چەند ساڵیک بوو برا بچکۆلە باخەکەیی لەلایەن براگەورەکەیەوە بە تۆپزی لێ داگیرکرابوو. باخەکە لە ئەستێڵکێکی هەڵبەستراوی ژووروویەوە ئاوی دەهاتە سەر. ئەو ئەستێڵکەش لە کانییەکی ژووروویەوە ئاوی بۆ لادرابوو. برا گەورەکە هێندە بە زەبروزەنگ بوو ئەو کانییەشی لە خاوەنەکەی داگیرکردبوو. پاش چەند ساڵیک لە هەوڵ و تێکۆشانی برابچکۆلە بۆ گەڕاندنەوەی زەوییەکەی رؤژێک براگەورە بەهۆی گەوجی و هەڵەی تەماحاوی خۆی و دوژمنداریی لەگەڵ خاوەنهێزێکی لە خۆی بە زەبرتر دووچاری بەرەنگاربوونەوە دەبێت و لەناودەبرێت. لە ئەنجامی ئەوە برا بچکۆلە باخەکەیی دەستدەکەوێتەوە. لە هەمانکاتیشدا کانییەکە دەدرێتەوە خاوەنەکەی. ئەمانیش هەردووکیان بڕیاریاردەدەن ڕێکبکەون. خاوەن باخەکە بە خاوەن کانییەکە دەڵیت:

ــ برا، تۆ ئاوم بۆ بنێرە بۆ ناو ئەستێڵکەکە منیش لەبری ئەوە هێندەی بتوانم سەوزەت دەدەمێ و بێ بەرهەمی باخەکەمت ناکەم.

ئەويش لەبەر ئەوەی کابرایەکی بێ زیان و سادە بوو، لەلایەکی تریشەوە دەیزانی برا بچکۆلەکە خاوەن ویژدانە و ئەو کانییەکەیی داوەتەوە، پێشنیارەکەیی زۆر پێخۆش بوو. ماوەیەک بەو شێوەیە گوزەرانیان کرد. باخەوانەکە و میراوەکە ڕێکیشکەوتن ئەو ماسیانەی لە ئەستێلکەکەدا بە مەبەستی کاسپی و خۆراک لەوساوە بەخێوکرابوون، تیایدا هاوبەشی یەکتر بن. خاوەن باخەکە پێش ئەوەی زەوییەکەی وەربگرێتەوە چەندساڵێک شەریکێکی هەبوو پێکەوە هاوکار بوون. دوای وەرگرتنەوەی زەوییەکەی جارجار سەردانی ئەمی ئەکرد. ناسیاویی لەگەڵ میراوەکەش پەیدا کردبوو. لەگەڵ هەردووکیان ڕێککەوت کە ئەویش بە چەند ماسییەک هاوبەشییان لەگەڵ بکات.

گەرمەی هاوین بوو. باخەوانەکە تەماشای کرد هەندێک لە سەوزەکانی زەردییان لێ نیشتووە. کەمێک ڕاما. تێگەیشت لە ئەنجامی ئەوەیە میراوەکە ئەو داوایەی چەند ڕۆژێک لەوەپێش کردبووی هێناویتییە دی؛ کە ئەگەر بەشێکی زیاتر لە بەرهەمی سەوزەکەی نەداتێ بە گوێرەی ئەوە ئاو لە باخەکەی دەبڕێت. پاش کەمێک بیرکردنەوە لەبەرخۆیەوە گوتی:

