مەلا کرێکار کاتێک دوو هەفتە بەر لە ئێستا هات بۆ دادگای ئۆسلۆ، لەگەڵ خۆیدا پارچە کارتۆنێکی گەورەی هێنابوو، کە بێجگە لە هەندێک ئاماری ناڕاست، لەسەر کارتۆنەکە نوسیبووی: ''ئەی دادگاکانی نەرویج، کوا مافی مرۆڤ . . عەیبە، شەرم بکەن''.

 

ئەوەی کە کرێکار داوا دەکات هەرکەسێک ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ نەگرێت، دەبێت شەرم لە خۆی بکات، دواتر قسەی لێدەکەم.

بەڵام ئەوەی کە داوای ئەوەی کرد دادگای نەرویج مافی مرۆڤ بپارێزیت، دادگای ئۆسلۆ ڕێک بە قسەی مەلا کرێکاری کرد و دڵی نەشکاند. ئەوە لەپێناو ڕاگرتنی مافی مرۆڤدا بوو کە دادگا ساڵ و نیوێک زیندانی بۆ بڕییەوە.

 

ئاخر مافی مرۆڤ وادەخوازێت، کاتێک بردن و زیندەبەچاڵکردنی ژن و منداڵ و گەنجی و پیری لادێکانی وڵاتەکەم بە سورەتێک شەرعییەتی پێدەدرێت، من حەقم هەبێت ئەو کاغەزانە بسوتێنم کە ئەو سورەتەی لەسەر نوسراوە. من دەبێت حەقم هەبێت لەڕێگەی ئەو کارەوە بە بەعسیەکان و بە ئیسلامیەکان بڵێم: خەندەی جوانی سەر لێوی ئەو منداڵە چاو گەشانەی کورد کە لە جوانی و خۆشەویستییان تێر نابین، لە هەموو سورەت و کتێبە پیرۆزەکانی ناو مێژووی ئیسان پیرۆزترە. هەموو کتێبە پیرۆزەکان تەنها کاتێک پیرۆزن ئەگەر نەتوانرێت بکرێنە پاکانە بۆ کوشتنی جوانیی ئینسان.

 

دادگای نەرویج دەزانێت کە مافی مرۆڤ ئەوەیە کە من حەقم هەبێت ئەم ڕایەی خۆم بەو جۆرە بگەیەنم کە خۆم دەمەوێت، نەک حیساب بۆ ئەوە بکەم کە ئایا چەند ملیۆن کەس هەن کە پێیانوایە دەبێت کتێبە پیرۆزەکان قیمەتیان لە ڕۆحی ئینسان زیاتر بێت.

 

دادگا ناڕاستەخۆ دەڵێت: ئاینداران مافی خۆیانە ئەوەندە نائینسانیانە بیر بکەنەوە کە کتێبیان لە ئینسان پێ بەقیمەتتر بێت، بەڵام فەرزیشە لەسەریان قبوڵ بکەن خەڵک وەک ئەوان بیر نەکاتەوە. . مادام ئەمە مافی مرۆڤە، کەواتە ئاینداران دەبێت قبوڵی بکەن، بەتایبەت ئەوانەیان کە وا پیشان دەدەن گوایە لایەنگری مافی مرۆڤن و داوا دەکەن دادگاکان مافی مرۆڤ ڕەچاو بکەن، بۆ نمونە: مەلا کرێکار.

 

ئەوانەی دژ بەو مافە دەوەستنەوە، دەبێت شەڕیان لەگەڵ بکەین . . بۆ نموونە: شەڕی پێشمەرگە دژ بە داعش.

یان دەبێت ڕەخنەی توندیان بکەین . . بۆ نموونە: ڕەخنەی ئێمەومانان لە مەلا داعشییەکانی کوردستان و سورەتەکانی کینە و ڕق لەناو قورئاندا.

یان ئەگەر دادگای دادپەروەر و سەربەخۆ هەبوو، ببرێنە بەر دادگا . . بۆ نموونە: گرتنی مەلا کرێکار لەلایەن پۆلیسی نەرویجییەوە و بردنی بۆ بەردەم دادگا.

