١١ی ئازاری ٢٠١٦

- ڕێکەوتننامە شومەکەی جەزائیر ڕووینەدەدا . . .

- ئاشبەتاڵ شومەکە دەروونی تاکە ڕزگاریخوازەکانی کۆمەڵی کوردی وێراننەدەکرد . . .

- پێشلەشکریی "قیادە موەقەتە" بۆ ڕژێمی ئیسلامی ئێران و هێنانەوەی پاسدار بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان ڕووینەدەدا . . .

- جەنگی نێوخۆیی ١٩٧٧- ١٩٨٧ ڕووینەدەدایەوە . . .

- ڕێکەوتنە شومە سێ قۆڵییەکەی دەوڵەتانی عیراق - ئێران - تورکیە ڕووینەدەدا . . .

- شەرێ هەکاری و کۆمەڵکوژکردنی نیئۆ-جەلالییەکان ڕووینەدەدا . . .

- ساڵی ١٩٧٨ڕاگواستنی گوندەکان ڕووینەدەدا . . .

- جەنگی هەشت ساڵەی عیراق - ئێران ڕووینەدەدا . . .

- ئەنفالی بارزانییەکان ڕووینەدەدا . . .

- کۆمەڵکوژکردنی ئەندامانی (حشع) لە قڕناقا و پشتئاشان ڕووینەدەدا . . .

- هێنانی پاسدار بۆ سەر بیرەنەوتەکانی باباگوڕگوڕ ڕووینەدەدا . . .

- بە بەکرێگیراوکردنی "جاشکردنی" خەڵکی ڕاگوازراو و بێکارکراوی گوندەکان لەنێو ئوردووگە و شارەکان ڕووینەدەدا . . .

- زیندووکردنەوەی خێڵایەتی ڕووینەدەدا . . .

- کیمیابارانی دۆڵی جافایەتی و بالیسان ڕووینەدەدا . . .

- هێنانی پاسدار بۆ هەڵەبجە و کیمیاباران ڕووینەدەدا . . .

- کۆمەڵکوژکردنی پیشمەرگەکانی (گوردانی شوان)ی کۆمەڵە ڕووینەدەدا . . .

- ئەنفاڵکردنی قەرەداخ و گەرمیان و . . تد ڕووینەدەدا . . .

- هەزاران کەس زیندانی و تیرۆر و لەسێدارە نەدەدران . . .

- داگیرکردنی کوەیت ڕووینەدەدا . . .

- جەنگی دووەمی کەنداو/ پەلاماردانی عیراق ڕووینەدەدا . . .

- ئابڵوقەی ئابووریی دەهە و نێوێك لەسەر عیراق و هەریمی کوردستان ڕووینەدەدا . . .

- سازشی ١٩٩١ بەرەی کوردستانی لەتەك ڕژێمی ئەنفالکەر و پیلانی تێکشکاندنی ڕاپەڕین ڕووینەدەدا . . .

- کۆڕەوی ملیۆنی و نەهامەتییەکانی ڕوویاننەدەدا . . .

- کوشتوبڕی ڕاپەڕیوان ڕووینەدەدا . . .

- تیرۆرکردنی هەزاران ژن پاش ڕاپەڕین ڕووینەدەدا . . .

- لێبوردنی گشتی بۆ بەکرێگیراوان بەناوی "چەکداری شۆرشگێڕ " پێویست نەدەبوو . . .

- جەنگی نێوخۆیی ١٩٩٤- ١٩٩٨٧ ڕووینەدەدایەوە . . .

- گاردی کۆماریی ڕژێمی بەعس و تانکەکانی بۆ هەولێر نەدەهێنرانەوە . . .

- سوپای پاسداران بەرەو کۆیە نەدەبرا . . .

- هێرشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پەکەکە ڕوویاننەدەدا . . .

- ساڵی ١٩٩٤کوشتوبڕ و تەقە لە خۆنیشاندەرانی دژی جەنگ نەدەکرا . . .

- عیراق نەدەبوونە گەراجی لەشکرکێشی تورکیە و ئێران . . .

- ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان نەدەبوونە تاقیگە و مەشقگەی لەشکر و تۆپخانەکانی دەوڵەتانی ئێران و تورکیە . . .

- عیراق و هەرێمی کوردستان نەدەبوونە بازار و هەڕاجخانە و شوێن چەپاوڵی کۆمپانییە جیهانییەکان . . .

- نەوتی عیراق تاڵانفرۆشنەدەکرا . . .

- سامانی سروشتیی هەرێمی کوردستان تاڵان و خاکی کوردستان کوناودەر نەدەکرا . . .

