دوای چارگە قەرنێک لە حکومڕانی دووبارە گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر ئەو کۆستە دەبێت، کە وەک نوشستە زۆر و زەوەندەکانی ترمان دەچێتە لاپەرە تاریکەکانی مێژووی گەلەکەمان، ئاخۆ ئیفلجکردنی پەرلەمان و حکومەت و تەواوی دامودەزگاکانی ئەم هەرێمەو قەیرانی دارایی و پەلکێشکردنی سوپا و تاقم و گرووپگەلی داگیرکەری جیاواز گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر نەبێت چ کارەساتێکی تر بە گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر هەژمار دەکرێت؟!

  لێرەدا نامەوێت تیشک بخەمە سەرکێشە لەبنەهاتووە ناوخۆیەکانی هەرێم، بەڵکو ئەوەی لێرەدا دەمەوێ شرۆڤەیەکی کورتی لەسەر بکەم هاتن و پەلکێشکردنی سوپایەکی داگیرکەرە بۆ ناوخاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بەم شێوە ئاشکرایە، کە ئەویش سوپای تورکیایە، سوپایەک سەد ساڵە دەستی سورە بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد چ ما خێرە دوای ڕووبارێک ڕشتنی خوێنی ئەم گەلە ئێستا ببێتە پارێزەرمان !، هەروەها دەمەوێت تیشک بخەمە سەر هۆکارگەلی ئەم هەموو وابەستە بوونەی هەرێم لە ئێستادا بە بڕیار و ئامۆژگاریەکانی ئەنقەرە و پشتکردنە حکومەتی ناوند و بەغدا، لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ خۆی دێنێتە پێشەوە، کە ئەویش ئەوەیە ئایا ئەم هەرێمەی ئێمە هەرێمێکە سەر بە بەغدا یاخود ئەنقەرە؟!

  ئەوەی زۆر ئاشکرایە لای گشتمان بە درێژایی مێژووی گەلی کورد ‌هیچ داگیرکەرێک جگە لە کوشتوبڕین و وێران کردن هیچ دیاری گەلێکی تری پێ نەبووە بۆ ئەم گەلە، دوای مێژوویەک لە خەبات و قوربانی دان و قوتاربوون لە دگیرکەرێک و بەرەنجام بوونی پەرلەمان و حکومەتی کوردی لە ساڵی 1991 دەکرێت بیچوێنین بە ڕۆژی درەوشاوە لە مێژووی تاریکی گەلەی کورد لە باشووری کوردستان، تەنانەت بۆ هەرتاکێکی کورد لەهەر کوێیکەی ئەم جیهانە، لێ تێپەڕبوونی 24 ساڵ لە حکومڕانی خۆماڵی لەم هەرێمە بە هەموو کەموکوڕیەکانیەوە، داکرا وەرچەرخانێکی گرنگ بێت بۆ بڕینی قۆناغێکی تر کە ئەویش بوون بە دەوڵەتە، بەڵام بە سیاسەتی پر لە هەڵەو ناحەکیمانەی بەشێک لە سیاسیە بڕیاربەدەستەکانی ئەم هەرێمە هێدی هێدی ئەم خۆرە درەوشاوەیە ئاوادەبێت ، کە 24 ساڵ لەمەوبەر لەم گەلە بەش مەینەتە هەڵهات، ئەگەر ڕزگاربوون لە دەسەڵاتێکی داگیرکەر و دیکاتۆرێکی وەک سەدام و بنیاتنانی پەرلەمان و حکومەت بە هەڵهاتنی ئەم خۆرە دابنێین، ئەو زۆر ڕاستە دۆخی قەیراناوی ناوخۆی هەرێم و چوونە بنباڵی خەلافەتەکەی ئەردۆگان بە ئاوابوونی ئەم خۆرە درەوشاەیە دابنێین.