ــ بە هیچ جۆرێک لەو باوەڕەدا نەبووم ئەمەی بەڕاست بێت! خۆ ئەوە کردی بەڕاست! هەر ئێستا دەچم بۆلای.                                                 وردەوردە بە کەناری جۆگەکەدا بەرەوژوور کەوتە ڕێگا. لە ڕێگەیدا دەیبینی چۆن ئەو چۆڕە ئاوەی بە جۆگەکەدا تێپەڕدەبوو کەم بووبووەوە. گەرماکەش هێندەی تر کاری دەکردە سەر گەندەڵبوونی زەوی ناو جۆگەکە و تینووتری دەکرد. ئاوەکە پێشەکی دەبوایە لە ئەستێڵکەکەدا پەنگبخواتەوە. بەشەو جارێک و بەیانیان زوو جارێک بەرەڵا بکرایەتە سەر کشتوکاڵەکە تا بە هوروژم بگاتە ناو باخەکە و بەشی ئاوخواردنەوەی سەوزی و ڕووەکەکان بکات. بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی و گەرمی هاوینەکە ئاوەکە تا دەگەیشتە ناو باخەکە هیندەی نەدەمایەوە تا هەموو سەوزەکانی پی تێرئاو ببن. پێش ئەوەی بگاتە لای کانییەکە کە لە لایەوە کەپرۆکەیەک دروستکرابوو بڕیاریدا تەماشایەکی ئەستێڵکەکە بکات. پێشەکی ساکا، تەماشایکرد ماسییەکان لە لیتاوێکی تا راددەیەک تەنکدا پەلەقاژێیانە. زۆر بەناویەکدا جرتوفرتیانە. بەخێرایی کلکیان ڕادەوەشێنن و بێئاوی هەراسانی کردوون. یەکەمجاری بوو ئەوە ببینێت. ماوەیەک واقی وڕما. ماوەودوا لەبەرخۆیەوە گوتی:    ــ باشە ! من تێدەگەم ئاوی تیانییە لیتاو نەبێت بەڵام ئەم جرتوفرتەتان لە چی؟

یەکێک لە ماسییەکان لێیهاتە زمان و گوتی:

ــ جرتوفرتی چی! ئێمە بەمە دەمانەوێت ناڕەزایی خۆمان پیشانبدەین، ئەگەر وا نەکەین جەنابت وادەزانیت هیچ ڕووینەداوە لێمان، ئەوسا هێندەی تر بێ ئاو دەبین.                 ــ باشە، باشە ! بەڵام ئەمە گوناهی من نییە، میراوەکە ئەم کارەی بەسەر هێناون، سەوزە و کشتوکاڵەکەی منیش خەریکە وشکدەبێت.                              ــ بەڵام ئێمەش دەزانین ڕێکنەکەوتنی ئێوەیە ئەمەی بەسەر ئێمە هێناوە.                 ــ باشە ! ئایا تۆ لە ماسییە تازەکان نیت؟ خۆ تۆ لە ماسییەکانی من نیت، بۆچی وا دەمت گەرمە؟ دەترسم تۆ ئەم جرتوفرتەت فێرکردبن! بەم جرتوفرتە چیتان دەستدەکەوێت؟              ــ ئێمە بۆیە وادەکەین بەربەستەکان هێندە تەڕبکەین بتلیسێنەوە و خۆمان بگەیەنینە ناو ئاوی کانییەکە، ئیتر چاوەرێی منەتی ئێوە نەبین. دووهەفتەی ڕەبەقە ئاوتان لە ئێمە بڕیوە و ئێستاش ئێمە دڵنیا نین لەوەی هەفتانە ئاومان بدەنێ. ئەمجارە بەرگەی ئەوە ناگرین دوو هەفتە لەسەر یەک ئاومان لێ ببڕن. .

کابرای خاوەن باخ لە دڵی خۆیدا گوتی: ئەم چەلەحانێیە کەڵکی نییە، با بڕۆم بەلای کارمەوە. هەردوو دەستی خستە پشتییەوە و وردەوردە بە کەناری جۆگەکەدا بەرەو کانییەکە کەوتە ڕێ. دەمێکی نەبرد بەدەم جگەرەکێشانەوە گەیشتە لای کانییەکە. تەماشای کرد میراوەکە لەژێر کەپرەکەدا دانیشتووە. بەبێ زەردەخەنە و ڕووخۆشی سڵاوی لێکرد.