 

زۆرکەس بە هەڵە تێگەیشتووە و وادەزانن کە مەلا کرێکار ئەمجارە تەنها لەسەر هەڕەشە و هاندانی خەڵک دژ بە من درایە دادگا و سزا درا.

نا، ئەوە تەنها بەشێکی هۆکارەکە بوو. بەشێکی تری، لەسەر هاندانی خەڵک بوو بۆ بەکارهێنانی توندوتیژیی بەشێوەیەکی گشتی، چونکە دونیای مەدەنی بەو شێوەیە ژیانی ئارام بۆ هاوڵاتیان دابین دەکات کە ڕێگە نادات هیچ کەس هانی خەڵک بدات توندوتیژی بەکار بهێنن.

 

وڵاتانی ڕۆژرهەڵاتی ناوەڕاستیش (لەوانە کوردستان) بۆیە وا داڕوخاوە بەسەریەکدا چونکە هەزاران پیاوی کەمزان هەن کە عەمامەیەکیان لەسەر ناوە و وەزاراتی ئەوقافەکان بڵندگۆی بۆ داناون و موچەیەکی باشیان دەداتێ بۆ ئەوەی ڕۆژانی هەینی هانی خەڵک بدەن هیرش بکەنە سەر هەرکەسێک کە جورئەت بکات بیر بکاتەوە و گومان لەو شتانە بکات کە ئەوان بە ڕاستی موتڵەقی دەزانن.

 

بەو جۆرەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات قەت ڕاستی نادۆزرێتەوە. بۆیە بەو جۆرە کوردستان پڕ دەبێت لە خورافاتی داعشی و، ڕاستیخوازان ڕاو دەنرێن بۆ دەرەوەی وڵات.

 

خالیدی ڕەنجدەری برای مەلا کرێکارهەوڵدەدات لە فەیسبوک من تاوانبار بکات و وا پیشان بدات گوایە من بوومەتە هۆکاری سزاوەرگرتنی براکەی. با جارێ ئەوە بڵێم کە خالید ڕەنجدەر پیاوێکی گوناحە و هەر لە گەنجیدا لێی قەوما و، بەو تەمەنە کەمەوە کەوتە ئەو پاکستان و ئەفغانستان و ئەو وڵاتە قوڕپیادراوانەی ئەودیوی ئێرانەوە و تێکەڵ بە ئیسلامیە نەخوێنەوارەکان بوو، ئێستا و ئەوساش، دوای دەیان ساڵ لە ئەوروپا، هیشتا لەو قوڕاوە دەرنەچووە و خەریکی پینەکردنی کارە بێسەروبەرەکانی برا بچووکەکەیەتی.

 

خالید ڕەنجدەر خۆی ئەوە باش دەزانێت کە ئەگەر براکەی دەمی خۆی بگرتایە و دەمی خۆی بگرێت، من هەزار ساڵ هاتوچۆی دادگا بکەم کەس گوێم لێناگرێت و لەم نەرویجە کەس لەبەلاشە و لەسەر شکاتی بێبنەما سزا نادرێت. ئەو حەقە لەجیاتی ئەو خەڵەتاندنەی خوێنەرانی فەیسبووکەکەی، بچێت دوو قسەی باش بۆ براکەی بکات و بڵێت: برام تۆ لای خۆی خەڵک بە زۆرزان و زیرەکت دەزانێت، مانای چییە نازانیت دەمی خۆت بگریت و نازانیت چی دەبێت بوترێت و چی نابێت بوترێت.

 

خالید ڕەنجدەر دەیەوێت بڵێت هەڵمەت گۆران وایکرد مەلای برام ئەو قسانە بکات. جا توخوا ئەمە سوکایەتی نییە بە برا بچوکەکەی خۆی. لەڕێگەی ئەو قسەیەوە دەڵێت: هەڵمەت گۆران خەتای هەیە چونکە نازانێت مەلای برام پیاوێکی هەڵچووە و قسەی خۆی نازانێت و یەک هەفتە پاش بەربوونی لە زیندان، دیسانەوە خۆی دایەوە بە گرتندا.