  هاتنی سوپای تورکیا بۆ نزیک موسڵ و دواتر پاشەکشێکردنی بەشێکی ئەو هێزە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێرگوشاری حکومەتی عێڕاقی، بەهەرهۆیەک بێ بێگومان جۆرێکە لە داگیرکاری بۆ سەرخاکی هەرێم و وڵاتێکی تر، دەکرێ هۆکاری هاتنی ئەم ‌هێزە وابەستەی چەند خاڵێک بکەیەن کە بوونتە هۆی هاتنی ئەم هێزە،  کە ئەمیش بریتی لە نیگەریانەکانی تورکیا لە زۆر بوونی هەژمونی دەسەڵاتی شیعەگەری ئێران لە عێراق و سوریا و ڕاکێشانی سووننەکانی عێراق بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بەلای خەلافەتی ئایندەی ئەردۆگان، هەروەها بوونی مەترسی لە سەرکورسی دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی تورکیا لە ناوخۆی هەرێم و بەهێزتر بوونی دەسەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باشوری کوردستان، جگە لەمە بوونی ناکۆکی مەزن لەگەڵ دەوڵاتی روسیا و چەند هۆیەکی تر دەكرێت بەو پاڵنەرانە هەژماربکرێن، کە وای کرد بەشێکی تری سوپای تورکیا زیاد بێت بۆ ئەو هەژمارەی تر کە لە ساڵانی شەڕی ناوخۆی هەرێم هاتبوونە خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام هۆکار و پاڵنەر هەرچیەکە بێت بۆهاتنی ئەم هێزە بێگومان ئەنجامێکی باشی نابێت بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەبێتە هۆکاری زیاتر بۆ وابەستە بوون بە بڕیارەکانی ئەنقەرە و قوڵتربوونەوەی ناکۆکیەکان لەگەڵ بەغدا و کەوتنە نێوان بەرداشی ململانێکانی شیعە و سوننە لە ناوچەکە، کە ئەمەش جگە لە ماڵێورانی و زیانێکی مەزن شتگەلی تری لێ چاوەڕێ ناکرێت.

  ڕاگەیاندنی هاوپەیمانەتیەکی ئیسلامی بەدەستپێشخەری و پێشەنگی وڵاتی عەرەبی سعودیە وبەژداربوونی 34 وڵاتی ئیسلامی سوننی لە هاوپەیمانەتیە دواهەمین گۆڕانکاری بوو لە باردۆخی جەمسەربەندی و هاوپەیمانەتیەکان لە ناوچەکە، گرنگترین هۆکاریش بۆ دروستبوونی هاوپەیمانەتیەکی وەها ترسە لە زیاتر بوونی هەژموونی دەسەڵاتی شیعەگەری ئێرانی و لە بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی و قۆرخکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەلایان ئێرانەوە، ئەگەرچی ئەم هاوپەیمانتیە هاوپەیمانتەیەکی بەهێز و کاریگەر نابێت، چونکە بەشێک لەو وڵاتانەی لە دەوری ئەم هاوپەیمانەتیە کۆبوونەتەو لەنێو خۆیاندا کێشەی مەزنیان هەیە دیارترین ئەو وڵاتانەش تورکیا و میسرە، کە دوای لادانی ئیخوانەکان لە دەسەڵات لەو وڵاتە پەیوەندی میسر و تورکیا بەرەو نزمترین ئاست دابەزی، بەڵام هەرجۆرێک بێت بوونی هاوپەیمانەتیەکی وەها لەم باردۆخەی ئێستا دۆخی ناوچەکە زیاتر ئالۆز دەکات ململانێ سوننە و شیعە بەرەو قۆناێکی مەترسیدارتر دەبات، بوونی تورکیا لە هاوپەیمانەتیەکی وەهادا و دژبەری حکومەتی عێراق کە لەلایان مەرجەعیەتی شیعەکانەوە جڵەوگیری کراوە بۆ هاوپەیمانی ئیسلامی وادەکات کاریگەری نێگەتیڤی ئەم هاوپەیمانەتیە لەسەر هەرێمی کوردستانی باشور دەربکەوێت، بەجۆرێک دوای ئامادەگی ئەو هاوپەیمانەتیە بۆ ناردنی هێزی پیادە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لە عێراق و سوریا، مەترسی لەسەر بە شەرعی بوونی مانەوەی هێزەکانی تورکیا دەکرێت لە خاکی هەرێمی کوردستان و پەل هاویشتنی سوپای بەشێک لە وڵاتانی ناو ئە هاوپەیمانەتیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بە بیانوی شەر کردن لە گەڵ ڕێکخراوی داعش، ئەوەی زۆر ئاشکرایە دروستبوونی ئەو هاوپەمانیە نوێیە لە ناوچەکە ئامانجی سەرەکی وەستاندنی بەهێزتربوونی دەسەڵاتی شیعەگەری دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانە لە وڵاتانی عێراق و سوریا و وڵاتانی کەنداو نە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشە، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ گەلی کورد پێویستە خۆمان بە دوور بگرین لە ململانێی نەبڕاوەی ئەم دووبەرە دژ بەیەکە و بە شێوازێکی حەکیمانە سیاسەت بکرێت بۆ ئەوەی هەمیسان نەبینەوە قوربانی ململانێکانی ئەم دوو بەرەیە وەک مێژووی دوور و درێژمان لە قوربانیدانی بێ سوود و بێ ئەنجام بۆ جەنگی نەبڕاوەی ئەم دوو بەرە دژ بەیەکە.