ــ دەزانم بۆچی هاتوویت ــ میراوەکە پێیگوت ــ ئێمە لە سەرەتاوە ڕێککەوتین بەشە سەوزەی من بدەیت و منیش بەشەئاوت لێنەبڕم. بەڵام تۆ بەهەوەسی خۆت بڕیاردەدەیت چەندم سەوزە بدەیتێ، منیش بۆم هەیە بەهەوەسی خۆم بڕیاربدەم چەند و چەندبەچەند ئاوت بۆ ڕەوانە بکەم .        ــ ئێ باشە، منیش لەمەودوا ئەوەندەی سەوزەم دەدەیتێ ئەوەندەت ئاو بۆ دەنێرم.          ــ ئەی باشە ئەو ماسییە داماوانە گوناهیان چییە ئاوایان بەسەر بێت!                 ــ مەترسە نایەڵم بمرن. جارجار بە چەند سەتڵێک ئاو تەڕیاندەکەم تا نەمرن. کەی نۆرە ئاویش هات ماوەیەک دڵیان خۆش دەکەم.

لەو دەمەدا ئەمان خەریکی ئەو دانوستانەبوون ماسییەکان بە هاندانی ماسییە تازەهێنراوەکە خەریکی جرتوفرتی خۆپیشاندان بوون. یەکێک لە ماسییە کۆنەکان کە بە ژیری لەناویاندا ناویدەرکردبوو گوتی:

ــ ئەرێ برایینە گوێیەکیش لە من بگرن.

ماسییەکان گەلێکیان لێی کۆبوونەوە. ئەمیش چاوەڕێی کرد هەتا هەموویان لە جرتوفرت کەوتن، ئەوسا پێی گوتن:

ــ من وەهام بەلاوە باشە ئێمە چەند کەسێک لە خۆمان هەڵبژێرن و بچینە لای خاوەن باخەکە تا بیخەینە سەربار بۆ ئەوەی زۆر تر سەوزە بداتە میراوەکە ئەو گیروگرفتە لە نێوانیاندا نەمێنێت.

یەکێک لە ماسییەکان گوتی:

ــ ئەی ئەگەر نەچووە ژێر بار و لەسەر بڕیاری خۆی سوور بوو. یان ئێمە کامانە هەڵبژێرین بۆ ئەوەی ئەو وتووێژەی لەگەڵدا بکەن؟ لەوانەیە هەر یەکە شتێک بڵیت لەگەڵ وتەی ئەوانی تر نەگونجێت.

یەکێکی تریان گوتی:

ــ پێویست بە هەڵبژاردنی فراوان ناکات. یەک دانە هەڵدەبژێرین دەمڕاستی هەموومان بێت، ئەو دەمڕاستەش چەند کەسێک هەڵبژێرێت پیکەوە بچنە لای و لەوێ تەنیا دەمڕاستەکە لەگەڵیدا بدوێت، ئەوانی تر با هەروەک ئاگادار بزانن چی دەوترێت.

ماسییەکان زۆربەیان ئەو بیرۆکەیەیان پێ باش بوو. لەناو خۆیاندا کەوتنە ورتەورت. بەڵام هیچ ماسییەکی تریان لەو بەباشتر نەزانی و هەڵیانبژارد. ئەویش چەند دانەیەکی تری هەڵبژارد و بڕیاری دا ئەمجارە کاتێک باخەوان دێتەوە لەوبارەیەوە لەگەڵی بدوێت.

