بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و سیستەمی دەوڵەتداری حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتر بووە وەک ئێستا شپرزە کرابێت، چونکە شەڕی ساردی لایەنەکان رۆژە بە رۆژ بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت و وەک بینیشمان لە قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ ئاماژەکان لە کەسایەتیەکانەوە بەرەو لایەنەکان و دواتریش گەڕانەوە سەر کەسایەتییەکان. ئەم هاوکێشەیە زۆر بە ڕوونی دوو لای ئاڵۆزییەکانی بۆ روونکردینەوە. ئەگەر بڵێم بۆ یەکەمینجارە رەنگە زیادەڕەوییم نەکردبێ کە سەرکردەیەکی کورد لە ئاستی دەستەی سەرۆکایەتی کوردستان دەبێتە دیاردە، سەرۆکێک کە لە تەمەنێکی گەنجانەدا تەنها لە ماوەی چەندا ساڵێکدا توانی بیسەلمێنێ ئەکادیمیبوون و پرۆفیشناڵێتی لەم هەرێمەدا جێگای ئومێدە، ئەم دیاردەیە بۆ هەموو لایەکی سەلماند شەڕی دیموکراسی هێزی تاک و ورە و لێبڕاوی و بەرخودانی دەوێ. دکتۆر یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەو ناوە ئاشنایەیە کە ئێستا دیاردەیەکی بەهێز و مەزنی هەرێمی کوردستانە و خەریکە دەبێتە مێژوویەکی گرنگ لە خەباتی دیموکراسی و چەسپاندنی یاسای هەرێمی کوردستاندا.

قسەکردنم لەسەر ئەم دیاردەیە لەو پێناسەیەوە دەستپێدەکەم کە پات ویلیامس بۆ سەرکردەی سەرکەوتووی دەکات و دەڵێت: "سەرکردە مەزنەکان ئەوانەن کە دڵیان بۆ خەڵکە، کاتیان بۆ خەڵکە، ئەوان خەڵک وەک ئامانجە گەورە دەبینن نەک خەڵک بکەنە ئامرازێک بۆ گەشتن بە ئامانجە گەورەکەیان. "، ئەگەر سەرنجێکی خێرای چالاکی و جموجوڵەکانی دوو ساڵی رابردووی یوسف محەمەد وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بدەین، دەبینین تاکە سەرکردەی ناو سێ کوچکەکەیە کە زۆرترین کاتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە و سەردانە مەیدانی و بەشدارییە کۆمەڵایەتی و چاوپێکەوتنە گشتییەکانی گەواهیدەری ئەوەن کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە بەدەمەوەبوونی کایە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە پێگەی بەهێزی خۆی پاراستووە و رێز و شکۆی زیاتریشی بۆ خۆی بەدەستهێناوە.

ئەگەر چاومان بخەینە سەر پەیوەندییەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، ئەوا دەبینی بە پێچەوانەی هەموو سەرۆکەکانی پێشوتری پەرلەمانی کوردستانەوە، باڵانسێکی بەهێزی رێز و پێکەوە گونجان و کارکردنی تیمی هەبووە و یەکتر خوێندنەوەش بە یەکێک لە سیما بەهێزەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بینراوە، بە پێی لێکۆڵەرەوەکانی بواری سەرکردایەتی، سەرکردەی سەرکەوتوو هونەری پێشخستن و گەشەپێدانی توناکانی دەروبەری خۆی و راگرتنی باڵانسی کەسانی دەورەبەری بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەرکردەی سەرکەوتوو دادەنرێت، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی باش توانیویەتی سود لە توانای دەورەبەرەکەی وەربگرێت.

سەرۆکە گەنجەکەی پەرلەمانی کوردستان لە زۆرێک لە کۆبوونەوە و بۆنەکاندا کە وتاری پێشکەش کردووە، سەلیقە و وردبینی بە وتەکانییەوە دیاربووە و ئەوەش هێزی پەیوەندیکردن و توانای کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکان و ئاستی بەرپرسیارییەتی و هێزی متمانەبەخۆبوون و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی زیاتری پێبەخشیوە.

پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێ، ئایا بۆچی ئێستا پارتی هەموو هەولێک دەدات کە یوسف محەمەد لە سەرۆکایەتی پەرلەمان لا ببات؟ پاش ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا یوسف محەمەد وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان توانی دەسەڵاتی تەواوەتی پەرلەمانی کوردستان بخاتەوە گەڕ و بۆ هەموو لایەتی بسەلمێنێ کە پەرلەمان پاشکۆی حکومەت و کەتەلۆکی بڕیار و قەرارەکانی حکومەت و حزبی باڵادەست نیە، ئێستا پارتی گەشتۆتە ئەو بڕوایەی ئەمە یەکەمینجارە پەرلەمان سەرۆکێکی وای هەبێت بۆیەش هەموو هەوڵێکی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی یوسف محەمەد لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دووربخەنەوە، تەنانەت بە گوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانیەکانیش پارتی ئاماژەیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیان کردووە کە ئامادەییان بۆ گەڕاندنەوەی هەموو وەزیر و بەرپرسانی گۆڕان بۆ ناو حکومەت دەربڕیوە بەڵام بەهیچ شێوەیەک نایانەوێ یوسف محەمەد وەک سەرۆکی پەرلەمان ببیینەوە.

روودا و پێشهاتە سیاسییەکان تا رادەیەکی زۆر لای تاکی کوردی روونن، بەڵام ئەوەی پرسیاری گەورەیە و بزووتنەوەی گۆڕان کە هێزی دووەمی کوردستانە دەبێ وەڵامی بداتەوە ئەوەیە کە ئایا گۆڕان ئامادەیە دکتۆر یوسف محەمەد لە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان لا ببات و کەسێکیتر بخاتە شوێنەکەی کە ئەمە داوای پارتییە؟ ئەگەرچی وەک هەستی پێدەکرێت هێزەکانیتریش بە تایبەت یەکێتی و یەکگرتوو بیانووی خۆیان هەیە و بە ئاسایی دەزانن کە یوسف محەمەد لە سەرۆکایەتی پەرلەمان نەمێنێ، یەکێتی پێی وایە دکتۆر یوسف باکگراندێکی ئیسلامیی هەیە و عارە هەرێم کەسێکی وا سەرۆکایەتی پەرلەمانەکەی بکات و ترسیان هەیە لە هەندێ بڕیاردا لە بەرژەوەندی خەڵکی مسوڵمانی کوردستاندا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، هەرچی یەکگرتووی ئیسلامییشە، پێیان وایە دکتۆر یوسف محەمەد لە ئاستی ئەوەدا نیە، چونکە پێشتر یەکگرتووی بە جێهێشتووە! وەک سەمیر سەلیم یاریدەدەری ئەمینداری یەکگرتوو لە دیمانەیەکی رووداودا هەندێ شتی درکاند و راشیگەیاند: یوسف محەمەد دەیتوانی باشتر ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، و نەدەبوو خیانەتی کۆبوونەوەی 19ی ئاخب ئەنجام بدرێت کە حزبەکان داوایان کردبوو کۆبوونەوە نەکرێت بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان هەوڵی کۆبوونەوەی دا. وتیشی: یوسف محەمەد ئەگەر لە ناو یەکگرتوودا بوایە ئەوەندەی دەنگی نەدەهێنا. بەڵام ئەوەی هێزی زیاتر بە دکتۆر یوسف محەمەد دەبخشێت وەک پشتیوانێک بۆی دەمێنێتەوە جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان، سکرتێری پەرلەمانی کوردستانە کە فەخرەدین قادر لە پشکی کۆمەڵی ئیسلامیی، هەر لە یەکەم ساتی کودەتاکەی پارتیدا بەسەر سەرۆکایەتی پەرلەماندا بینای پەرلەمانی بەجێهشتوو ە پشتگیری تەواوی خۆی بۆ سەرۆکی پەرلەمان دەربڕی.

