هەر نەتەوەيەك شاعێر و هونەرمەندی خۆی هەيە. كورديش هەروەها. بێگومان «شێركۆ بێكەس» يەكێكە لە ديارترينيان. شێركۆ بێكەسيش هەروەك شاعيرانيتر گەلێ تايبەتمەنديی خۆی هەيە و ديارترينيان بە گژداچوونەوەی ديكتاتۆر بوو. .

ئەوەی ئەستێرە گەشەی ئاسمانی شێعر و ئەدەبی كوردی، (شێركۆ بێكەس)ی نەمری خستە ناو دڵی هەموانەوە، بوێری و چاونەترسی بوو بەرانبەر بە ديكتاتۆران. وەك خوی وتبووی بە«قەڵەمی رووناكی» لە جەنگدا بوو بەرانبەر بە تاريكی. . شێركۆ بێكەس بێدەنگ نەدەبوو، نەدەترسا و گەڕانەوەی بەلاوە نامۆ بوو كاتێ ديكتاتۆرەكان لاوانی ئەو ئاو و خاكەيان لە سێدارە دەدا. .

كاتێ لە رۆژی 9ی ئاياری ساڵی 2010 ”كۆماری سێدارەی ئێسلاميی ئێران” فەرزاد كەمانگەر و 4 هاوڕێكەی لە سێدارە دا هەستی مرۆڤايەتی و كوردايەتی وای لە شێركۆ بێكەس كرد ئەوەی پێويست بوو بیکات. لە وتارێكی تيژتر لە گوللە و گەرمتر لە ئاگر وتی:

”تيرۆركردن و لە سێدارەدان. . . دو مەداليا و پێناسەی هەرە دياری ئەمڕۆی رووناكبيران و گەنجانی ئەم كوردستانەن.

ئەو پێناسەيە كە ديكتاتۆرەكان بۆ دواجار ئەيدەن لە سنگ و بەرۆكی قوربانيەكانيان. . . ئەوان بۆ ئەوەی گوايە بێ دەنگمان بكەن و بمانترسێنن و بمانگەرێننەوە. . .

ئێمەش بۆ ئەوەی ئەو پێناسەيە بە ديوە جوانەكەيا بكەينە ملمان و بە قەڵەمی رووناكی، تاريكی ئەوان بكوژێنينەوە و بنووسين:

لای ئێمە لەم جۆرە مەرگانەوە ژيان دەست پێدەكاتەوە و لە سەر ئەم سێدارانەوە سەرمان هەڵدەستێتەوە و شەوق ئەدەنەوە”.

شێركۆ بێكەس لەوە نەترسا كە دەسەڵاتی ئێرانی بە ديكتاتۆر پێناسە بكات و زۆر بە جوانی ريزی ”ديكتاتۆر” و ”گەل”ی وێنا كرد و ئاوا ديمەنی راستەقينەی ئێرانی ئەمڕۆ خستە روو:

”لە راستيدا ئيمە ژيانين و گەنجەكانمان ئايندەن و نابرێننەوە. .

ئێمە چياين. . ناگوێزرێينەوە. . .

ئێمە شێعرين، وشك ناكەين. .

باهۆزين، نانوشتێينەوە. . .

زاوزێی ئازاديی گەلين، كۆتاييمان هەر بۆ نيە و ئێمە ژيان خۆين، ناتوێينەوە. . . ”.

سەير كەن شاعێری شاعێرانی ئەو ئاو و خاكە چۆن ئاسۆی روونی گۆڕانی خستۆتە بەر دەم گەلانی ناوچەكە:

”سێدارەكان بەزيون و ئێمە هەر ماوين. .

كۆماری سێدارەی ئيسلامی ئێران

پير پير بووە و

بەڵام ورەی ئێمە هەر گەنج. .

كۆماری سێدارەی ئيسلامی خوار خوار بوەتەوە و

بەڵام ئێمە تازە وا خەريكين لە ملەی بەرزەوە

دەست بۆ خۆر بەرين و داييگرينە سەر ئەرز. . ”.

سەيری جوانی و زوڵاڵی و قووڵی سۆزی شێركۆ بێكەس بكەن كە چۆن روو لە ديكتاتۆر وەستاوە و دەڵێت:

”دە فەرموون

مەهێڵن باران ببارێ و مەهێڵن گيا سەوز بێ و

مەهێڵن زەوی بژی!

