وەک لە نوسینەکانی پێشتردا باسم کردوە، لە داگرتنی لادێکانەوە ئەم میللەتەی ئێمە فێری موچەی مفت و ژیانی تەمەڵی کراوە . . دوای ڕاپەڕینیش ، پارتی و یەکێتی بۆ کێبەرکێی حزبایەتی و بەدەست هێنانی لایەنگر بۆ خۆیان، خەڵکێکی بێشوماریان کردە موچە خۆر . . زۆریی زانکۆ و پەیمانگاکانیش ، هاندەرێکی گەورە بو بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامە بە ئاسانی و دامەزراندنی دەرچوان . . ئیتر ئەم میللەتە بو بە ( ڕجب )، دەمی ئەکاتەوە تا خواردنەکە بکەن بە دەمیەوە . . هێندە موچە خۆر خرانە فەرمانگەکانەوە، چەند بەرابەری پێویستی فەرمانگەکان بون . . زۆربەی فەرمانبەران کارێکی ئەوتۆ ناکەن، ماندو نابن، سەری مانگ موچەیەکی مفت وەرئەگرن، بەباشی پێی ئەژین و پاش ساڵێک ئوتومبیلی پێ ئەکڕن . . ئەو خێزانانەش لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بون، بونە خاوەنی ئوتومبیل، . . هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، لە ماوەی دە ساڵ دا لە ( ٢٠٠٣ ) تا ( ٢٠١٣ ) ژیانێکی زۆر ڕەفاهیەت ئەژیان، ئەتوانم بڵێم لە هاوڵاتیانی ئێران زۆر خۆشتر ئەژیان . . ڕەنگە هەندێ بڵێن : " لە ئێران چرکەیەک کارەبا ناکوژێتەوە، بیست و چوار کاژێر ئاو هەیە، بۆری غاز چۆتە هەمو ماڵێک، بگرە هەمو ژورێکەوە . . ئەمانە ڕاستن، بەڵام بژێوی ژیان لەمانە گرنگترە . . بۆ سەلماندنی ئەوە، هاتنی ئەو هەمو ئێرانیە یە بۆ ئەمدیو بۆ ئیش و، سوپاسی خواش ئەکەن لەم دیو کارێکیان دەست کەوتوە و بژێوی ژیانیان دابین بوە . . ئیتر با ئەو هەمو بەنگلادشی و فلیپینی و هندی و . . . بوەستێ، هەموی ئاماژەی ئەوەن کە ئاستی ژیان لەم هەرێمەدا بەرزە و ڕەفاهیەت هەیە . .

ئەتوانم بڵێم ژیان لەم هەرێمەدا لە ژیانی هەندەرانیەکانی ئەوروپاش، لە ڕوی داراییەوە باشتر بوە . لە ئەوروپا یەکێک ئیش نەکات باش ناژی، ئیش کردن لەوێ گاڵتە نیە، جدییە، ئەبێ تەواو ماندو بیت، ڕۆژی هەشت کاژێر و هەفتەی پێنج ڕۆژ، بێ وەستان ئیش بکەیت . یەکێک ئیش نەکات، بە سۆشیال بژی، ژیانێکی کەم و کورت ئەژی، سەربەرزیش نیە . . ئەوەبو گەلێک لەوانەی هەندەرانیش گەڕانەوە . . چەند خوێندنگای ئەوروپی کرایەوە بۆ مناڵەکانیان . .

خۆپیشاندانەکەی ١٧ ی شوبات لە بارو دۆخێکی ئاوا ڕەفاهیەت و تێر و تۆخ دا دروست بو، لە مێژوی مرۆڤایەتی دا ڕوی نەداوە ، گەلێک لە رەفاهیەت دا خۆپیشاندان بکات . . بۆیە شکستی هێنا . . لە ئەنجامی سەختی ژیان و برسێتی و تەنگ و چەڵەمەی واقعیەوە نەبو، وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕوسیا، خەڵک ڕۆژانە چەند کاژێر لەبەر سەمونخانەیەک دا ئەوەستان تا دو سەمونیان دەست ئەکەوت، یا لە شۆڕشی فڕنسا دا خەلک لە برسان چونە بەردەمی کۆشکی پاشا هەمو ئەو قسەیەمان بیستوە، ( ماری انتوانێت ) وتی : " ئەو خەڵکە داوای چیی ئەکەن ؟ " وتیان : برسیانە، نان نیە بیخۆن وتی : " ئێ نان نیە، با کێک بخۆن "

لە هەرێمێک دا هەمو ماڵێک ئوتومبیلی هەبێت ، هەندێ ماڵ دوان سیانێکی هەبێت ، زۆربەی خێزان ئیشکەرێکی بنگلادشی یا فلپینیی هەبێت، لە شارەکانیا نرخی زەوی و خانو، لە شارەکانی ئەوروپا گرانتر بێت . . ئیتر خەڵک بۆچی ڕائەپەڕێت ؟!

