چەند رۆژێك بوو کوردانی باکوور، وەك پێشاندانی ناڕەزایەتییەك دژ بە هێرشە وێرانکارییەکانی حکومەتی ئەردۆگان و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری کوردستان؛ لەنزیك پەرلەمانی ئەوروپا خێمەیەکیان هەڵدابوو. ئەوان خوازیاری گوشاری زیاتری یەکێتی ئەوروپابوون بۆ سەر تورکیا. تورکیاش پەیتا پەیتا گلەیی و گازندە و رەخنەی ئەڕاستەی ئەوروپا دەکرد و بەتایبەت داوای لە برۆکسل دەکرد کە ئەو خێمەیە هەڵگرن چونکە(پەکەکە وەك داعش تێرۆریستە). دوای بەردەوامبوونی خێمەکە، لەلایەن چەند تێرۆریستێکی تورکەوە کە بە "گورگە بۆر"ناسراون؛ سووتێندرا.

چەند رۆژێك بەسەریدا تێنەپەڕیی و برۆکسل خەڵتانی خوێن کرا.

ئەگەر لەبیرتان بێت لەگەڵ روودانی تەقینەوە خۆکوژییەکانی پاریسدا، بەندە بابەتێکی بچووکم نووسیی و پێشبینیی ئەوەم کرد، کە مەترسیی گەورە بۆ سەر بەلجیکا و برۆکسلە دوای پاریس. ئاخر برۆکسل بە رووکەش و بە کردەوەش زیاتر لە پایتەختی مەغریب دەچێت تا پایتەختی بەلجیکا. ئەو هەموو ئاسانکارییەی بۆ ئەوان کراوە تا وەك هاوڵاتییەکی بەلجیکیی جیاوازییان نەبێ، توانیویانە دەست بەسەر جومگەکانی ئەو شارەدا بگرن.

لە دروستبوونی قاعیدەوە تا ئێستا، تێرۆری ئیسلامیی تێرۆری عەرەبە، ئەگەرچی مۆری تێرۆر لەنێوچەوانی زیاتر لە یەك ملیار موسوڵمان دەدرێت. رۆژئاوا لەبەر بەردەوامی کڕین و فرۆشتن و بەرژەوەندییەکانیان هەرگیز جورئەتی ئەوەیان نەکردووە بڵێن ئەم تێرۆرە تێرۆی عەرەبە و، دەبێت سەرچاوەکانی وشك بکرێن، تەنیا وەك تێرۆری چەند گرووپێکی بێسەروبەر وێنیایان کردووە. بەدەر لەوەی کەچەند دەوڵەت و چەند کەسایەتیی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی ئەو دەوڵەتانە پشتگیریی مادیی و مەعنەوییان دەکەن. لەبیر و هزری هەر مرۆڤێکی موسڵمانی عەرەبدا چەسپاوە، کە ئەم گەردوونە مڵکی عەرەبە و رۆژێک هەر دێت بەکردەیی ببێت بە هی ئەوان، لەکاتی زیندووبوونەوەش بەهەشت هەری هی ئەوانە و زمانی بەهەشتیش هەر عەرەبییە، کەواتە پرۆسەکە خۆی پرۆسەی تەعریبێکی بەردەوامە.

هاوڵاتییە مەغریبیی و جەزائریی و تونسسییەکان کە لەم وڵاتانەدا جێگیربوون و مناڵیان بووەو وەك هاوڵاتی ئێرە گەورەبوون، بەبێ پەروەردەیەکی دروست گەورەبوون، زۆربەی هەرە زۆریان لە خوێندن و ژیانێکی ئاسایی سەرکەوتوو نەبوون، یان بە دزیی یان بە تلیاککێشان و فرۆشتنییەوە سەرقاڵن، هاوڵاتی ئەم وڵاتانە لەهەرە موسڵمانە توندڕەوەکانن کە رێکخراوە توندڕەوەکان کەڵکیان لێوەردەگرن.

