ئێمە سەرباری ئەوەی دووپاتی دەکەینەوە مانگرتن و ناڕەزایەتی فەرمانبەران لەبەرانبەر دواکەوتنی موچەکانیان مافێکی ڕەوایە و تێگەیشتنی تەواومان بۆ داخوازییەکەیان هەیە، هاوکات تاکیدی دەکەینەوە مافی هاوڵاتیان و ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانیان لە فەرمانگەکاندا ئەرک و مەسولیەتی هەموولایەکمانە . پابەندبوون بە دیسپلینی بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانمان لە فەرمانگەکاندا بەتایبەتی لەم قەیرانە دارایی و ئابوورییەی هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت هیچی کەمتر نیە لە بەرگری کردن لە نیشتمان و خۆبەخشی پێشمەرگانە لە سەنگەرەکانی پاراستنی کوردستاندا . ئەم جۆرە بەرگری کردنە وەک بەرەی نێوخۆ ( جبهە الداخلیە ) لە کاتی جەنگدا تەواوکار و پشتیوانی ڕاستەوخۆی بەرەی جەنگە و دەبێت هەموولایەکمان بەوپەڕی مەسولیەت و گیانی لەخۆبوردەییەوە، هوشیاری لەدەست نەدانی ئەرک و مافەکانمان بین .

دەبێت هەموو لایەکمان، هاوڵاتیان، فەرمانبەران، دەستەڵات، پێشمەرگە، پارلەمان و نوێنەرانی خەڵک پێکەوە بە جیاوازی شوێنی سەنگەرەکانمانەوە لەبەرەی بەرگریکردن و پتەوکردنی پەیوەندی نێوانمان و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانماندابین . هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان (بەهەموو چین و توێژەکانیەوە) توانیوویەتی لە سەخترین نەبوونی و قەیران و جوت ئابڵۆقەی ئابووری و دارایی دوانزە ساڵی پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا خۆڕاگر و بەتوانابێت، کە چەندین مانگ جارێک بڕەموچەیەکی وەردەگرت، سەربڵند و جوامێرانە ئەو بەرگریەی لەژیان و کیانی کوردبوونی خۆی دەکرد، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی ئەو هەڵوێستە لە خۆمان دەکەین . دەتوانین بەم دۆخە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەدا تێپەڕێین . لەوەش دڵنیابین خزمەتکردنمان لە کاتی درەنگ کەوتنی موچەکانماندا بەشێکە لە پرۆسەی پاراستنی ئەمنی ، کۆمەڵایەتی و ئیداری هەرێمەکەمان . هاوکات دەرفەتی ئەوەشمان هەبێت پیاچوونەوە بە کۆی سیستەمی دارایی و ئابووری خۆماندا بکەینەوە، چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم کێشەکانمان بدۆزینەوە .

 

با لە فەرمانگەکانمانەوە، سەنگەرەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی بەرگری نیشتمانی بەهێزتر و پتەوتر بکەین . چۆڵکردنی سەنگەری فەرمانگەکان، جگە لە لاوازکردنی هەیبەتی دەوڵەت و سیستەمی بەڕێوەبردن، کاریگەری نەرێنی دەخاتە نێو سەنگەری بەرگریمانەوە . تکایە با هەموومان بەو پەڕی لەخۆبوردەیی و ئازایەتیەوە باپەندبین بە ئەرکەکانمانەوە و شکۆی فەرمانگەکانمان بپارێزین . پەیامی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بە ڕوونی گەیشتن . ئیدی پێویستە بگەڕێنەوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانتان، دەبێت هەمووان پابەندی پاراستنی مافی هاوڵاتیان و دیسپلینەکانی فەرمانگەکانی خۆیان بن .