ئەو کاتانەی کە دەنووسم بە سەنگی ئەزموونی خوێندنەوەم بۆ ئەدەب دەنووسم و بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و ڕاستگۆیەوە گوزارشت لە ناخی خۆم دەکەم بۆ هەر کتێبێت یان بەرهەمێک، هەمیشە بە چاکم ووتووە باش و بە خراپم ووتووە بێ کەڵک و زۆربەی کات هاوڕێکانم لەسەر ئەو ڕاستگۆیەم لێم زویر بوون.

لە ئەوروپا کاتێک داوای ئیش ئەکەیت لە ئاستە بەرزەکاندا و دۆسیەکەت پێشکەش ئەکەیت دوای سێ ساڵ ئەزموونت لێ ئەکەن لەو پیشەیەدا...بۆ ئەوەی برادەران زویر نەبن خۆیان دەزانن کە من زیاترلە دوانزەساڵ ئەزموونم هەیە لە ئەدەب و خوێندنەوەدا لەبەر ئەوە ئیتر حەز ناکەم هیچ بەهانەیەکم بۆ بهێنیتەوە.

ئەم ڕۆمانە تاقەت پڕوکێنە و هیچ چێژێکی لێوەرناگریت، ڕەنگە ئێستا کەسێکمان لێ ڕاستبێتەوە بڵێت ئەم ڕۆمانە (سوریالییە) بەڵام ئەمە هیچ بەهانەیەک نییە بۆ ئەوەی بڵێیت ئەم ڕۆمانە شانی وایە و باڵی وایە لەبەر ئەوەی دەیان ڕۆمانی سوریالی هەیە و ناوازەن و تاقەت پڕوکێن نین.ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە وەکو فلیمێکی ترسناک وایە کوشتن و ناشتن و گۆڕستانە، کە دیمەنەکان لای خۆت وێنا بکەیت کۆی ڕۆمانەکە باس لە پیاوێک دەکات کە زۆر ماندووە و هەستی بریندار کراوە و ئەوەندە بێزارە لە ژیان، ئالودەی مادە هۆشبەرەکان بووە و ژیانی تژی بووە لە دووکەڵی تلیاک و حەشیش و خواردنەوەی شەراب و لە کۆتایدا ژنەکەی خۆی کە بە سۆزانی ناوی دەبات بە چەقۆ ئەیکۆژێت و تەواو.بەگشتی ڕۆمانەکەی سادقی هیدایەت زۆر نزیکە لە فەزای ڕۆمانی (ئەفسانەی سیزیف) ئەلبێرت کامۆ...ئەگەر کەمێک خوردی بکەینەوە هەست بەوە دەکەیت کە سادقی هیدایەت کاریگەری بیرۆکە و هیزری کامۆی لەسەر بووە...یۆستاین گاردەر لە ڕۆمانی (کچەی بەڕێوبەری سێرک) پاڵەوانەکە بە تازە نوسەرێک دەڵێت: ((دەتەوێت بڵێیت چی؟ ئەتەوێت باسی چی بکەیت؟ پەیام و بیرۆکەی تۆ چییە لە نوسینی ڕۆماندا؟)) بەداخەوە شاکارەکەی سادق هیدایەت هیچی پێ نەبوو بە تاڵ بوو لە پەیام.تۆ ئەگەر هەگیز سەفەریشت نەکردبێت کاتێک ڕۆمانی (شیکاگۆ)ی عەلا ئەسوانی ئەخوێنیتەوە وا دەزانیت پەنجا ساڵی تەمەنت لە کوچە و کۆڵانەکانی شیکاگۆ بەسەر بردووە و کۆی ژیانت لە وێ تێپەڕاندووە ئەوەندە بە جوانی مێژوو ئەو شارەت پێ ئەناسێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا پڕە لە پەیامی جوان و وردە چیرۆکی ناوازە.ئەگەر ڕۆمانی (خەونی پیاوە ئێرانێکان) و (کەوتنی بۆر قەڵا لە حیکایەتێکی کۆندا)ی (ماردین ئیبراهیم ) بخوێنیتەوە دەبینیت ئەو وانەی مێژوومان پێدەڵێتەوە بە زمانی ئەدەب هەست دەکەیت ئەو ڕێچکەیەکی بە خودی خۆی هێناوەتە کایەوە و شایەنی ئەوەیە کە لە کاتی خۆتی بۆ تەرخان بکەیت چونکە سودبەخشەو چێژی لێوەردەگریت، یەکێک لە بنەما گرینگەکانی ڕۆمان ئەوەیە زانیاریمان پێبڵێت یان ئاشنامان بکات بە چەند شتێکی جیاواز و ناوازە تۆ ئەگەر ڕۆمانی (نازیلی) (یاسین خێڵانی) بخوێنیتەوە سەرت ئەسوڕمێت ئەوەندە زانیاری بەنرخت پێدەڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا شارەزای جوگرافیای جیاوازیش دەبیت، بەڵێ بەوە دەوترێت ڕۆمان کە سودمان پێبگەیەنێت و شتی لێوە فێربین نەک بەس بۆ کوشتنی کات بێت و خۆزگە بخوازیت هەرچی زووە تەواو بێت و لەکۆڵت بێتەوە وەکو شاکارەکەی سادقی هیدایتەت.لەگەڵ ئەوەی کە سادق هیدایەت بەوە ناودەبرێت کە زۆر ڕەشبین بووە و هەمیشە باسی لە تاڵێکانی ژیان کردووە، هەروەها من لەوە تێدەکەم کە ئەم ڕۆمانە نزیکەی سێ چارەکە سەدە پێش ئێستا نوسراوە بەڵام خۆ ئەگەر بەراوردی بکەین بە ڕۆمانی چاوەکانی (برزوک عەلەوی) ئەو کات هیچت بۆنامێنێتەوە، تۆ ئەگەر ڕۆمانی چاوەکانی بخوێنیتەوە مەحاڵە جارێکی تریش نەیخوێنیتەوە ئەوەندە شیرینە ئەو ڕۆمانە لە ڕێگەی تابلۆیەکەوە دەیان بابەتی هەستیار و ناوازە دەوروژێنێت باس لە چەندین پرسی جیاواز دەکات.من بەو پەڕی قەناعەتەوە دەڵێم؛ ئەگەر سادقی هیدایەت خۆی نەکوشتایە هەرگیز ئاوا بەناوبانگ نەدەبوو.