لەئەڵمانیا چەندین ملیۆن تورك هەن، لەهەر شارێکدا چەندین مزگەوتی گەورە و بچووکیان بنیاتناوە، بەڵام بۆ خزمەتی کۆمەڵایەتیی و نەتەوەیی تورك کەڵکیی لێوەردەگرن نەك بۆ تێرۆر، ئەمە لەکاتێکدا کە حکومەتەکەیان گەورەترین پاڵپشتی داعشە. تەواوی ئەمڕۆ جگە لە کەناڵە ئەوروپییەکان، سەرنجی کەناڵە عەرەبییەکانیشم داوە، بەتایبەتیی کەناڵە ئەوروپییە عەرەبییزامنەکان و کەناڵە عەرەبییەکانی وڵاتانی خودی عەرەب، ئەوەی جێی سەرسامیی و تێڕامان و بێزرانە، ئەوەیە کە هەموویان بیانوو بۆ تێرۆری عەرەب دەهێننەوە و، لەجیاتی داننان بەراستییەکانی خۆیاندا، کۆمەڵگەکانی ئەوروپا تاوانبار دەکەن گوایە ئەوان بواریان بۆ نەڕەخساندوون بگونجێن و تێکەڵ ببن! سەرۆکی رێکخراوێکی عەرەبیی لەمیانەی ئەو گلەیی و رەخنانەیدا بۆ فرانس 24 دەیگوت:(لەهۆڵەندا تەنیا چەند ئەندام پەرلەمان و سەرۆك شارەوانیی و ئەندام شارەوانییەکمان هەیە!) جەنابی ئەمەی پێ کەمە! چۆن؟، ئاخر دەبێت ئەوان دەست بسەر تەواوی حکومەتدا بگرن، بێئەوەی ویژدانیان هەبێت و لەخۆیان بپرسن لەکام وڵاتی عەرەبی ئیسلامییدا، دوو پەنابەر مەسیحیی یان موسڵمانی دیکە رەگەزنامەیان وەرگرتووە گیەشتوونەتە پلە و پایەی سیاسیی، هێشتا نیوەی گەلی کوەیت رەگەزنامەی کوەیتیی نییە و بە(بدون: بەبەێ رەگەزنامە) ناویان دەبەن، چونکە سەرەڕای ئەوەی لەباب و باپیرانیانەوە لەو وڵاتەدا دەژین و عەرەب و موسڵمانیش، هەر بەئێرانی ناویان دەبەن، بەڵام مەغریبییەک کە برسییەتی زۆری بۆ دەهێنێت، سواری شەپۆلی مەرگ و دەریا دەبێت، ئەگەر دوای چەند ساڵێکیش ببێت بە ئەندام پەرلەمانی وڵاتێکی ئەوروپیی یان وەزیر، هێشتا بەلای عەرەبەوە کەمە و غەدریان لێکراوە.

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی بەردەوامی تێرۆر، قەشمەرییکردنی شەڕی داعش و بەردەوامبوونییەتی، لەکاتێکدا پێشمەرگە و شەڕڤاڤانی کورد سنووری زیاتر لە 1700 کیلۆمەتر دەپارێزن و لە شەڕێکی بێوێنەی ئەم تێرۆریستانەدان، حکومەتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا هێشتا دوودڵ لەوەی راستەوخۆ چەند کڵشینکۆفێکی چیکیی و چەند سنووقەفیشەکێك بدەن بە کوردستان، حکومەتی ئەڵمانیا بەو گەورەییەی خۆیەوەتەنیا 30 بۆبمهاوێژی سەرشان جۆری (میلان) و 500 گوللەی ناردووە بۆ پێشمەرگە، هەموو بیانووەکەشیان ئەوەیە، با بەغدا زویر نەبێت، دەبێت بەغدا رەزامەندیی لەسەر بێت. ئەمە جگە لەوەی هێشتا پەکەکە بە تیرۆرسیت دەزانن و بە گومانیشەوە دەڕواننە پەیەدە چوانکە لەو نزیکە.

ئەم تەقینەوە و کردەوە خۆکوژییانەی برۆکسل؛ رێك دوای رێککەوتنی ئەوروپا و تورکیا دێت لەسەر سنوورداشتکردنەوەی پەنابەران بۆ تورکیا و،  پێدانی چەندین ملیار ئۆیرۆ بە تورکیا لەبەرامبەر ئەوەدا، هەروەها هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر هاوڵاتیانی تورك.

چەند پرسیارێکی گرنگ گرنگ لەم رووداوەدانەدا دێنە ئاراوە، ئایا تورك وەك حکومەتی ئەکەپە مەبەستمە، دەستی تێدایە یان نا؟ ئایا ئەوروپا لەمەودواش هەر بەساردیی و بە ناردنی چەند مەفرەزە راهێنەر و چەند بار فیشەکێك شەڕی داعش دەکات، ئایا ئەوروپا چاو بە پەیوەندییەکانیدا دەخشێنێتەوە لەگەڵ ولاتانی عەرەبیی پشتگیریکەری تێرۆری ئیسلامییدا؟

تێرۆری ئیسلامیی تێرۆری مەسیحیی بەردەهەم دێنێت

لەبەردەوامیی ئەم کارە نامرۆڤانانەی داعش و قاعیدەدا، ئەگەری زۆر هەیە دژ بە توندڕەوی ئیسلامیی، توندڕەوییەکی مەسیحیی بێتە کایەوە، خۆ ئەگەر ئەمە رووبدات ئەوا هەرچی مرۆڤایەتیی لە شارستانیی و ئازادیی دێمۆکراسیی بنیاتی ناوە، دەکەوێتە مەترسییەوە.

* مستەفا چوارتایی

    chuartaiy@gmail.  com