووە. ئەو چیرۆکانەی لە خەلیفەی عەباسی هارونە ڕەشیدی بەناوبانگ دەگێردرێتەوە دەربارەی ئاهەنگ و زەماوەندەکانی دیوەخانەکەی و ژنەکانی دەوروبەری خۆ ئەگەر چارەکێکی ئەو چیرۆکانەش ڕاست بێت ئەوا چیرۆکەکان پێمان دەڵێت کە چۆن هارونە ڕەشید بەهەشتێکی لە ژیانی ئەم دنیا بۆخۆی دروست کردبوو لە کاتێکدا هەر خودی ئەو هارونەڕەشیدە هانی ڕەعیەکانی دەدا کە لە پێناو ئیسلامدا بجەنگن بۆ بەهەشتی پاش مەرگ و ئەو دنیا.  

دەسەڵاتی ڕەها کە بە دەست تاکێک، بنەماڵەیەک یاخود گروپێکەوە بێت جا ئەو دەسەڵاتە لە هەرکوێیەکی جیهاندا ببێت، دەبینیت بە زۆری ئەو جۆرە دەسەڵاتانە لە دەریای گەندەڵی و بێ ئەخلاقی خنکاون. لێرەدا مەبەست لە بێ ئەخلاقی ئەو پێناسە بەرتەسکە نیە کە لە ڕۆژهەڵات بۆی دەکرێت بەڵکو هەموو ئەو کارە دزێوانەیە کە بە موڵک و ماڵی گشتیەوە بۆ خوشگوزەرانی تاقمی دەسەڵاتدار دەکرێت. بۆ نمونە دزینی چەند سەدهەزار دینارێک لە لایەن بەرپرسێکەوە کە بۆ تەرخانکردنی کتێب بۆ منداڵانی هەژاری کوێرە گوندێکی کوردستان تەرخان کرابێت بێ ئەخلاقییەکی مەزنە چونکە بەو کارە بەرپرسی دز دەرفەتی پێگەیشتن و بەرەوپێشچون لە دەیان منداڵی کورد دەگرێت لەبەر خاتری خۆشگوزەرانی خۆی ئاکامەکەشی مانەوەی ئەو منداڵانە بە نەخوێندەواری یاخود کۆلکە خوێندەواری دەبێت و ئەمەش دەرفەتی پێشکەوتن و پێگەیشتن لەو زارۆکانە دەگرێ کە دەزانین گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگە بە ڕەخساندنی دەرفەتی گەشەکردنە بۆ تاکەکان. هەر بۆیە هەموو دروشمێکی قەڵەوی پفدراوی کابرای بەرپرس لەمەڕ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی درۆ و بێ واتایە چونکە ئەو بەو کارە دزێوەی بەربەستە لە پێشکەوتنی تاک کە ئەمەش ئاکامەکەی نەوەیەکی نەخوێندەواری کەسایەتیی لاوازیی هۆشکول بەرهەم دەهێنێت کە زۆر ئاستەنگە کەسایەتیی لەو بابەتە بتوانێت خۆی ڕزگار بکات لە کۆیلایەتیی و ژێردەستی. هەڵبەت من کە لێرەدا دەڵێم دزینی چەند سەد هەزار دینارێک شتێکی زۆر کەمم وتەوە لە چاو ئەو سامانە زۆرەی لە باشوری کوردستان بەفیڕۆ دەردرێت. بەرپرسێک چۆن بە خۆی ڕەوا دەبینێت جوانترین و نایابترین ئۆتۆمۆبێلی سەردەمی لە ژێردا بێت، لە خانویەکی کۆشکئاسا ژیان بەسەر بەرێت بەڵام هەر ئەو بەرپرسە بێ خەم بێت لە نەبونی قوتابخانە بۆ دەیان هەزار زارۆکی کورد. لێرەدا ئاستی تێگەیشتن و ئەخلاقی ئەو بەرپرسە دەردەکەوێت کە چەند نزمە.

