پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، شێوازێكی دیكەی رژێمی بەعس بوو، لە جینۆسایدكردنی گەلی كورد، كە تێیدا بە هەشت قۆناغ زیاتر لە 182 هەزار كەس لە ژن و منداڵ و پیرو گەنج لە گۆڕی بە كۆمەڵدا كۆمەڵكوژكران و زیاتر لە 5 هەزار گوندیش وێران و تاڵانكران.
پرۆسەی ئەنفال كە لە ساڵی 1988 دەستیپێكرد زۆربەی ناوچەكانی گرتەوە، تێیدا دڕندەیی رژێمی بەعس بەرامبەر بەكورد گەیشتە لوتكە و تائێستاش كاریگەرییە خراپەكانی ماون و هێندە بە ئاسانییش ناڕەوێتەوە.
جێگەی خۆیەتی لەیادی ئەم كارەسات و جینۆسایدەدا:
1-
داكۆكی لە تەواوی مافی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بكەینەوە بەتایبەت دابینكردنی گوزەرانی شایستە بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان و پێدانی مووچەكانیان بەبێ كەمكردنەوە و لەكاتی خۆیدا و پێویستە تایبەتمەندیان لەبەرچاوبگیرێت.
2-
هیچ پاسا و بیانویەك نەهێندرێتەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دواكەوتنی موچەكانیان، ژیان و گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێویستی بەچاكسازییە بەرەو باشتركردن، نەك بەناوی چاكسازییەوە موچەكانیان دوابخرێت و باس لە كەمكردنەوەی بكرێت.
3-
دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق كەیسی ئەنفالی كوردی بە تاوانی بەجینۆساید ناساند، بەڵام هێشتا ئەم پرس و دانپێدانانە یاساییە دیوێكی خەمساردی تێدایە، هەم لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە و هەمیش لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، ئەویش قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و كیمیابارانی كوردستانە.
4-
هێشتا زۆرێك لەوتاوانبارانەی بەجۆرێك لەجۆرەكان دەستیان هەبووە، لە پرۆسەی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی كورددا، دەبێت دادگایی بكرێن و چیتر داڵدە نەدرێت.
5-
پرسی جینۆسایدی كورد بەنێودەوڵەتی بكرێت و هەموو هەوڵەكان لەو پێناوەدا بەگەڕبخرێن و تاوانی هاوشێوە بەسەر كورد و گەلانی عیراقدا نەهێندرێت.

حاكم قادر حەمەجان
كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی ی. ن. ك
14/4/2016