یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەسەر ئایدۆلۆجیاو ئامانج و بنەمایەکی تۆکمە و دیار دانەمەزرا. جیا لە زۆرێک لە حزبە کوردستانییەکانی تر نوخبەی سیاسیی زاڵی ناو یەکێتی لەسەر بنەمای دکژایەتیکردنی حزبێکی تری کوردستانی، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، دامەزرا. ئەمە جگە لەوەی لە یەکگرتنی کۆمەڵێک ڕەوتی جیاجیا بە دەستەیەک لە ئامانج و ئایدیای جیاجیای تاڕادەیەکیش ناکۆکەوە هاتە مەیدان. بۆیە نەک حزب نەبوو، بەڵکو چەتر و فیدراسۆنێک بوو بۆ کۆميڵێک حزب و کۆمەڵەی تر.

یەکیتی لە بنەڕەتدا لەسەر ئاڕاستەی فکری و ئامانجەکانی شۆرشەکەی یەکگرتوو نەبوو. سەرەتا نوخبەی دامەزرێنەر ئاراستەی چەپ و پرۆلیتار و مارکس لینینییان هەبوو. بەڵام هەرزوو هەستیان کرد کە ئەم ئاڕاستەیە ڕیگرە لە گەشە سەندنیان و ناتوانن بەگویرەی پێویست کار لە خەڵکی ئاسایی و ئەو کەسانە بکەن کە بڕوایان بەو ئاڕاستە فیکرییە نییە. بۆیە لە سەر ئاستی گشتی ئاراستەکەیان گۆڕی بۆ سۆسیال دیموکرات.

لەسەر ئاستی عیراقی و کوردستانییش دیسان یەکێتی خاوەنی ئامانجێکی بەردەوام نەبوو. یەکەم ڕادیۆیان بەناوی " دەنگی شۆڕشی عیراق" دامەزراند. دواتر زانییان کە ئەم ئامانجەیش بە کیشەیەو جێبەجێکردنی ئەستەمە، بایاندایەوەو روویان کردەوە باشووری کوردستان. لە باشووری کوردستانیش تەنها خۆیان بە نوێنەری تاک و تەنیای دۆزی کورد لەقەڵەم دەدا.

ئەم خۆ بە تاقانە نوێنەر زانینە وای کرد، یەکێتی دژایەتیی چەکدارانەی کۆی حزبە کوردستانییەکانی ئەوسای گۆرەپانی کوردستان بکات. وەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا، دژایەتیکردنی پارتی، بنەمایەکی سەرەکیی دامەزراندنی یەکێتی بوو. ئەوسا پارتی تووشی شکستێکی گەورە بووبوو و بەوە تۆمەتبار دەکرا کە کورد و شۆڕشی کوردی شکست پێهێناوە. هەڵبەت نسکۆی 1975 و دروستی یان هەڵەی پارتی لە دەستهڵگرتن لە شۆڕش؛ وەکو خۆیان دەڵین "بۆ ماوەیەکی کاتی"، پرسی ئەم نووسینەمان نییە. بەڵام یەکێتی لەگەڵ دامەزرانیدا، یەکێک لەو شەپۆلە کردەوە چەکدارییانەی لەناوخۆی کوردستان ئەنجامی دان، تەسفیەکردنی کادرانی پێشووی پارتی بوون، ئەوانەی کە ملیان بۆ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان نەدەدا. لەو پرۆسەیەدا دەیان کادری وەکو (عەبدولی سۆران) تیرۆر کران. ئەم دژایەتییەیش بەو زنجیرە تەسفیاتە سیاسییە کۆتایی نەهات، بەڵکو درێژەی کێشا بۆ شەریکی براکوژیی درێژخایەن.

شەری براکوژی تەنیا لەنێوان یەکێتی و پارتیدا سەری هەڵ نەدا. یەکیتی لایەنێکی شەڕبوو و بەتەنیا دژایەتیی کۆی لایەنە سیاسییەکانی تری دەکرد. لەگەڵ بەرەی (جود) و (جوقد) کە چەتری حزبە سیاسییەکانی ئەوسای گۆڕەپانی کوردستان بوون کەوتە شەڕ. ساڵی 1983یش بە تەنیا دەستی بە گفتوگۆ کرد لە ڕژێمی بەغدا و لایەنە سیاسیەکانی تر لەدەرەوەی بازنەی گفتوگۆکاندا بوون. لە ماوەی گفتوگۆکانیشدا کۆمەڵێک هاوکاریی مادیی و لۆجستیی بەغدای پی گەیشت بۆ خۆشکردنی شەڕەکانی لەگەڵ لایەنەکانی تر.