ئەوەی گرنگە لەسەر بوەستین ئەوەیە کە پێویست ئەم (دیاردە)یە لە هەرێمی کوردستاندا بە رێز و شکۆوە بپارێزرێت و کاری هەموو دڵسۆزان و خەباتگێرانی رێگای شەرعیەت و یاسا و دیموکراسی دەبێ شکۆپارێزی دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتییەکەی بێت، چونکە یوسف محەمەد مێژوویەکە بۆ خەباتی سیاسی هەرێمی کوردستان، وەک چۆن مونیرە عوسمان ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەنوسێت، ئه‌م سه‌رۆكه‌ گه‌نجه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شوێن په‌نجه‌ی‌ خۆی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسيه‌دا ده‌رخست و په‌رله‌مانی‌ له‌ ده‌زگایه‌كی‌ كارتۆنیه‌وه‌ كرده‌ ناوه‌ندێكی‌ كاریگه‌ر و شه‌رعی‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد هێزێكی‌ وه‌ك پارتی‌ هه‌رزو هه‌ست به‌ مه‌ترسی‌ ئه‌م سیاسیه‌ گه‌نجه‌ له‌سه‌ر بته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ زه‌به‌لاحه‌كانیان بكه‌ن، به‌تایبه‌ت كاتێك له‌ (23)ی‌ حوزه‌یراندا سه‌رۆكه‌ گه‌نجه‌كه‌ ئاماده‌نه‌بو گوێ‌ به‌ هیچ فشارو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ ئه‌و هێزه‌ بدات و بڕیاریدا كۆبونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان بۆ هه‌مواری‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم سازبكات، ئه‌وه‌ش لای‌ پارتی‌ سه‌ره‌تای‌ شكستێكه‌ كه‌ ئێستاشی‌ له‌سه‌ر بێت هه‌نگاو له‌دوای‌ هه‌نگاو پارتی‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێر و هه‌ڵه‌ی‌ زیاتر ده‌بات.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو راستییەکەی کە پارتی تاکە ئامانجی هێشتنەوەی مەسعود بارزانییە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی خۆیان پێیان خۆشە، ئەوەشی کە پارتی کردی کودەتایەکی رۆشن بووە، ئارێز عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە وتارێکدا ئەم راستییەی زیاتر روونکردەوە، پارتی دەیەوێت ئۆباڵی ئەو ئاڵۆزیانە بخاتە ئەستۆی گۆڕان کە ئەوەش راست نیە چونکە خۆپشاندانەکان لە ئەنجامی قەیرانەکان سەریان ھەڵداوەو خۆپشاندەرانیش خەڵکی بێلایەن و ئەندام دۆستی ھەموو حزبە سیاسیەکانی کوردستانن بە پارتیشەوە، کەچی پارتی ھەر دەیەوێ مەسەلەکە وەک ملمڵانێی حزبی پیشانی ئەندامان و لایەنگرانی بداو ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەش دەیەوێ چاو لەو قەیرانە گەورانە بپۆشێ کە لە نێوان ھاوڵاتیان و دەسەڵاتدا ھەن. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەش نەک کێشەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکو قوڵتر و فراوانتریشیان دەکەنەوە. ئاساییە پارتی یان ھەر ھێزێکی تر بیەوێ لەبەر ھەر ھۆکارێک بێ سەرۆکی پەرلەمان بگۆڕدرێ، بەڵام دەبێت تا سەرۆکە رێزی سەرۆکایەتی لێبگیرێ و گۆڕینەکەش ئەگەر پێویست بێ بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و سیاسی بێت نەک بەرێلێگرتن و سوکایەتی پێکردن. کاک یوسف محمد سەرۆکی دەزگایەکی نیشتیمانی ھەرە گرنگ و کەسایەتیەکی نیشتمان پەروەرەو رێگا لێگرتنی سوکایەتی کردنە بە تەواوی دەمودەزگا نیشتمانیەکانی تر. گەڕاندنەوەی سەرۆکی پەرلەمان کارێک بوو مێژوو وەک خالێکی شەرمەزاری دەی نوسێتەوە. ئارێز عەبدوڵا دەشنوسێت، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا تۆڵە کردنەوە نەبوو لە گۆڕان، بەڵکو کودەتایەکی گاڵتەجاری بوو بەسەر شەرعیەتی دەسەڵاتی کوردەواری، چونکە کێشەکانی کوردستان کێشەی گۆڕان نین بەڵکو قەیرانی سیستمی سیاسی و حوکمرانی کوردستانن.