 

من دڵنیام چەندین ئەندامی بەڕێزی ناو خێزانەکەی مەلا کرێکار تووڕەن لەوەی مەلا ئاگای لە دونیای مۆدێرن بڕاوە و هەر وادەزانێت لە گوڵپ و تۆرابۆرایە و لە تەلەفزیۆنی نەرویجیەوە باسی کوشتنی ئینسان دەکات لەسەر بێباوەڕیی بە ئاین. حەقە خالیدیش ئەوەندە دڵسۆزی براکەی بێت و نەیخەڵەتێنێت و پێی بڵێت خەتای هەڵمەت گۆران نیە، بەڵکو خەتای خۆتە ئەو شتانەی سی ساڵ پێش ئێستا لە پاکستان فێری بووین هەر تەرکمان نەکردووە و نازانین چەند نامۆیە بەگوێی خەڵک لە دونیای ئێستادا.

 

شتێکی تر کە گرنگە بیڵێم ئەوەیە کە مەلا کرێکار هەر تەنها لەسەر ئەو قسانە سزا نەدرا کە لە تەلەفزیۆنێکی نەرویجیدا وتی، بەڵکو لەسەر قسەکانی لە کەناڵی ئێن ئاڕتیش سزا درا. تەلەفزیۆنە نەرویجیەکە وەک ئێن ئاڕتی نامەسئولانە نەیکرد. ئێن ئاڕتی یەک سەعاتی دا بە مەلا قسەی سەقەت بکات و نەشیهێشت کەس وەڵامی بداتەوە، بەڵام تەلەفزیۆنە نەرویجیەکە دە دەقەی دا بە مەلا و، دوای ئەوە یەکسەر پێنج دەقەی دا بە کچێکی پاکستانی موسڵمانی میانڕەو کە مەلای کرد بە پەڕۆی مێزسڕینەوە و ئەوەندەی تر بێزراوی کرد لای خەڵکی نەرویج.

 

دوای ئەوەی ئەمجارە حوکمی ساڵ و نیوەکە لە دادگا بۆ مەلا خوێنرایەوە، پارێزەکەی نەسیحەتی کرد جارێ داوای تێهەڵچونەوە بۆ حوکمەکە نەکات و بیری لێ بکاتەوە. ئەوە مانای ئەوەیە کە پارێزەرەکە خۆی دەزانێت شایان بەو سزایە زیاترە و دەترسێت ئەگەر ئیستیئنافی بکاتەوە، ڕەنگە حوکمەکە لە دادگای ئیستیئناف زیاتر بکرێت.

 

هەرچیەک بێت، ڕەنگە ئەم چەند ڕۆژە ئیستیئناف بکات و سەرەتای ساڵی داهاتوو دادگای ئیستیئناف ئەگەر حوکمەکە بهێڵێتەوە، ئەوا کرێکار یان ساڵ و نیوێکی ڕێک، واتە تا مانگی هەشتی ساڵی داهاتوو، یان یانزە مانگ، واتە تا مانگی یەکی ساڵی تازە لە زینداندا دەبێت. بەڵام ئیحتیمالی زۆرە هەموو ساڵ و نیوەکە تیایدا بێت و تا مانگی هەشت بەر نەبێت.

