‌کەس نییە بتوانێت تانە لە پرۆسە سەربازییەکی سەرکەوتو بدات کە ھێزە کۆماندۆکانی ئەمەریکی و کوردی لە نێو جەرگەی دوژمنێکی دڕندە ئەنجامیان دا.

‌بەھەمو پێوەرەکان چ لە رووی پێکانی ئامانج و دەربازکردنی بارمتەکان بەکەمترین زیان، سەرکەوتنێکی پرۆسەیەکی کت وپڕی سەربازی زۆر گرنگ بو. ئەم پرۆسەیە جگە لەبەرزکردنەوەی ورەی ھێزەکانی بەرەی دژە تیرۆر، روخاندنی ورەی تیرۆرستانە کە ھێزەکانمان ئەگاتە ھەمو شوێنێکی دوژمن و تیرۆریستان شوێنی پارێزراویان نییە.

‌بەڵام دەبێت دان بەوەش دابنێین کە ھەوڵگری ئەم پرۆسەیە ئەگەر نەڵێین شکست خواردو بو ئەوا گومانی تێدانییە سەرکەوتو نەبو. . . جگە لەوەی سەرچاوەی ھەواڵ زانیارییەکانی دروست نەبو، گومان دوسەرەیان لێدەکرێت، بەڵێ دووسەرەی سەرچاوەکە بەئاشکرا دیارە، کاتێک دەردەکەوێت بارمتەکان دیلە پێشمەرگەو کوردەکان نەبوون، بەڵکو بەپێی ھەندێک ھەواڵ بارمتەکان بەعسیەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش بن، کەلەم ماوەیەدا بەھۆی ناکۆکی لەگەڵ تیرۆریستان دەستبەسەرکراون. بۆیە ئەم دەزگای ھەواڵگرییانەی سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیان کردوە، چ ئەمەریکی بن یان خۆماڵی دەبێت لێکۆڵینەوەی ورد بکەن، کە ئایا ئەم دزەکردنەو درزە لەکوێوە سەری گرتوە، چونکە ئەگەر ئەمە راست بێت ئەوا بەعسیەکان ئەم پرۆسەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارھێناوە، ئەمەش ئیختراقێکی ھەواڵگری مەترسیدارە؟

‌بۆیە بەدڵنیاییەوە پرۆسەیەکی سەربازی سەرکەوتو بو بەپلەی نایاب، وەک چۆن شکستێکی ھەواڵگری بو بەپلەیەکی مەترسیدار. . .