- رێکەوتننامەی پەنجا ساڵی نەوت لەتەك دەولەتی تورکیە واژۆنەدەکرا . . .

- کەرتە گشتی و دەوڵەتییەکان پارتیی و تایبەتینەدەکرانەوە . . .

- ئەو هەمووە گروپ و پارتییە ئیسلامییە دروستنەدەبوون . . .

- جەنگە نیوخۆییەکان لەتەك ئیسلامییەکان ڕوویاننەدەدا . . .

- ژنکوژی نەدەبووە شوناسی خەڵکی هەرێمی کوردستان . . .

- نووسەران و ڕۆژنامەنووسان تیرۆرنەدەکران . . .

- ئێستا هەزاران ئازیزی لەسێدارەدراو و کوژراو و ئەنفالکراومان لە ژیاندا دەبوون . . .

- چەند ملیۆن کورد و عیراقی ئاوارە نەدەبوون . . .

- داعش دروستنەدەبوو و نەدەهێنرایە عیراق . . .

- جارێکی دیکە لە هەزارەی سێیەم ئیزیدییەکان جینۆسایدنەدەکرانەوە . . .

- ژنانی مەسیحی و شەبەك و ئیزیدی نەدەکرانە کەنیزەك . . .

- بازرگانانی سەر بە (پدک) و (ینک) نەوت و گازی داعش'یان ساخنەدەکردەوە . . .

- هەڵبەتە ئەوەش بڵێم، كە (بارزانی) و (تاڵەبانی) و ئەوانی دیكە نەدەبوونە یەكەمین ملیاردلێری یەكەمی خۆرھەڵاتی ناوین، هەر ئاوا كاسەلێس و دەربارەكانیان نەدەبوونە كەڵەگای ڕاسەری كۆمەڵی هەریمی کوردستان و دروستکەری ئاژاوە لە "ڕۆژاوا" و باکوور . . .

- زۆر شتی دیکە، کە ئێوەی خوێنەر لە من باشتر ئاگاداریان هەن و وردتر دەیانزانن . . .


بەڵام، ئەو ڕاستییەمان لەبیرنەچێت، ئەگەر بڕیاری تەقەکردنەوەی بارزانی بە فەرمانی شای ئێران و دەوڵەتی ئەمەریکا نەبووایە، زۆرێك لە نووسەران و "چالاكان" و پسپۆڕان و . . تد میدیاکارانی زماننەزانی ئێستای هەرێمی کوردستان ناویان لە کوڵەکەی تەڕیشدا نەدەبوو، شارێكی بێبەرهەمی وەك سلێمانی نەدەبووە پێگەی دەیان ملیارلێر و سەدان ملیۆنێر، ئیدی با هەولێر و دهۆك و (سەری سپی) لەولاوە بوەستێت.

لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە، بەدڵنیاییەوە سازشکردن لەتەك دەولەتی عیراق ساڵی ١٩٧٥ هەم دەبووە ڕێگر لە وێرانبوونی کوردستان و هەم بوار بۆ ڕۆشنبیربوون و هوشیاربوونەوەی جەماوەریی و هەڵکشانی کولتووریی و کۆمەڵایەتی دەڕەخسا و هەم دەوڵەتان و کۆمپانییەکانی ئێران و تورکیە و دەوڵەتان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان لە بەرەکەتی جەنگەکانی نێوخۆ و دەرەوەی عیراق بەهرەمەندنەدەبوون.


ئایا ئێستا بە شرۆڤەکردن و هەڵسەنگاندنی ئەو بزووتنەوە چەکدارییەی کورد، کە ساڵی ١٩٧٦ سەریهەڵدایەوە، بێجگە لە ماڵوێرانی کوردان و ئەو نەهامەتییانەی سەرەوە و خزمەتکردن بە دەوڵەتانی داگیرکەر هیچی دیکەی سەرەنجام بووە یا بەرهەمهێناوە؟

ئایا ئەنفالکران و کوژران و لەنێوچوونی هەزاران مرۆڤی کورد و عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشووری و وێرانبوونی ژینگە لەو جەنگە نێوخۆیی و دەرەکییانەدا، بێجگە لە قوربانیبوون بۆ بەدەسەڵاتگەییشتنی تاڵانکەران و گەندەڵان و ملهوڕانی ئێستا و ڕێگەخۆشکردن بۆ دیکتاتۆریی سەرانی کورد و شیعە و سوننە لە سەرەتای هەزارەی سێیەم، هیچی دیکە بووە؟