‌ئەمە ھەر بەتەنھا یاری کردن نییە بەوشە، بەڵکو یەکەمیان ناوی رێکەوتنێکەو ئەوەیتر مەبەست و ئامانجی ھەر رێکەوتنێکە کە لە نێوان دوو لایەن یاخود زیاتر ئەنجام ئەدرێت. ‌

‌دیارە لە چەند ساڵی رابردو زۆرترین قسەو بینەو بەردە و ئەرگیۆمێنت لە سەر رێکەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرا. . . بەچاک و خراپ ھەڵسەنگێنرا. من نامەوێت دوبارەو چەندبارەی ئەو ئەرگیومێنتە بکەمەوە، بەڵام پێموابێت کەسێک نییە ئەم رێکەوتنەی بۆ گەڕانەوەی متمانە یاخود تێپەڕاندنی باری خراپی دوای شەڕ لای خراپ بوبێت.

‌شاراوە نییە رێکەوتنی ستراتیژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستان لەدوای جەنگێکی خوێناویی نێوەخۆی براکوژی پڕماڵوێرانی بو، کە زادەی ئەقڵیەتی ململانێی پاوانخوازی دەسەڵات لەنێوان ئەم دوو ھێزە بە باکگراوندێکی مێژوویی پڕ ململانێی توندوتیژی لە دەیان ساڵی رابردو.

‌رێک تا ئەو رادەی کە ھەردوکلا گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ناتوانن ھیچ کامیان یەکتر بسڕنەوەو بێگومان ھەلو مەرجی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکەش ئەم قەناعەتەی زێدەتر کرد کە کۆتایی بەم جەنگە بێت، سەرئەنجام بە نێوبژیوانی گەورەترین زلھێزی دونیا رێکەوتنی ئاشتی لە واشنتۆنی پایتەختی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بە ئامادەبوونی خودی خاتو مادلین ئۆلبرایت ی وەزیری ئەوسای دیموکراتەکانی دەرەوەی ئەم وڵاتە واژۆکرا.

‌ کە جەنگ کۆتایی ھات و ھەلو مەرجی عێراق لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە نیسانی ٢٠٠٣ گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەر داھات، ئیتر پێویستی رێکەوتنی ستراتیژی ھاتە ئاراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیە، دیارە ستراتیژیەتی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان ئەم دوو ھێزە بوە دابەشکردنی دەسەڵات و نفوز لەگەڵ غەنیمە لە ناوچە ئازادکراوەکانی دوای روخانی رژێم و پۆستەکان لە بەغداو پاراستنی پێگەیان لە ھەرێمی کوردستان. واتە ستراتیژیەتی رێکەوتنەکە ھەر ئەوەندەو بۆ ئەو مەبەستەش بو؟

‌ بۆیە نەیتوانی لەوە زیاتر بڕ بکات. بە کورتی تەنھا بۆ مامەڵەکردنی دۆخی دوای جەنگ بو چونکە راستە کۆتایی جەنگی گەرم بو بەڵام جەنگی ساردی نێوان ھەر دووک ھێز بەردەوام بو بەجۆرێک مەرزی پیرەر و سەنگەرەکانی شەڕی نێوەخۆ ھەر بەردەوامی ھەبو بەڵام بەرەنگێکی خۆڵەمێشی لە نێوان ھەردوو زۆنی زەردو سەوز، کە سەدان کۆبونەوەو دانیشتنی ھەردولا نەیتوانی بەستەڵەکی نێوانیان بتوێنێتەوە. بەڵام ھەڵبژاردنی گشتی عێراق لەساڵی ٢٠٠٥و‌ایکرد رێکەوتنی ستراتیژی بۆ دابەشکردنی کێکەکە ببێتە دیفاکتۆ.

‌ لە راستیدا پێویست بو ستراتیژی رێکەوتنی ستراتیژی قۆناغی گواستنەوەی دۆخی توندوتیژی ململانێی نێوان حزبی کوردی بێ بۆ ململانێی شارستانی و دیموکراسی. بۆ ئەوە بێت ئیتر کۆتایی بە یاسای ھێزبێت و ئیتر ھێزی یاسا جێگای بگرێتەوە، بەڵام مەخابن وانەبو، بۆیە ھەردوای گۆڕانی ماتماتیکی پشکەکان بینیمان رێکەوتنی ستراتیژی ھێواش ھێواش بەتاڵبۆوە، چونکە لەراستیدا ستراتیژیەتی رێکەوتنەکە دابەشکردنی کێکەکە بو و بەس. ھەر لە بەر ئەوەشە ھەر جۆرە پێشھاتێک ژیلەمۆی ئاگری سنوری شەڕی زۆنەکان ئەگەشێنێتەوەو ھەڕەشەو مەترسیەکانی رابردو بیر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە باشور دەھێنێتەوە یاد.

‌بەھەرحاڵ ئیمڕۆ ھەرێمی کوردستان بە ھەستیارترین کات تێئەپەڕێت ململانێکان لەنێوەخۆ گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار لە نێوان لایەنەکان، شەرعیەتی دەسەڵاتەکان کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە بەھۆی نەگەیشتن بەرێکەوتنێک بۆ یەکلاییکردنەوەی سیستمی سیاسی و پۆستی سەرۆکی ھەرێم، رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و بەڕێکردنی وەزیرەکانی گۆڕان. ئەمانە ھەمووی لەکاتێکدایە کە ململانێیە نێو دەوڵەتی و ھەرێمیەکان و شەڕی داعش گەیشتۆتە قۆناغێک کە خەریکە نەخشەی سیاسی ناوچەکە ئەگۆڕێت و بەئاشکرا باس لە ھەڵوەشانەوەی سایکس بیکۆ دەکرێت.

بۆیە کورد پێویستی بەرێکەوتنێکە لە نێوان سەرجەم لایەنەکان کە ستراتیژەکەی وەدەستھێنانی مافە نەتەوەییەکانی بێت و زامنی دەوڵەتی سەربەخۆیی بێت کە ناوچەکە لەئانو ساتی ژانی لەدایک بوونی گۆڕانێکی گەورەی ترە لە چەشنی سایکس بیکۆ. رێکەوتنێکی ستراتیژی بەناو و ناوەڕۆک ستراتیژی، ستراتیژی کۆتایی ھێنان بە یاسای ھێز و دەستپێکردنی قۆناغی ھێزی یاسا بێت لە سەرجەم دامودەزگاکانی باشوری کوردستان، بێگومان لەم کاتەدا باشوری کوردستان کاریگەری لەسەر ھەرچوارپارچەی دابەشکراوی کوردستان دا ھەیە. ستراتیژی بێت تابتوانێت بەیەکڕیزی مامەڵە لەگەڵ بلۆک بەندی تازەی ناوچەکەو دونیا بکات، بەپێچەوانە دوور نییە دیسان کورد ببێتەوە قوربانی نێوان ئەم بلۆک بەندییە نوێیە، چونکە دوبارە داگیرکەرانی خاکی کوردستان دابەش بووی سەر ھەردووک بلۆک بەندین، ئەمەش مەترسی ئەوە دروست دەکات بۆ پارێزبەندی خۆیان مەسەلەی کورد دیزە بەدەرخۆنە بکرێت. دوور نییە ئەو ھەلەش لە دەست بدات ودەیان ساڵیتر کوردستان و کورد بکەوێتەوە ژێر رەحمەتی ھاوکێشەیەکی سیاسی، چەندین تراژیدیای لە شێوەی ئەنفال و ھەڵەبجە، عامودا و . . . ھتد ببێتە دیرۆک و ناونیشانی.