دامەزراندنی بەرەی کوردستانی ساڵانی 1980 کۆتایی بە شەڕی گەرمی لایەنەکان هێنا. بەڵام جەنگی ساردی نێوانیان هەر بەردەوام بوو. دوای ڕاپەرین و هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 1992 ناکۆکیی ئەم لایەنانە دووبارە سەری هەڵدایەوە. ئەمجاریش یەکیتی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی و حزبی شیوعی و پارتی کاری سەربەخۆو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و پارتی کەوتە زنجیرە خولیک شەری براکوژییەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، لە هەموو ئەم شەڕ و ملمانێیانەدا، یەکیتی لایەنی بەرانبەری بە تۆمەتبار لەقەڵەم دەدا. ئەم شەرانەیش ژمارەیەکی زۆر گەنجی کوردیان تێدا بووە قوربانی و هەزاران دەربەدەری ناوخۆیی و دەیان زیندان و بێسەروشوێنیشیان لێ کەوتەوە. ئەمە جگە لە پەلکێشی هێزەکانی ئێران بۆ سەر حزبی دێموکرات لەبەرانبەر بۆندێکی سەربازی بۆ کۆتایی هێنان بە پارتی لە 23ی تەمووزی ساڵی 1996. ئەم هەماهەنگییەی نێوان یەکیتی و ئێران خەریک بوو تەرازووی هێز لەبەرژەوەندیی یەکیتی یەکلا بکاتەوە، کەچی پارتی خۆی نەدا بەدەستەوەو بۆ مانەوەی خۆی و قوتاربوون لە مەترسیەکانی ئەو هەماهەنگییە، لەگەڵ هێزیکی سوپای عیراقدا گەڕایەوە هەولێر و یەکیتیی لە باوەشی ئێراندا توند کرد.

ئەم گۆرانکارییانە ئەمریکای بە کردەوە هێنایە سەر خەت. ڕێکەوتنی واشنتۆن کۆتایی بە شەڕی چەکداری نیوان هەردوو لا هێنا، بەڵام دوو ئیدارەیی تا 3 ساڵ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش بەردەوام بوو. هەرچەندە ساڵی 2006 ئیدارەکان بە رووکار یەکیان گرتەوە، دەزگاکانی ئاسایش و ناوخۆو پێشمەرگەو دارایی یەکیان نەگرتەوە. بودجەی ناوچەی سەوز لەسەر سیستمی دابەشکردنی بڕیاری نەوت بەرانبەر خۆراک بە ریژەی 43% تا ئێستایش بەردەوامە. بە هەولێر و دهۆک، تەنها 57% ی بودجەی هەرێمیان وەرگرتوە. ئەم بودجەیەی ئیدارەی سلێمانی یەکیتی و بەرپرسەکانی خۆی بڕیار لە خەرجکردن و گواستنەوەو هەر پلانێکیش داوەو دەدەن کە لەو ناوچەیەدا پیشکەش دەکرێن بۆ جێبەجێکردن. لەگەڵ ئەوەیشدا کە خۆیان بڕیار بەدەستی ئەو بودجەیە بوون، هەمیشە هاوپەیمانەکەی ڕێکەوتنی ستراتیجیی خۆیان وەکو بەرپرسی خراپبوونی ڕەوشی گەشەسەندنی سلێمانی و گەرمیان لای خەڵک وێنا دەکەن.

سەردەمی شەڕی ناوخۆ، خەڵک لە ناوچەکانی دەرەوەی سلێمانییەوە، بۆ نموونە، دەهاتن لە سلیمانی هەندێ کاتی خۆش بەسەر ببەن. شەقامی سەهۆڵەکەو تووی مەلیکی سلێمانی دوو ناوەندی بەرچاوی گەشتیاری بوون. کەچی گەندەڵی و خراپیی ئیدارەکردنی یەکێتی و بێ سەروبەرەیی دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە پاشەکشەی بەرچاویان بەم شارە کرد. سلێمانی و ناوچەی سەوز خاوەنی یەکەم زانکۆی دوای ڕاپەڕێن بوون، کەچی ئێستا 6 زانکۆیان تێدایە لەبەرانبەر 15 زانکۆ لە شاری هەولێر. لە سلێمانی تا ئەم چەند ساڵەی دوایی تەنیا پارکی ئازادیی تێدا بوو، کەچی لە هەولێر پارکی سامی و منارەو چەندین ناوچەی تری گەشتیاری کراونەتەوە. ئێستایشی لەگەڵدا بێ، خەڵک بێ ئاگایە لەوەی پاشەکشەی ناوچەی سەوز لە هەموو ڕووەکانەوە هێندەی یەکیتی لیی بەرپرسە، پێناچێ هاوپەیمانەکەی بەرپرس بێ.

