دوای 25 ساڵ لە حکومڕانی، شکستهێنان و ئیفلاسبوون بوو بە بەشی دەسڵاتداری حزبی و مافیایی لەم هەرێمە، دەسەڵاتداریەک 25 ساڵ بێت لە ژێر فەرمانی کەسانی نەزان و شکستخواردوو دابێت بێگومان ئاقیبەتی هەر بەم جۆرەی ئێستا دەبێت، کەسانێک کە بە پێڵاوی دڕواوە بە ناو جۆگەلەی خوێنی خەباتی ئەم گەلە دا هاتن و گەیشتن بە دەسەڵات و بوون بە بزنسمان و ئەم نیشتمانەیان بەش بەش و هەراج کرد بۆ زیاتر بوونی پارەی حساب بانک و دامەزراندنی گرووپی کۆمپانیای مەزنتر.

  ئەگەر ئەم نیشتمانە بێ خاوەنە توانیبای قسەبکاو هاتبا گۆ، ڕەنگە نەفرینی لە هەموومان کردبا بۆ بێ دەنگی و ترس و لەرزمان لەبەرامبەر ستمەکار و گەندەڵچیەکانی ئەم هەرێمە، نیشتمان و میللەتێک دوای سەدان ساڵ لەداگیرکاری کوشتن و بڕین چاوەڕێ بوو بە خەبات و تێکۆشانی نەبڕاوەی خۆری ئازادی و سەربەخۆی لێ هەڵبێت، ئەگەرچی 25 ساڵ لەمەبەر ئەم خۆرەمان لێ هەڵهات بەڵام هەر زوو کەسانێک وەک شەمشەمەکوێری برسی بە کۆمەڵ دەرکەوتن و بەری ئەم خۆرەیان بە ڕەشی خۆیان لێل و تڵخ کرد و دوای 25 ساڵ لە حکوم هەموو شتێکیان لەم هەرێمە لە پێناو مەرامی خۆیان توشی قەیران کرد، دواتریش لیژنەی بێکرداری زۆر و زەوەندیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە دروستکرد.

  ئەگەر هاوشێوە وەک حکومەتە دیموکراتەکانی دونیا لەم هەرێمە حکوم کرابە، ئەوا بێگومان دەبوا لەم 25 ساڵە لە حکومڕانی سەدان جار بە هۆی زۆری قەیران و شکستی مەزنەوە حکومەت هەڵبوەشێندرابایەوە، بەڵام بۆ تەنها جارێکیش نەمانبینی لە پێنج کابینەی حکومەت هیچیان هەڵبوەشێندرێتەوە هیچ وەزیر و بەرپرسێک دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنیان و کۆمەڵێک کەس وەک لیژنە ڕادەسپێردێن، کە لەڕاستیدا زۆرجار خودی ئەوکەسانە بەشێک بوون لە هۆی دروستبوونی ئەم قەیرانانە! مێژووی دروستبوونی قەیران و دروستکردنی لیژنە لەم هەرێمە مێژوویەکی 25 ساڵییە لەگەڵ دەستپێکی حکومڕانی کوردی، بەجۆرێک هاوڵاتیان ئاشنایەتی زۆریان بەم دوو وشەیە پەیداکردەوە هەموو ڕۆژێک بێ بەش نابن لە بیستنی و بینی ناوی قەیران و لیژنەی نوێ!

  زۆر و زەوەندی قەیران هەنوکە و دەسەڵاتی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان ئیفلیج کردەوە، بەشێوەیەک ئەم جارە دروستکردنی سەدان لیژنەوەو کۆبونەوە دادی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە نادات بەشێوەیەکی تەواو، گەورەترین قەیران لە ئێستادا قەیرانی داراییە کە کاریگەری تەواوی هەبووە لەسەرکۆی گشتی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت یەکێک بێ لە هۆکارە سەرەکیەکانی قەیرانی دارای لە هەرێم، ئەوە بێگومان هۆی ڕاستەقیەنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە لەپێناو دەنگی زیاتر و مانەوە لە کورسی دەسەڵات سەدان هەزار کەسی حزبەکانیان وەک موچە خۆری بندیوار لە سەر بودجەی گشتی دامەزراندووە، بەشێوەیەک ژمارەی موچە خۆرانی گەیشتووەتە 1. 4 ملیۆن کەس، لە کاتێک ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان خۆی 5 ملێۆن کەس تێپەرناکا! لەگەڵ قەیرانی دارایی چەندان قەیرانی تریش ڕۆژانە بەرۆکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی گرتووە وەک قەیرانی کەمی کارەبا و سوتەمەنی و دەرمان و قەیرانی گرانی شتومەک و چەندان قەیرانی تری دروستکراو لەلایان دەسەڵاتەوە، ئەوەی پێویستە هەموومان بیزانین ئەوەیە هیچ کات ئەم جۆرە لەدەسەڵات کە کەسانێک بەڕێوەی دەبەن تا سەرئێسقان توشی گەندەڵی بوون، هیچ کات ناتوانن چارەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ چارەسەکردنی ئەم هەموو قەیرانە زۆر و زەوندەی ڕووی لەم مەملەکەتە کردووە، چونکە هەر ڕێگایەک بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردن ئەوا بێگومان کۆمپانیا حزبی و کەسەکانیان توشی شکست دەبێت، زۆر ڕوونە هۆی سەرەکی سەرهەڵدانی ئەم قەیرانانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هەم دز و گەندەڵیەی ئەو کەسانە لە لەماوەی ئەم 25 ساڵە کردویانە، بۆیە گونجاو دەبێت لەمەو دوا ناوی هەرێمی کوردستان بنێین هەرێمی قەیران .