دوای ئەوەی میراوەکە و باخەوانەکە ڕێکنەکەوتن چۆن بکەن بۆ ئەوەی ئاوەکە وەک جاران بکرێتە ناو ئەستێڵکەکەوە باخەوانەکە گەڕایەوە. لە ڕێگا سەرێکی دایەوە لە ئەستێڵکەکە. بڕیاریدا هەر وەک تا ئێستا چی کردووە هەر وەها بکات. جارجارێک ئاو لە بیرەکانی خۆی بهێنیت و بیکاتە ئەستێڵکەکەوە. هەموو جارێکیش پێیدەگوتن "ئەمە لەبری یەکێک لەو دوو بەشەئاوەیە کە میراوەکە بۆی نەناردوون" لە هەمان کاتدا بڕیاری دا هەر بەو شێەوەیە خۆی بگرێت تا ئەو کاتەی میراوەکە یان کۆڵدەدات و پەشیمان دەبێتەوە یان ئەم هەلێکی باشتری بۆ هەڵدەکەوێت میراوەکە لە خشتەببات. کاتێک هاتە نزیک ئەستێلکەکە بینی ماسییەکان وەک جاری پێشوو جرتوفرتەکەیان نەماوە. ماوەیەکی کەم بەدیاریانەوە وەستا و لەبەرخۆیەوە گوتی:                         ــ دەبێت چییان بەسەرهاتبێت وا ئارامبوونەتەوە؟                           یەکێک لە ماسییەکان لێی هاتە زمان:                                   ــ ترست نەبێت هیچی خراپ ڕووینەداوە، تەنیا ئەوەندەیە لە ناو خۆماندا دەمڕاستێکمان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ چەند دانەیەکی ترماندا بێنە لای بەڕیزتان و چەند وتەیەکتان لەگەڵدا بگۆڕنەوە سەبارەت بەم نالەبارییەی بەهۆی بێ ئاوییەوە هاتووەتە پێش.                    ــ ئەویش بەسەرسامییەکەوە گوتی:

ــ جا خۆ ئەوە گوناهی من نییە. چاک وایە ئێوە لەگەڵ میراو دانوستان بکەن. با بزانم دەمڕاستەکەتان کامتانە تا پێی بڵێم جێ پێ بڵێت.

دەمڕاستەکە هاتە پێشەوە، کەمێك ئارامی گرت و گوتی:

ــ بەڕیز ! ئێمە دەمانەوێت ئەو پێشنیارانەی هەمانە لە پێشەوە لەگەڵ ئێوە تاووتوو بکەین. لەبەر ئەوە چاک وایە کارێک بکەن بتوانین لەلای بەڕێزتان دانوستانەکەمان بکەین.

ــ باشە هەر ئێستا دەچمەوە، یەکێک دەنێرم بە سەتڵێک ئاوەوە، با بتانهینیت بۆلام، دەزانم خۆتان توانای ئەوەتان نییە بێنە لام.

ماسییەکان ئاهێکیان بە خۆیانداهاتەوە بەوەی هیوایەکیان بە دواڕۆژ پەیداکردەوە. دامڕاستەکەیان پێی گوتن:

ــ ئێستا من هەندێک وتەم ئامادەکردووە کاتێک دەیبینم پێێ بڵیم، بەلام نەبادا من پەیم بە هەموو شتێک نەبردبێت لەبەر ئەوە پێم خۆشە هەر یەکەتان چی پێ باشە پێم بڵێت تا بتوانین مەبەست بیهێنینە ئامانج.

هەر یەک لە ماسییەکان بیروبۆچوونی خۆی خستە بەر بیستن بەبێ ئەوەی یەکێکیان بەوی تریان بڵێت "شەکرتخوارد"، دەمڕاستەکەش لە گوێلێگرتن بەولاوە ورتەی لێوە نەدەهات. هێندەی پێنەچوو نێردراوی باخەوان گەیشتە لایان و سەتڵەئاوەکەی هێنایە پێشیان و ئەوانیش کە چوار دانە بوون؛ بۆر و شین و کەسک و سوور یەکەیەکە چوونە ناوی و دەمڕاستیش کە سپی بوو، دوای هەموویان. ماسییەکان تەماشای دەمڕاستەکەیانیان کرد. ماوەیەک چاوەڕێیانکرد تا باخەوانەکە گوتی:     ــ فەرموون بزانم چیتان لا هەیە.                                 ــ گەورەمان ! . . .