ئەوی جێگای باسە، پاشەکشەی سلێمانی و ناوچەی سەوز هێندەی پەیوەستبووە بە کێشەی ڕێکخراوەیی خودی یەکێتییەوە، پێناچی کێشەی کەمی دارایی هەبووبێ. باڵە ناکۆکەکانی ناو یەکێتی هەمیشە لە پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیاندابوون. وەکو مەلا بەختیار جارێک ئاماژەی پێکرد، بەشی هەرەزۆری بودجەی ئەم ناوچەیە خراونەتە ژێرزەمینەکانی بەرپرسەکانی حزبەوە. باڵێک خواردوویەتی و باڵێک بە پشتگوێخوراوی ماوەتەوە. هەر بۆیەیش نەوشیروان مستەفا جیابووەو بومەلەرزەیەکی بەهێزی لە یەکیتی دا.

شایانی ئاماژە پێکردنە، ئەم قەیرانەی بڕیاردان و ڕوانگەی سیاسی لە ناو یەکێتیدا، تەنها کاریگەریی لەسەر ئەداو ئیدارەکردنی ناوچەکانی بندەستی نەبووە، بەڵکو لە هەڵوێست و هاوپەیمانی و پەیوەندیە سیاسیەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە.

یەکێتی پێش چەند سالیک رێکەوتنێکی ستراتیجیی لەگەڵ پارتیدا ئیمزا کردوە. لەبەرانبەر پۆستی سەرکۆماردا ڕازی بووە پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ هاوپەیمانەکەی بێ. تەنانەت بە کۆی فرۆکسیۆنەکەی لە پەرلەمان دەنگی بۆ پرۆژەیەکی دەستوور داوە کە سەرۆک لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێرێ. کەچی لەگەڵ نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی، دووبارە ئاڕاستەی باڵەکانی ناوخۆی زەقبوونەتەوە. بەجۆرێک لە هەرکوێوە با هەبێت، شەن دەکەن. لەنەبوونی سەقامگیریی ئاراستەو ئامانجی سیاسییدا، پەشیمان بونەتەوە لە ڕەشنووسی دەستوورەکەو تەنانەت پرسی سەرۆکی هەریمیش. ئەوەتا چەندین مانگە جگە لە ئاڵۆزیی ناوخۆی، هەرێمیش بەهۆی هەڵویستەکانی یەکێتییەوە تووشی ئاڵۆزێیەکی سیاسیی بووە و لە پرۆژەیەکی ئۆپۆزسیۆنی جاراندا خۆی ونکردووە. ئەمەیش بڕیاری باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکیتییە کە خۆی لە هاوژین و بنەماڵەی تاڵەبانیدا دەبینێتەوە. هاوکات دەنگی دوو جێگرەکەی سکرتێری گشتی و هەندێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی خنکێنراون. بڕیاردەرانی ئەم ئاڕاستەیەیش پێیان وایە باری لاریان کە بەهۆی لەتبوون و جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفاوە بەسەریاندا هاتووە، ڕاست بکەنەوە.

لەسەر ئاستی عیراقی دوای سەدامیش، جیا لە ئاڕاستەی هاوپەیمانە ستراتیجیەکەی، یەکێتی هەمیشە ڕوو لە بەغدا بووە. لەکاتێکدا هاوپەیمانەکەی هەمیشە دروشمی ئابووریی سەربەخۆی بە گوێی خەڵکدا داوە، یەکێتی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە بەغدا، ویستوویەتی هەرێم وابەستەی بڕیار و ئابووریی بەغدا بێ. تەنانەت قسەی ئەوەیشی لەسەرە کە بەرپرسانی ئەم پێشنیاری بڕینی بودجەو مووچەی هەرێمیان بۆ مالیکی کردبی.

ئێستایش یەکیتی، بەهۆی ئەم گۆڕانە کتوپڕەی هەڵوێست و بڕیار و ئاڕاستەکانییەوە، لە قەیرانی نەبوونی متمانەدا دەژی. ئیدی لایەنە سیاسیەکان هەمیشە بە هەستیاری و دوودڵییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ئەم دۆخەیش کە تەنیا خۆیان بەسەر خۆیاندا هێناوە، پێناچێ جگە لە پاشەکشەو داخورانێکی تر، ئەنجامیکی تر بۆیەکێتی نیشتمانیی کوردستان بێنێتە دی، ئەمە ئەگەر کاریگەریی نێگەتیڤیشی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نەبێ.