ڕاستە گەندەڵی هەیە، نادادپەروەری هەیە، ژیانی سیاسیەکان و ژیانی خەڵک زۆر جیاوازە . . ئەوان لە دنیایەکی مادی ی بەرز و خەڵک لە دنیایەکی تردا ئەژین . . خەڵک ناڕازین لە دەسەڵات . . بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ڕاپەڕین و شۆڕش کردن و خۆ بە کوشت دان . . هەر گۆڕانکاریەکیش لە سیستەمی سیاسی دا بکرێت، چارەسەری ئەو گەندەڵی و نادادپەروەریە ناکات . . نادادپەروەری دیاردەیەکی جیهانیە . . لە ئەمریکا ئەکتەرەکانی هۆلیود چۆن ئەژین و کرێکاری کارگەکان چۆن ئەژین ؟! ( هینری فۆرد ) داهێنەری ئوتومبیل و خاوەنی کومپانیای فۆرد، لە ویژدانی زیندوی خۆیەوە ئەڵێ : " ئەبێ موچەی بەڕێوەبەری کومپانیایەک ، لە ٢٥ هێندی موچەی کرێکارێکی کومپانیاکە زیاتر نەبێت . . " بەڵام موچەی بەڕێوەبەری کومپانیا لە ( ٢٠٠٠ ) هێندی موچەی کرێکارەکە زیاترە . .

خۆپیشاندانی ١٧ شوبات ڕاپەڕینی جەماوەری نەبو . . نەخشەی حزبی بو . . ململانێی کورسی و دەسەڵات بو، پاڵنەرێکی تری ئەوە بو، مێرد منداڵ ( مراهق ) ڕۆحی موغامەرەی تیایە، ئەیەوێ بونی خۆی بسەلمێنێ ، ئەوە پاڵی پێوە ئەنێ بۆ خۆپیشاندان ، چێژ لە خۆدەرخستن و پیا هەڵپژان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسدا ئەبینێ . لێرەدا دەروێشەکانی حزب بونە قوربانی . .

ئەم لێشاوی دامەزراندن و موچەی مفت و ڕەفاهیەتە، بێ بەرنامە بو، حاڵەتێکی نادروست و نەشاز بو، ئەبو کۆتایی بێت . . لەبەر ئەوەی هیچ حکومەتێک لە دنیادا ناتوانێ هەمو هاوڵاتیانی بکاتە موچەخۆر، بەتایبەت سەرچاوەی دارایی هەرێم بەشە بوجەی بەغدا بو، ئەویش بە فرۆشتنی نەوت دابین ئەکرا . . لەگەڵ دروست بونی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕینی بوجە، قەیرانی دارایی دەستی پێکرد . شەڕی داعشیش هێندەی تر بارەکەی گران کرد . دابەزینی نرخی نەوت و کێشەی فرۆشتنی ، سەربارێکی تر بون لەم قەیرانەدا . . ئێستا نە حکومەت ئەتوانێ ئەو ژیانە دابین کات بۆ خەڵک، نە خەڵکیش تازە ئەتوانن لە دەمێکی بخۆرەوە ببن بە دەستێکی بەرهەمهێنەر . . بێگومان سەرجەم حکومەت تاوانبارە، لە سەرەتاوە بیری لەم ئەنجامە نەکردبوەوە . .

لە هەموی کارەساتبارتر، زۆربەی ڕۆشنبیران و میدیاکاران و نوسەران هەریەک سەر بە حزبێکن، ڕادیۆی حزبەکانیانن، بە خواستی حزب قسە ئەکەن . . خوێندنەوەیەکی واقعیانەیان نیە بۆ ئەم بارودۆخە . . تلڤزیۆنەکانیان قۆرخ کردوە بۆ لێڵ کردنی واقعەکە و تێکدانی تێروانینی خەڵک بۆ قەیرانەکان . . فەلسەفە لێئەدەن و قسەی کتێب و دور لە واقع ئەڵێنەوە، واقعی هیچ وڵاتێک لە کتێب دا نەنوسراوە، دوای ڕوداوەکان و تێپەڕینی کات ئەبێ بە مێژو و ئەنوسرێتەوە . . .