یەکی ئایاری ئەنارکیستان ڕۆژی نەفرەتە لە سیستەمی سەروەری چینایەتی، لە دەوڵەت و پارلەمان، لە بکوژانی هاورێکانیان ١٨٨٦ ساڵی شیکاگۆ، هەشت کرێکار، هەشت ئەنارکیستی چالاکی بزووتنەوەی کرێکاری، هەشت نووسە و ئاژیتاتۆر، هەشت لە ڕادیکاڵترین دەنگەکانی ئەو سەردەمە، کە چەند مانگ بوو میدیای دەوڵەت و بۆرجوازی بۆ زیندانکردن و کوشتن و لەسێدارەدانیان پلانی دادەرشت، ئەو کات (تریبوونی نیۆیۆرک New York Tribune) دەمڕاستی بۆرجواکان و دەوڵەت ئاوای نووسی "پێویستە بە نارنجۆك خۆنیشاندانەکانی کرێکارانی مانگرتوو تێکبشکێندرێن. . . "


ئەنارکیستان وەك دەسەڵاتخوازە بەناوی "سۆشیالیست" و "کۆمونیستەکان" لە تیرۆر ولەسێدارەکانی هاوڕێکانیان، لە سەرکوتکرانی مانگرتنەکان و خۆنیشاندانەکانداجەژن نابینین و سەرکەوتنی سەروەری چینایەتی پیرۆزناکەن، ئەوان بایکۆتی هەموو ئاهەنگ و سیمینارێکی مێژووشێوێنەران دەکەن، چونکە یەکی ئایار مێژووی بزووتنەوەی ئەنارکستانە، بزووتنەوەیەك کە چەپ و ڕاستی کۆمەڵ لە دژی ئەو لە ڕاگەیاندنیاندا یەکێتییەکی سەوەریپاریزەرانەیان هەبوو؛ لەلایەك چەپەکان [دەسەڵاتخوازانی بەناوی سۆشیالیست] لە سەردەمی ناکۆکییەکانی نێو (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان - ناسراو بە نیونەتەوەیی یەکەم) بە ئەنارکیستەکانیان دەگوت "ئاژاوەچی، نوێنەری وردەبۆرجوازی، تێکدەری ڕیزی کرێکاران، خەیاڵپڵاو"، هاوکات لەلایەکی دیکەوە دەوڵەت و سەرمایەداران و میدیاکان تۆمەتەکانی چەپەکانیان پەرەپێدەدان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان کاریکارتێری ئەنارکیستانیان بە نارنجۆك و سیمای تیرۆرسیتییان بە ئەوان دەدا و ئاژاوەچی و تێکدەر و دژەکۆمەڵ و دژەئاسایش و . . تد دەناساند .


بۆ ئەنارکیستەکان یەکی ئایار ڕۆژی بەرەنگاری و هاوتێکۆشانی و هاوپشتی جیهانییە، ڕۆژی یەکیئایار مێژووی بزووتنەوەی ئەوانە، لەبەرئەوە زۆر بە دروستی لە ئاهەنگێڕان و جەژنگرتن وپیرۆزبایی دەسەڵاتخوازەکان تێدەگەن، چونکە لەسێدارەدان و خۆکوشتن وزیندانیکرانی هەشت ئەنارکیستی چالاك و ناسراو لە ئۆگوستی ١٨٨٦ خەونیدەسەڵاتخوازەکان بوو، کە پێشتر لەنێو (ئەنجومەنی نیونەتەوەیی زەحمەتکێشان)کەسایەتی و بیری هاوڕێیانی ئەونیان تیرۆرکرد و دواتریش پاش ڕاپەڕینی ١٩١٧لە ڕوسیە زیندانەکانی دەزگەی سیخوڕیی و تیرۆریستیی (چیکا) لە هاوڕێ ئەنارکیستەکانی پڕکران و وەك زیندانەکانیشیکاگۆ ئەنارکییەکان لەسێدارەدران و گوللەبارانکران.

ئەنارکیستان هەگیز لە خوێن و ئازاری هاوڕێیانیان خۆشنابن و یەکی ئایار هەمان ڕۆژی(مانگرتنی گشتی) و بەرەنگاربوونەوەی سەروەریی چینایەتییە، کە ساڵی ١٨٨٦ لەشیکاگۆ لە مەیدانی هایمارکت هاوڕێیانی گیانبەختکردوو [گیۆرگ ئێنگل Georg Engel (نیگارکیش خەڵکی کاسڵ– ئاڵمانیا)، ساموێل فیڵدن Samuel Fielden (کرێکاری بارکردن خەڵکی لەنکشەیر – ئینگلاند)، ئادۆڵف فیشەر Adolph Fischer (جاپگەر خەڵکی برێمن – ئاڵمانیا)، لویس لینگ Louis Lingg (دارتاش خەڵکی مانهایم–ئاڵمانیا)، ئۆسکار نێبە Oscar Neebe (لولەکیش خەڵکی نیویۆرك، تا سەردەمی لاوی لە کاسڵ/ئاڵمانیا ژیاوە)، ئەلبێرت پێرسنس Albert Parsons (جاپگەر خەڵکی ئالاباما)، میشایل شڤاب Michael Schwab (پەرتووکچن خەڵکی ئونتەرفرانکین– ئاڵمانیا)، ئاوگوست شپیسAugust Spies (مۆبیلدانەر خەڵکی هێسن– ئاڵمانیا]، تێدا چالاك بوون و گوتاریان خوێندەوە