یەکەم وشە بوو دەمراستەکە لە دەمی هاتە دەرەوە و لەسەریڕویشت،

ــ . . . ئەوەی بەڕیزتان دەیزانن و لە ژیانی سەخت و ئارەقڕشتنتاندا بینیوتانە لەم جۆرە دانوستانانەیە کە هەندێکیان ریککەوتنی کەڵکداری بەدوادا هاتووە، هەندێکیشیان بە پێچەوانەوە بووە. بێگومانیش بەڕێزتان دەزانن ڕێکنەکەوتن بە یەک وشە دەستپێدەکات، ، نەءێکە و هیچی تر، پاشان گیروگرفتی بەدوادا دێت و زیانەکانی کۆتایی نایەت. بەڵام ریککەوتن هەر لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە کارێکی زۆری دەوێت تا بڕیاری لەسەربدرێت، و گەلێک دەستکەوتیشی لێ دەچنرێتەوە. بەلای ئێمەوە ئێوەی بەڕیز زیانێک ناکەن ئەگەر کەمێک سەوزە بۆ میراوەکە زیادبکەن و ئەویش بەشەئاوەکە بەرەڵابکات، ئەوسا سەوزەکەش هێندە گەشە دەکات کە ئەو زیادکردنەی پێوە دیارنابێت.            ئێمە لە هەمان کاتیشدا بیر لە هەرزانبوونی سەوزەش دەکەینەوە و لەوشکەساڵیش. خۆ ژیان هەروەک ئێستا نابێت. چەند ئێستا هەموومان تەبابـبـین ئەوەندەش لە رۆژانی لێقەوماندا پشتگیریی یەکتر دەکەین. باخەوان کەمێک ڕاما، پاشان بە ماسییەکەی گوت: باشە من ئەم کارە بکەم تۆ دێیت وەک راوێژکارێک لەلام کار بکەیت؟                                   ــ نەخێر بەڕیز، بەڵام هەر کاتێک کارتان بە ئێمە هەبێت ئامادەین.                  ــ ئەگەر بێـیتە لای من ئاوگەیەکی باشیشت بۆ دەکەم هەر بۆ خۆت بە تەنیا.            ــ من پێویستە لە هەڤاڵەکانم دوورنەکەومەوە چونکە راوێژم بەوانە و هەرچییەکم لەگەڵ بەڕێزتان باسکرد تەنیا بیر و بۆچوونی خۆم نەبوو. بۆیە بە تەنیا کەڵکبەخش نابم.               ــ بەلام ئەگەر پێویستم پێت هەبوو هاریکاریم دەکەیت.                        ــ هاریکاری بەڕیزتان دەکەین.                                   ــ ئێ باشە، منیش هەر ئێستا دەچمە لای میراوەکە و لەگەڵی رێکدەکەوم.              ــ بەلام، بەڕیز! بۆچوونی ئێمە وایە کە لە قەرەبووی ئاوی ئەو دووسێ هەفتەیەوە کە بەسەرچووە دەست پێمەکەن. بەڵکو با ئەوە قەرز بێت لەلاتان، هەر هەفتەی کەمێک زیاترمان لەجاران بۆ بخەنە سەر بەشەئاوەکەمان تا پردەبێتەوە. ئەوسا بیکەنەوە بە هەفتانەی ئاسایی.                 ــ مەبەستت ئەوەیە لە بەشەئاوی تەواوی ئەم هەفتەیەوە دەستپـێبکەین؟               ــ بەڵێ، بەڵێ ڕاستەوڕاست مەبەستی ئێمە ئەوەیە.                          ــ هەر ئێستا دەچمە لای میراوەکە و بەشەسەوزەکەی بۆ زیاددەکەم، بزانم چدەڵێت. . . ئاوەرە کورە بییانبەوە ناو ئەستێڵکەکە.

                                             تەواو

.