 ئەوەی گرنگە لەم چەند دێرەی کۆتایی ئاماژەی پێبدەین گرنگی هەبوونی سیاسەتێکی حەکیمانەیە، دوور لە بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی و بنەماڵەیی بۆ پەیوەندی چ لەگەڵ تورکیا یاخود ئێران یان هەر وڵاتێکی تری ناوچەکە و جیهان بۆ مامەڵەیەکی دروست و سود بەخش، بێگومان بوونی جۆرێکی وەها لە سیاسەتکردن دەرەنجامێکی باشی هەم بۆ هاوڵاتیان و تەواوی لایەنکانی باشوری کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان دەبێت، بەڵام بە پێچەوانە سیاسەتکردن بەدڵنیایەوە ئەنجامگەلی زۆر خراپ و زیانبەخشی بۆ هەموو لایەک لێدەکەوێتەوە، دەبێت دان بەو ڕاستییە تاڵە دابنێین کە مەخابن دەبینین لەهەرێمی کوردستان لە ئێستادا بەو جۆرە سیاسەت دەکرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی حزب و چەند کەس و لایەنێک خەریکە دەبینە سەرەڕمی لەشکری بنیاتنەرەوەی خەلافەتی عوسمانی بەسەکردایەتی سوڵاتان ئەردۆگان، بێگومان بەم شێوازە لە سیاسەتکردن بەرەو هەڵدێر و کۆتایی ڕێگاکە دەڕۆین و ئەو خۆرە بەتەواوەتی ئاوادەبێت کە چەند ساڵێکە لێمان هەڵهاتووە، دوور نیە هاوشێوەی لەناوچوونی میرنشینە کوردیەکان لە سەدەکانی ڕابردوو کە بەهۆی ململانێکانی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی زۆر بە سادەیی کۆتایی بە حکومڕانیان هاتووە، حکومەتی هەرێمیش ببێتە مێژوویەک و دوای دەیان ساڵی تر نەوەکانمان هۆ و هۆکاری کۆتایی ئەم حکومڕانیە بخوێنن، بۆنەگەیشتن بەوقۆناغەش پێویستە هەرچی زووە تەواوی ئەو هەڵانە ڕاستبکرێنەوە کە لە ناوخۆی ماڵی کورد دەرهەق بەیەک کراون و بە پەرلەمان و حکومەتێکی کارە لە باشوری کوردستان، وهاوپەیامانەتیەکی تەواوی هێزە کوردستانیەکانی هەر چوار پارچە خۆمان بۆ گۆڕانکاریی مەزن لە ناوچەکە ئامادە بکەین، هەروەها دەبێت وەک باشوری کوردستان هەتا ئەوکاتەی هەرێمک دەبین لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، ئەوە بەڕوونی بزانین ئێمە هەرێمکین سەر بەغدا بۆیە مامەڵە کردنێکی دروست لەگەڵ حکومەتی ناوەند و تەواوی وڵاتانی ناوچەکەو جیهان دەمانگەیەنێت بە ئاقارێکی باش، جگە لەمە هەرمەیلێک یاخود هەر هەوڵێک بۆ بوون بە هەرێمێک لە تورکیا یان یەکگرتن لەگەڵ بەشێک لە ناوچەکانی تری عەرەبی سوننە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی هاوبەش لەگەڵ عەربی سوننە لە عێراق، یاخود هەرسەکێشیەکی تر لەباردۆخێکی وەهادا بەدڵنیایەوە دووچاری قۆناغێکی زۆر مەترسیدارمان دەکاتەوە و خەونی ڕاگەیاندنی دەوڵاتێکی کوردی بەهێز و بەڕەسمی دانپێدانراو لە جیهان بەتەواوەتی کۆتایی دێت.