دادگای کەتنی هەولێر، بە گوێرەی یاسای ڕۆژنامەگەری و لەژێرناوی تەشهیر، دوو ملیون دیناری بەسەر کەمال ڕەئوف سەرنوسەری پێشوی هاوڵاتی و حەوت ملیون دیناریش بەسەر ڕۆژنامەکەدا سەپاند لەسەر بابەتێک کە چوار ساڵ بەر لە ئێستا بەناوی ( مردنی خوا لە ئیسلامدا ) بڵاو کرابۆوە !

پرسیارێک کە دەبێ بکرێ ئەوەیە هەڵدانەوەی ئەم پەروەندە کۆنە لەم ساتە وەختەدا وە بەتایبەتی لە سەر بابەتێکی ئاوا دەبێ چ ئامانجێکی بەدواوە بێ ؟

دەسەڵاتی ئەحزابی کوردی، ئەمڕۆ کوردستان و خەڵکەکەیان تووشی ئەونەهامەتی و ڕۆژ ڕەشیە کردوە کە پێوست بە باس کردن ناکات، لەگەرمەی ئەم بارودۆخەدا بابەتێک زەق دەکەنەوە کە لە وەتەری ئیحساساتی خەڵکی بە دین بدات ئەمەش وەک پەیامێک بۆ کۆمەڵگا کە گوایە ئەوان لەم هەلو مەرجەدا " خوا " لە بیر ناکەن ولە حەقی ئەو خۆشنابن!! بۆ ئەوەی زەینی خەڵک بە ئاقارێکدا بەرن کە خواپەرستیە و گەڕانەوەیە بۆ قەزاو قەدەری خوا .

دین هەمتشە بە درێژایی مێژوو دوا سەنگەری هێزە سەکوتگەرەکان بووە کاتێک ترسی لافاوی هەڵچونی جەماوەری لەئارادابووە .

داعش یەکێک لە ئامانجەکانی هێشتنەوەی زەین و هۆشی ئینسانە لە جو‌‌‌غزی خواپەرستی دا و کۆنتڕۆڵکردنی لەم چوارچێوە تەسکەدا بە جۆرێک کە جگە لە قەبروقیامەت بیر لە هیچی کە نەکرێتەوە، دەسەڵاتدارنی ئەمڕۆی کوردستانیش پێی بزانن یا نەزانن بەم هەڵوێستە خزمەت بە هەمان مەبەست دەکەن.

دەسەڵاتی ئەحزابی کوردی لەماوەی 25ساڵ حوکمڕانی خۆیاندا زۆرهەنگاوی دژی خەڵکیان ناوە، یەکێک لە دیارترینیان خەفە کردنی دەنگی ئازادە و ڕێگری لە فکرو هزری ئازاد، بۆ ئەم کارەش نەک پەنایان بردۆتە بەر دادگا، بەڵکو دادوەر و جێەجێکاریش، زۆر جار، هەر خۆیان بوون وەک لە کەیسی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و . . . ئێستا ڕەنگە منەتیش بکەن بەسەر ئەو دەنگە ئازادانەی داویانن بە دادگا گوایە ڕەحمیان پێ کردوون و خاتریان گرتون دەنا "سزای گەل و شۆڕش" ئامادەیە. ڕاستیەک کە چاوپۆشی لێناکرێ ئەوەیە دەسەلات باش لە مەترسی بیرو فکری ئازاد گەیشتۆە بۆیە زۆر لێی بەداخە وبەتایبەت لەم هەلومەرجەدا دەیەوێ بەهرە بەرداری سیاسی لێبکات.

ئەگەر ئەمە لایەکی مەسەلەکە بێت لاکەی دیکەی ئەم دادگا سەیرو سەمەرەیە کە لە کوردستان دا هەیە ! لە نێو سستمی " دیموکراتی " لەهەندێک ووڵاتی دیموکراتی، دەسەڵاتی ڕەها بەسەر هەموو جومگە سەرەکیەکانی کۆمەڵگا لە دەست دادگا دایە وە هیچ دەسەڵاتێک لەو باڵا تر نیە، بەڵام لەم ووڵاتەی ئێمەدا کە هەموو شتێک بە حزبی کراوە ناکرێ دادگاش لە دەرەوەی ئەم بازنەیە بێت. دەسەڵات ئەم دەزگا گرنگەی تەنیا بۆ ئامانجی خۆی خستوتە گەڕ، بە جۆرێک کە گومان لە بەشێکی زۆری بڕیارەکانی بکرێ بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە خەڵک و دەسەڵاتەوە بوبێ.

لەنێو ئەم زەلکاوی گەندەڵکاریەی ئەمڕۆی کوردستان، لە نێو ئەو بارو دۆخە قەیراناویە دا، دادگا دەبوو شمشیری خۆی بەرەو ڕوی گەندەڵکاران ڕا بکێشێ نەک بە ڕووی دەنگی ئازاد، دەبوو سەرانی حزبەکان پەلکێشکا، تاڵانچیەکان، ئەوانەی ژیان و گوزەرانی خەڵکیان گەیاندە ئەم ئاستە .

دادگا لە بەرامبەر دەیان تاوانی دیکەدا چاوی نوقاندوە، سەدان ژن کوژ، هەزاران دز و جەردەی سامانی گشتی، دەیان مەلاو خەتیبی مزگەوتەکان کە خەڵک بۆ داعش دەنێرن .

ئەم دەسەڵاتە لە لوتکەی بن بەستی خۆیدایە ئەم هەنگاوەی دادگاکەشی جگە لە تەعبیر لەم بونبەستە ناتوانێ هیچی دیکە بێت.

عەبدوڵا ساڵح

١٧ / ٢ / ٢٠١٦