چەپە دەسەڵاتخوازەکان و بۆرجواکان و پارلەمانتاران و دەسەڵاتداران ڕاستدەبێژن؛ تاکو ئەنارکییەك لە جیهاندا بمێنێت، ئاساییشی دەستەبژێرەکان و پارتییەکان و خاوەنکاران و سیستەم و سەروەریی چینایەتی و نەزمی بازار و کاری کرێگرتە و دارایی تابەت و دەوڵەتی ئەستەمە، هەر ئەو هۆکارەشە کە بە ئەوان دەگوترێت "تیرۆریست و ئاژاوەچی و تێکدەر".

ئەنارکیستەکان بازاری سەرمایە بە قۆرخکراوی دەوڵەتی و بەڕەڵاییەوە ڕەتدەکەنەوە؛ دارایی تایبەت و دەوڵەتی ڕەتدەکەنەوە، کاری کرێگرتە چ بۆ دەوڵەتی مارکسیستی و چ بۆ دەوڵەتی لیبراڵ ڕەتدەکەنەوە؛ هەموو دەزگە و پێکهاتەیەکی قووچکەیی و دەستەگەری ڕەتدەکەنەوە؛ هەموو بەرتەرییەك بۆ دەستەبژێرە بیریار و ڕۆشنبیر و ڕامیار و شارەزا و ئەکادیمیستییەکان و زاناکان ڕەتدەکەنەوە؛ هەموو پێکهاتەیەکی چینایەتی ڕەتدەکەنەوە و تێکۆشانیان لەپێناو کۆمەڵی ناچینایەتییە و دیکتاتۆری بەناوی "پڕۆلیتاریا" بە پووچگەراییەکی دەسەڵاتخوازانە دەبینن و وەك دیکتاتۆری پاشاکان و جەنەراڵەکان و پارلەمانەکان ڕەتدەکەنەوە؛ کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر پشتبەستوو بە خۆبەڕێوەبەریی گەلیی و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و یەکێتی فێدراڵیستی لەسەر بنەمای یەکسانی هەمووان لە دەسەڵات و هەلی کار و بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بڕیاردان و بەڕێوەبردن و جێبەجێکردن؛ کۆمەڵایەتییکردنەوەی گشت سامان و داراییەکان و کەرتەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی بەرهەم و سامانەکان و بڕیاردان و بەڕێوەبردن ئامانجی سەرەتایی و کۆتایی ئەناکیستەکانە و ئەنارکیستەکان تەنیا تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتیی و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بە سەنگەری شۆڕشگێڕانەی خۆیان دەزانن و تێکۆشانی ئەوان هەموو بوارێکی ژیان دەگرێتەوە، خۆیان بە ڕابەری کەس نازانن و هیچ کەسێکیش ناکەنە ڕابەری خۆیان، چونکە لە هزری ئەنارکیستیدا هەموو مرۆڤێك توانا و بەهرەی هەیە، ئەوە سیستەمی هەزاران ساڵەی چینایەتییە، کە توانا و بەهرەکانی مرۆڤ لەنێودەبات، دەوڵەت باڵاترین و پەرەسەندوترین دەزگەی نامۆکردن و پووکانەوەی توانایی و بەهرەی مرۆڤە، بیرکردنەوە و زیرەکی و ژیری و ڕۆشنبیری و دەرکردن و زانست و بەڕێوەبردن و بەهرەیەکی تایبەت بە دەستەبژێرەکان نییە و تەنیا لە کۆمەڵێکی ناچینایەتیدا ئازادی ڕەها* و یەکسانی هەمەلایەنە** و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی*** بەدیدێت.

----------------------------------------------

* ئازادی ڕەها؛ بە ئازادی هەمووان پشتئەستوورە و ملهوڕیی و دەسەڵاتی بێسنوور و چاوچنۆکی و مشەخۆریی ناچنە خانەی ئازادیی سروشتی و تاکەکەسیی و گشتییەوە، سنووری ئازادی هەر تاکێك هەمان ئازادی تاکەکانی دەوروبەریەتی.

** یەکسانی هەمەلایەنە؛ مەبەست یەکسانی ماف و ئەرك و دارایی و بڕیاردان و بەهرەمەندبوون و ڕۆڵی کۆمەڵایەتییە، ڕەتکردنەوەی هەموو هەڵاوردنێکی ئایینی، ڕەگەزیی، نەژادی، کولتووری، دەستەبژێریییە، نەك یەکسانی جەستەیی و حەز و چێژییە کەسییەکان.

*** دادپەروەری کۆمەڵایەتیی؛ بە مافە سروشتییەکانی مرۆڤ و ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییە ئازادەکان لەسەر بنەمای بەهرەمەندیی هەمووان لە سامان و داهات و خۆشییەکانی کۆمەڵ، هەرەوەزی و هاوپشتی و دەستگیرۆیی یەکدی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ، پشتئەستوورە.

٣٠ی ئەپڕیڵی ٢٠١٦