ماڵپەڕی "رووداو"ی سەر بە "نێچیروان بارزانی" لە 31ی ئاب پەیڤینێكی لەگەڵ "چراخان رەفیق"ی ژنە تازەكەی "ئاشتی هەروامی" ناسراو بە "دزە گەورەكەی نەوت" كردووە. لە پەیڤینەكەدا "دزە گەورەكە" وەها ناسێندراوە كە هەموو سەرمایەكەی تەنها "یەك خانووە" و چراخانیش كە پێشتر "كریكاری پاككردنەوە بووە لە ئەڵمانیا" وەك ملیۆننێرو خاوەن هەزاران دەفتەر دۆلار خۆی پیشانداوە. لەم چوارچێوەیەدا ئەو ژنە میللەتی كورد بە "گەمژە" دەزانێت، لەبەر ئەمەیە من وەڵامیدەدەمەوە.
ئەم خانمە خۆی و خوشكێكی و دایكی لە ساڵی 1997 وەك پەنابەر هاتوونەتە ئەڵمانیا، هیچ سەرمایەیكیان لە كوردستان نەبووە و لە ئەڵمانیا وەك "كرێكاری پاككردنەوە" دەستی بە كاركردووە. پاش ئەم كارە دواكانێكی پیتزافرۆشی هەبووە كە خۆی بۆ ماڵانی بردووە تا ناوەڕاستی دوو هەزارەكان.
باوكی ئەو زۆر دەمێكە مردووە، نەك هیچ كۆمپانیایەكی نەبووە، بەڵكو خاوەن هیچ سەرمایەیەكیش نەبووە، ئەو دەڵێت 3 كۆمپانیای لە باوكیەوە بۆ ماوەتەوە، بەڵام هیچ كاتێك سەرمایەدارێك نەبوە بەناوی رەفیق لە سلێمانی و ئەگەر وایە با بەڵگەنامەی تۆماكردنی كۆمپانیاكانی باوكی و ئەو پارەیەی هی كۆمپانیاكانی باوكی بووە بڵاوبكاتەوە. لە راستیدا، "ناسرین" خانمی دایكیان ئارایشگای هەبووە تا ئەو كاتەی هاتوون بۆ ئەوروپا. ئارایشگاكەی دایكیان سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بووە.
خانەوادەی باوكی پارتین و لە 2005 بەدواوە ئەو ژنە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حیزبە دەست تێكەڵ دەكات بەناوی كاری بازرگانیەوە، چەند شۆڤلێكی بەكارهاتوو لە ئەڵمانیاوە دەنێرێتەوە بۆ هەولێر. ئەو خۆی دەڵێت كە كۆلێژی یاسای خوێندووە لە ئەڵمانیا، ئایا كەس دەرفەتی دەبێت لە یەك كاتدا بخوێنێ‌ و بازرگانی گەورەش بكات لە ئەوروپا؟ ئەو دەڵێت كۆمپانیای هەیە لە ئەڵمانیا بۆ پاككردنەوە، بەڵام دەبێت خەڵك ئەوە بزانێت كە كردنەوەی كۆمپانیا لە وڵاتانی ئەوروپا زۆر ئاسانە و هیچ كەسێكی پێدەوڵەمەند نابێت. كۆمپانیای پاككردنەوە هەیە تەنها یەك تاكە كەس كاری تێدا دەكات.
دەڵێت" كە گەڕامەتەوە كوردستان پەنجا ملیۆن دۆلارم هێناوەتەوە. جگە لە داهاتی كۆمپانیاكانی باوكم" دەشڵێت " لە 2007 ئەو سەرمایەی لە باوكم بۆم بەجێمابوو هێنامەوە كوردستان و بە گەڕم خست"واتە سەرمایەكەی باوكی لە ئەڵمانیا بووە ؟! كام سەرمایە ؟ پێشتر ئەوان بە داهاتی ئارایشگاكەی دایكیان ژیاون لە كوردستان.
- تا ساڵی 2000 كرێكای پاككردنەوە بووە. ( كرێی كارەكەی بە زەحمەت پێی ژیاوە، كە هەموو كەس بە زەحمەت بە داهاتی ئەم كارە دەژیێت)
- دواتر كارەكەی دەگۆڕێ‌ و لە ناوەڕستی دووهەزارەكان دوكانێكی پیتزافرۆشی هەبووە. (داهاتەكەی بەشی كردووە باش بژیێت)
- لە 2005 بەدواوە چەند شۆڤڵی بەكارهاتوو دەنێرێتەوە كوردستان. ( قازانجەكەی بە چەند دەفتەر دۆلارێك دەخەملێندرێت)
- لە 2007 كە گەڕواتەوە كوردستان خاوەنی (50) ملیۆن دۆلاربووە ( بە قسەی خۆی)
واتە دوو ساڵ بازرگانی ناردنەوەی مەكینە و شۆڤڵ داهاتەكەی پەنجا ملیۆن دۆلارە ؟!