من هەرگیز لەگەڵ ئەو ڕایەدا نیم کە ئەم ڕۆمانە بە شاکار ناوبهێنرێت، بەداخەوە هەندێک لە خوێنەری کورد بە شاکاری جیهانی ناوی دەبەن، نازانم ئەم قسانە لەسەر چ بنەمایەک دەکەن، چوار ڕەخنەگری شارەزا و بەناوبانگی ئەدەبی ئێرانی (فەرەجی سەرکویی، ناسڕی زەراعەتی، محەمەدی سپیان و دەریای ئەمیری) ئەم کتێبە بە شاکارێکی ئێرانیش ناو نابەن کەچی لای خۆمان گەورەکراوە لەوانەش کارەساتر ئەوەیە کە ئەم ڕۆمانە چەندین جار وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی وەکو( فەرشید شەریفی) و (توانا ئەمین) بەڕاستی هەر کەسێک خوێنەری نوسینەکانی (توانا ئەمین) بێت یەکسەر هەست بەوە دەکات کە ڕۆمانەی (کوندەپووی کوێر) سادق هیدایەت تەنانەت بەقەدەر یەک دێڕیش لە چیرۆکەکانی توانا ئەمین جوان نییە.لە کۆتایدا من ڕای خۆم ووتووە کە ئەم ڕۆمانە شاکار نییە و تەنها فووی تێکراوە و گەورەیان کردووە.ڕەنگە لەگەڵ زەوق و سەلیقەی من نەگونجا بێت.ئەشێ تۆ ڕایەکی ترت هەبێت...بەڵام ئەوە سەرەوە قسەی من بوو کە خوێندتەوە.

لەبارەی سادقی هیدایەت:

لەساڵی ١٧/٠٢/١٩٠٣ لە تاران لەدایک بووە، لە خانەوادەی ئەدیبی بەناوبانگ ڕەزا قوڵی خانی هیدایەت بووە، هەر لە مناڵییەوە خۆشەویستی ناو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بوو، لە سەر نوسین کارەکتەری سادق چەندین کتێب نوسراوە هەم بە چاکە هەم بە خراپە، کتێبەکانی گەلێک جار لە چاپدراونەتەوە، تا ڕادەیەک لە بنەماڵەیەکی بورژوازو ئەرستۆکرات و دەوڵەمەند.

لە ساڵی ١٩٢٠ ئەڕوات بۆ پاریس لە کۆڵیژی دانسازی دەخوێنێت، دواتر ئەیگۆڕێت بۆ کۆلێژی (ئەندازیاری) دواتر واز لەوەش دێنێت و تەواوی ناکات.لە ساڵی ١٩٢٧ یەکەم کتێبی بڵاو ئەکاتەوە (سودەکانی گیاخۆری) لە ساڵی ١٩٣٠ کتێبێکی تر بڵاو دەکاتەوە بە ناو(زیندە بەگۆڕ) لە ساڵی ١٩٣٥ سەفەر دەکات بۆ هندستان و لەوێ دەمێنێتەوە لە ساڵی ١٩٣٦ (کوندەپەپووی کوێر) بڵاو دەکاتەوە کە ڕەنگدانەوەی فەزای هندستان لە ڕۆمانەکادا بەدی دەکرێت.پاشان دەگەڕێتەوە بۆ پاریس لە ساڵی ١٩٣٧ جارێکی تر لەچاپی دەداتەوە.لەهەمان کاتدا چەندین کتێبی تری لە چاپداوە کە چیرۆکن.لە ٠٩/٠٤/١٩٥١ هەر لە پاریز خۆی دەکوژێت.

سەرچاوەکان:

ڕۆمانی (کوندەپەپووی کوێر) وەرگێڕانی (فەرشید شەریفی) ناوەندی غەزەلنووس ساڵی ٢٠١٥

ڕۆمانی (کوندەپەپووی کوێر) وەرگێڕانی (توانا ئەمین) ناوەندی غەزەلنووس ساڵی ٢٠١٥

http://www.britannica.com/biography/Sadeq-Hedayat

https://www.youtube.com/watch?v=opqaAdX5Y3g

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.