 

هیوادارم دوای بەربوونی، تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکان وەک جاران دوای نەکەون و کابرایەکی وا کەمزان لە خەڵکی کورد گەورە و گەورەتر نەکەن. هیوادارم ئیتر کەسانی دڵسۆزی وەک پارێزەرەکەی داوای لێ بکەن تێبگات کە ئۆسلۆ موسڵ و ڕەقە نییە و، تەلەفزیۆنەکانی نەرویج، ئێن ئاڕتی نییە باکی بە ئەخلاقی میدیایی نەبێت و، حکومەت و دادگاکانی نەرویج حکومەتە ئیفلیجەکە و دادگا بێکەڵکەکانی کوردستان نییە. پارێزەرەکەی کوڕێکی چاکە و بەئاشکرا بە ڕۆژنامەکانی نەرویجی ووت ''چی بکەم، خۆ من ڕاوێژکاری میدیایی ئەو نیم تا پێی بڵێم دەمی خۆت بگرە و قسەی خۆت بزانە، بەڵام هیوادارم ئەگەر ناتوانێت جۆرێکی تر قسە بکات، ئیتر واز لە چاوپێکەوتن و قسەکردن بۆ میدیا بێنێت''.

 

ئەوە دڵسۆزیەکی گەورەیە لە پارێزەرەکەیەوە. منیش هیوادارم کرێکار ئیتر وەک ئیسلامیەکانی تر واز لە توندڕەوی بێنێت، هەروەها واز لە خەڵەتاندنی خەڵک بێنێت و ئیتر واز لەوە بێنێت گەنجی سادەی کورد بکات بە ئیسلامیی.

 

کرێکار لەسەر پارچە کارتۆنەکە لە دادگا نوسیبووی: ئەمە پەنجا و سێیەم جارە تۆمەتبار دەکرێم و دەدرێمە دادگا. ئەو نازانێت کە ئەو ئامارە ناڕاستانە تەنها دەچێتە عەقڵی گەنجی کوردی بەستەزمانە وە و خەڵکی نەرویج بەوە ناخەڵەتێن. ئەو قسە ناڕاستەی کرێکار ئیحراجیی زۆری بۆ پارێزەرەکەی دروست کرد، چونکە یەکسەر میدیاکان لە پارێزەکەیان پرسی: ئایا مەلا کرێکار باسی کام دادگا و کام دادگا دەکات کە دەڵێت ئەوەندە جار تۆمەتبار کراوم. پارێزەکەی نەیدەزانی چۆن پینەی بکات و ووتی ئەوە ئەو مەبەستی ئەوەیە کە ئەوەندە ڕۆژ لە دادگا بووە. یەعنی ئەوەی کە ئەمجارە دادگاکە پێنج ڕۆژی خایاند، ئەو بە پێنج داددگاییکردن و پێنج تۆمەتبارکردن ئەژماری دەکات. دوایی کە دادگای ئیستیئناف دە ڕۆژ دەبات، لای میدیا کوردییەکان و لە پاڵتاڵک دەڵێت: ئەوە دە جاری تریش درامە دادگا و هەموویشم بردەوە.

 

من پێموایە کرێکار ئەمجارە بەو جۆرە بردیەوە کە دادگا بە دڵی ئەوی کرد و لەسەر قسەی خۆی، بەپێی مافەکانی مرۆڤ و لەبەر خاتری مافەکانی مرۆڤ سزای دا. هیوادارم دوای بەربوونی هەر ئاوا وەک لایەنگری مافەکانی مرۆڤ بمێنێتەوە و پێی شەرم و ئابڕوچوون بێت دەوڵەت و سیاسەتمەدار لە مافەکانی مرۆڤ لابدەن. ئەگینا شەرم و ئابڕوچونێکی گەورەیە بۆ ئینسان خۆی دژی مافەکانی مرۆڤ بێت، بەڵام بۆ خۆی داوا بکات هەموو مافەکانی مرۆڤی بۆ دابین بکرێت. ئەوە شەرم و حەیاچوونە مافی مرۆڤ داوا بکەیت لەکاتێکا خۆت کار بۆ زەوتکردنی مافی مرۆڤی ئەوانی تر بکەیت. ئەوە شەرم و ئابڕوچونێکە کە هەر تەنها مەلا کرێکار نییە پەنای بۆ دەبات، بەڵکو هەموو ئیسلامییەکانی دنیا، بەتایبەت ئیسلامیەکان و بەشێک لە موسڵمانانی ناو وڵاتانی ڕٶژئاوا پەنای بۆ دەبەن.