لە جیهانی دیمۆکراتیی و پێشکەوتودا، کە دەسەڵاتدار دەسەڵاتی ڕەهای نییە، سنوردارکردنی دەسەڵات و دابەشکردنی بەسەر چەند دامودەزگایەکدا تا ڕادەیەکی باش ڕێگری کردوە لە گەندەڵی و ڕەفتاری بێ ئەخلاقیانەی دەسەڵاتدار. گەر نمونەی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بهێنینەوە کە لە ئاستی دیمۆکراتی پلە جوداوازن،  دیمۆکراتی وڵاتانی ئەسکەندەناڤی قۆناغی زۆر بەرزتری بڕیوە لە چاو وڵاتانی خواروی ئەوروپا هەر بۆیە ئاستی گەندەڵی لە وڵاتێکی وەک سوید یاخود فینلەندا گەلیک نزمترە لە چاو وڵاتانی وەک یۆنان و ئیتاڵیا. بێگومان سیستەمی دیمۆکراتی تا پێشکەوتوتر بێت و تاکو کۆمەڵگەش باشتر رێکخراو تر بێت و لە هەمان کاتدا تاکو تاکەکانی کۆمەڵگە پتر هوشیارتر بن ئەوا بواری گەندەڵی و بێ ئەخلاقی بەرپرسەکان تەسکتر دەبیت.

هەندێک نمونەی گەش هەیە لە جیهاندا کە دەسەڵاتدارەکان لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتێکی تا ڕادەیەک رەهایان هەبووە بەڵام جڵەوی غەریزەی خۆیان لغاو کردوە و خۆیان نەگلاندووە لە کاری گەندەڵی و بێ ئەخلاقی. نمونەی هەرە گەش مەهتاما گاندی هیندستانە. گاندی بەناوبانگە بە بەوەی کە هاوڕێی ژیانێکی سادە و ساکار بوو. کە سەرکردایەتی ناڕەزاییەکانی گەلی هندی گرتە دەست دژی داگیرکەری بەریتانی و پاشانیش سەربەخۆیی هیندستان هاتە دی لەگەڵ ئەوەی کە تاکە سەرکردەی بی ڕکابەر بوو کەچی بەردەوام بوو لە ژیانی سادەی خۆی. هەڵبەت گەر گاندی مرۆڤێکی بڵندنۆڕ نەبوایە، گەر ئاستی تێگەیشتن و ڕەوشتی لە لوتکە نەبوایە، خاوەنی باوەڕیکی پتەو نەبوایە، لای ئەو ئامانج و ئاوات لە هەر شتێک پیرۆزتر نەبوایە بێگومان نەیدەتوانی جڵەوی غەریزەکانی بگرێت و بە سانایی خۆی دەدا بە دەست خۆشیەکانی ماددیی و نەفسیی ژیان و لە دەریای گەندەڵی و بێ ئەخلاقی دەخنکا و دەوروبەریشی بە کۆمەڵێک مرۆڤی هەلپەرستی گەندەڵی هیچ لە بار دەتەنرا.

