زۆر بەداخەوە ژمارەی ئەو خەڵكانەمان كەم نین كە بە لافاوەكەی هەولێر شاگەشكە بوون و لە خوایان دەویست لافاوەكە هەموو شاری هەولێر بە دانیشتوانەكەیەوە لەگەڵ خۆیدا رابماڵێت!، تەنها لەبەر ئەوەی حزبێك لەو شارەدا حاكمە كە بیروڕایان لەگەڵیدا جیاوازە!!، هەربۆیە وەك لە بۆسەدا بووبن لەگەڵ درووستبوونی لافاو لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێردا، ئەو جۆرە خەڵكە كەوتنە هۆنینەوەی قسەو قسەڵۆك و لێكدانەوەی وەهمی و هەڵبەستنی درۆ و دەلەسە كە گوایە ئیدارەی ئەو شارە كەمتەرخەم بووە لە درووستبوونی لافاوەكەدا ! وەك ئەوەی لە هیچ شوێنێكی دونیادا لافاو رووی نەدابێت، یان بە خۆگێلكردن لەو راستییەی كە رووی زەویی شاری هەولێر تەختانە و روودانی لافاو و مانەوەی ئاوی لافاوەكە بۆ ماوەیەك دیاردەیەكی ئاسایی و جوگرافییە و جیاوازە بە بەراورد لەگەڵ درووستبوونی لافاو لە شاری سلێمانی كە رووی زەوییەكەی تەختان نییە و بەرز و نزمیی زۆری تێدایە و دوای درووستبوونی لافاو، نیشتنەوەی لافاوەكە ماوەیەكی كەم دەخایەنێت.

هەروەها زۆرن ئەوانەی كە بە ئازادكردنی شنگال و دەوروبەری نیگەران و نارەحەت بوون و ویستیان و ئێستاش دەیانەوێت لە بایەخ و مەزنیی پڕۆسەی ئازادكردنی شنگال كەم بكەنەوە و بەوەشەوە ناوەستن دەستیان كردووە بە هەڵبەستنی درۆ و چەواشەكاری كە گوایە جگە لە پێشمەرگە هێزی دیكەش رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە پڕۆسەی ئازادكردنی ئەو شارەدا! تەنانەت بە یەك دێڕیش باس لەوە ناكەن كە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی بووە . ئەوانە لە بچووكی خۆیانەوە دەڕواننە پڕۆسەكە و دەیانەوێت فوو بە هێزۆچكەی دیكەدا بكەن و بیانكەنە پاڵەوانی ئەو داستانە!، بەڵگەشم میدیای هەندێك لە حزبەكان و میدیا سێبەرەكانیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، دەزانن بۆ وادەكەن؟ تەنها لەبەرئەوەی : 1-خۆیان هیچ رۆڵێكیان نەبووە لەو داستان و سەروەرییەدا 2-ئەو ناوچەیە دەكەوێتە ناوچەی نفووزی جەماوەری ئەو حزبەی كە بە دڵی ئەوان نییە و زۆربەی هەرە زۆری شنگالییەكان لایەنگر و جەماوەری ئەو حزبەن كە ئەوان لە بیروڕادا لەگەڵیدا جیاوازن ! لە رابردووشدا لەكاتی داگیركردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەوانەی فرمێسكی تیمساحییان بۆ كارەساتەكە دەرشت، تەنها دەیانەویست لەپاڵ ئەوەدا رەخنە و لۆمەی ئەو پارتە بكەن كە لەوێدا زۆرینەیە!

ئەو كەسانەی بەو عەقڵییەتە بیر دەكەنەوە لە هەموو چین و توێژەكانی تێدایە لە (خەڵكی ئاسایی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، مامۆستای زانكۆ، خۆ بە رۆشنبیرزان، رۆژنامەنووس و میدیاكار و . . . هتد)، ئەوانە بیانەوێت یان نەیانەوێت گەورەترین تاوانبارن لە چەواشەكردنی خەڵكی . ئەم جۆرەش لە بیركردنەوەیە ئەوپەڕی داڕمانی ویژدان و عەقڵ و شعوورە! ئاخر ئەگەر ئەوانەی بەو عەقڵیەتە بیردەكەنەوە رێژەیان لە 10%ش بێت، بۆ نەتەوەیەكی ستەم لێكراو و پارچە پارچەكراوی وەك كورد هەر زۆر زۆرە! بۆیە ئەمجارەش دەڵێم زۆر بەداخەوە.