- 2 ساڵ: 732 رۆژ
- 50 ملیۆن: 5000 دەفتەر
- واتە داهاتی هەر رۆژێك (8) دەفتەر دۆلار !
ئایا چ كارێك دەتوانێت ئەو داهاتەی هەبێت؟
بە بەڵگە ئەوە ئاشكرا بووە كە ئاشتی هەورامیی مێردی، مانگانە (50) هەزار تۆن نەوتی رەشی داوەتە دوو كۆمپانیای وەهمی بەناوەكانی "لاناز" و "زیپۆ" كە گوایە كارگەی قیریان هەیە و لە بەدواداچوونی لێژنەی دارایی پەرلەمان دەركەوتووە ئەم كۆمپانیایانە وەهمین و هیچ كارگەیەكی فیریان نییە. "چراخان" خۆی لە خاوەنیەتی ئەم كۆمپانیایانە بێبەری كردووە، بەڵام دەڵێت" من ئاگادارم ئەم كۆمپانیایانە خزمەتی باشیان بە كوردستان كردووە. " دەشڵێ‌ " من پێشتر بەنزینم لە ئێرانەوە بۆ كوردستان هاوردە دەكرد. " واتای وایە دەمێكە سەروكاری لەگەڵ مەسەلەی بەنزین و نەوت هەیە.
لەبارەی سەرمایەی ئاشتی هەورامیشەوە دەڵێت:" ئەو هیچی نییە، تەنها خانوویەكی هەیە لە بەریتانیا. "واش پیشاندەدات ئەو عاشقی ئەو پیاوە بووە و هەر لەبەرئەوەیە شووی پێكردووە. بەڵام ئایا راستییەكە ئەمەیە؟ بێگومان نەخێر. ئەم قسانە بە واتای "بە گەمژەزانینی میللەت دێت. " ئەمە گەمەیەكە بۆ سپیكردنەوەی رووە رەشبووەكەی ئاشتی هەورامی لە ناو خەڵكدا. بڕواننە ئەم گاڵتەكردنە بە خەڵك، دەڵێت ئاشتی هیچی نییە، بەڵام من ملیۆننێرم !
ئەی راستییەكە چییە؟ ئەم ژنە لەلایەن پارتییەوە وەك سەرمایەدارێكی گەورە ناسێندرا، واشبڵاوكرایەوە كە سەد دەفتەر دۆلاری بەخشیوەتە پێشمەرگە وەك سەرمایەدارێك، پاشان كرا بە ژنی ئاشتی هەورامی، پارەی گەندەڵییەكانی نەوت خراوەتە سەرناوی ئەو ژنە و كۆمەڵێك كۆمپانیاش بە ناوی ئەو ژنەوە كراونەتەوە، هەموو ئەمە بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵییەكانی بواری نەوت بووە، بەتایبەت دوای بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ئەو كارانە بەمجۆرە رێكخران، لە ترسی ئەوەی گۆڕان ئاشتی هەورامی بخاتە گێژاوی گەندەڵیەكانیەوە.
ئێستا دەتوانرێت چی بكرێت ؟پێویستە لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی باڵا پێك بهێنردرێت و ئاشتی هەورامی و چراخان رەفیق بخرێنە ژێر لێكۆڵینەوە. ئەم ژنە سەرەداوێكی گرنگە كەوتووەتە دەست و دەكرێ‌ لەم رێگایەوە سەدان ملیۆن دۆلار دەستی بەسەردابگیرێت. دەكرێت داوا لە حكومەتی ئەڵمانیش بكرێت بۆ هاریكاریكردن. هاوكات پێویستە لە رێی رۆژنامە و میدیاكانی ئەڵمانیاوە ئەوە بخرێتە بەرباس كە چۆن ژنێكی كورد 50 ملیۆن دۆلاری لە وڵاتەكەیاندا قازانج كردووە.

تێبینی: دەزاگانی راگەیاندن بۆیان هەیە ئەم زانیاریانە لەسەر ناوی من بڵاوبكەنەوە و من بەرپرسیاریەتی هەموو زانیارییەكان هەڵدەگرم.