نمونەیەکی تری گەش لە پاکی و ڕەوشت بەرزیی دەسەڵاتدار نیلسۆن مەندیلای سەرۆکی ئەفسوناویی باشوری ئەفەریقایە. ماندیلا نمونەیەکی پاکژی دەسەڵاتداری کیشوەری ئەفەریقایە کە بە داخەوە زۆربەی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوایەکانی لە پلەی یەکەمن لە گەندەڵی و بێ ئەخلاقی، لە زۆر حاڵوباریشدا یان بە کوشتن یاخود بە زەبری هێز لە دەسەڵات دەکەون و ناویان دەچێتە زبڵخانەی مێژوەوە، بەڵام مرۆیەکی وەک ماندیلا خۆشەویشتی ملیۆنان مرۆڤی بۆ خۆی بردەوە و لە نێو دامودەزگا نێودەوڵەتێکاندا بە ڕیزەوە ناوی دەهێنرێت و یادی دەکرێتەوە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەر شێوە حوکمی بنەماڵەیی و دیکتاتۆریی بە لانکەی دەسەڵاتی گەندەڵی و بێ ئەخلاقی دەسەڵاتدارەکانی ناوی دەرکردوە. لیستی گەندەڵیی و ئافرەتبازیی و بێ ئەخلاقیی دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی سەدام و ئەسەد و پاشاو شێخەکانی خەلیج ئاشکران و پێویست بە باسکردن ناکات. گەندەڵی و دزینی ماڵی گشتی لە لایەن مەلاکانی ئێران و دەسەڵاتدارانی تورکەوە باسوخواسێکە کە سەرچاوەکەی ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی خودی خۆیانە. حوکمڕانی عێراق و باشوری کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتە گەندەڵەکانی جیهاندان بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئەو دامودەزگا نێودەوڵەتیانەی کە چاودێری گەندەڵی دەکەن لە ئاستی جیهاندا. ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان وشەی گەندەڵی ڕۆژانە دەیان و سەدان جار لە ڕاگەیاندنەکاندا ناوی دەهێنرێت بێگومان ئەمەش نیشانەیەکە بۆ بونی ئەو دیاردەیە دزێوە بە شێوەیەکی بەرفراوان.

 پارتی کرێکارانی کوردستان لە زۆر لایەن و چەمکەوە جیاوازی هەیە لە هێزە تەقلیدییەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تێڕوانین و فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە لەمەڕ دەسەڵات، ئەخلاق و هەڵسوکەوتی لەگەڵ پرسی ئافرەت. "کۆمەڵە گەریلایەکی دوور لە هەموو خۆشییەکانی ژیان" ئەمە پێناسەیەکی ڕۆژنامەنوسەکانی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک دوو ڕۆژنامەنوسیان چەند ڕۆژێکیان لە نێو گەریلاکانی پەکەکە بەسەر برد لە چیاکانی قەندیل. پاکژیی و ئەخلاق بەرزیی سەرکردە و کادیرە پێشکەوتوەکانی پەکەکە کارێکی وای کردوە کە هەرگیز نە من نە تۆی خوێنەر لە هیچ سەرچاوەیەکەوە نەمان بیستوە تەنانەت لە لایەن دوژمنەکانیشیانەوە تاوانبار بکرێن بە گەندەڵ یاخود هەڵسوکەوتی بێ ڕەوشتانە لەگەڵ ئەو هەموو کیژانەی لە دەوروبەریانن. خوێنەر وا تێنەگات ئەم قسانە لایەنگیریی سیاسی و یاخود سۆز بێت بۆ لایەنێک بەڵکو ئەمە ڕاستییەکە و چ پێوەندییەکی بە لایەنگیرییەوە نییە. کەم هێز هەیە لەم جیهانە پانوبەرینەدا هێندەی پەکەکە دژایەتی بکرێت و دوژمنی زۆر بێت، دوژمن زۆریی و بێ دۆستی پەکەکە لەبەر ئەوە نیە کە پەکەکەیە بەڵکو لەبەر کوردبونیانە وەک هەموو لایەکیش دەزانین کە کوردبون چەند دوژمن زۆر و نەفرەت لێکراوە لەم ڕۆژهەڵاتەی ناوەراستەدا.

ئەمڕۆ باشوری کوردستان لە هەموو ڕویەکەوە لە قەیراندایە، هەر لە قەیرانی شەڕی دەسەڵات و پلە و پایە، قەیرانی ئابوریی، قەیرانی نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان و هەڕەشەی چەتەکانی داعش و دەربەدەربونی دەیان هەزار کەس لەئەنجامی ئەو هەڕەشانە. گەندەڵی و هەوڵدانی مانەوە لە دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی مادیی تاک و گروپەکانی دەسەڵاتدار هۆکارێکی سەرەکی ئەو قەیرانانەیە.

 

١٦/١/٢٠١٥