من ئيتر لەمڕۆوە عاشقی چاوانی (شيرين عەلەم هوولی)م

لەمڕۆوە هەر چی شيعرم هەيە ئەيانكەم بە

گوڵی گۆرانی بۆ باڵای (شيرين عەلەم هوولی). .

لە ئێستەوە من تاڵێ لە قژی ئەوم. .

لە ئێستەوە من نينۆكی پەنجەی ئەوم. .

لە ئێستەوە من ئيتر ئەبمە ئەو جووتە پێڵاوەی

كە لە دواجار لە پێی كردوو پێی چووە سەر سێدارە و

لە ئێستەوە من بازنەی بەجێ ماوی دەستی

(شيرين عەلەم هوولی)م. . ”.

شێركۆ بێكەس زۆر جوان راستييەكانی ئەمڕۆی ناوچەكەمانی خستە بەردەم هەمووان. ژن كە چەوساوەترينە، بەهێزترينيشە بەرانبەر بە ديكتاتۆر. . ئەوە ئەو رەمزە نەدركاوەيە كە زۆر كەس خۆی دوور دەگرێت لە باسكردنی. . بەڵام شێركۆ بێكەس باكی نيە و باسی دەكات. روو لە ديكتاتۆر دەيڵێتەوە:

”كۆماری سێدارەی ئيسلامی

چی لە سێدارە نەدا، لە خەونەوە بۆ شێعر و

لە شێعرەوە بۆ ژن و لە ژنەوە بۆ نان و

بۆ ئاو و بۆ گوڵ و بۆ كانی

كۆماری سێدارەی ئيسلامی

ئەوەی ناتوانێ هەرگيز هەرگيز لە سێدارەی بدا

ئايندەيە و ئازادی. . ”.

شێركۆ بێكەس دوو ساڵ پێش ئێستا ماڵئاوای لێكردين و بەرەو ئاسمانی ژيانێكيتر فڕی. ئەوەی هەمووان و بە تايبەتی شاعيرانی كورد پێويستە لێی فێر بن و پێ بنێنە جێ پێی و وەك وەفايەك بۆ شێركۆ بە جێی بگەيەنن ئەوەيە شێركۆ هەستی بە «پيربوون»ی كۆماری سێدارە كردبوو. خواربوونەوەيشی بينيبوو. . داگرتنی خۆر بۆ سەر ئەرزيشی بە نزيك زانيبوو. زۆر بە ئاواتەوە بوو كەوتنی ئەم ديكتاتۆرەيش بە چاوی خۆی ببينێت. . چون وەك دەيوت ئەم كۆمارە سنوور نەماوە دژ بە مرۆڤ و مرۆڤايەتی نەيبەزێنێت. .

”لە خەونەوە بۆ شێعر و

لە شێعرەوە بۆ ژن و لە ژنەوە بۆ نان و

بۆ ئاو و بۆ گوڵ و بۆ كانی"

بە ديوەكەيتردا، شێركۆ «بێ هيوا» نەبوو. چون ”ئايندە و ئازادی” لە سێدارەدان نەڵناگرێت. لە راستيدا پەتی سێداره‌ دەبێ بكرێت بە مل ديكتاتۆرەوە. .

كێ پەتی سێدارە دەكات بە ملی كۆماری سێدارەوە و كەی دەكرێت و چۆن دەكرێت . . هەموومان لێی بەرپرسيارين. بێگومان بۆ هەر تاكێكی ئەم ناوچەيە و بە تايبەت هێزی بەرهەڵستكاری ئێرانی «ئەرك»ە. دەبا هەمووان ئەوە بكەنە ئاڵا و درووشمی خۆيان كە نەسرەوتن تا سەركەوتن. لەو رۆژەدا دەبينين شێركۆ بێكەس لە ناو خۆماندا حازر و ئامادەيە.

كەوايە با هەموومان ببين بە دەنگ بۆ زيندانيان، بۆ ئەوانەی لە بەرانبەر ئەو ديكتاتۆرە پير بووەدا وەستاون و هەموو ئەزيەت و ئازار و ناخۆشييەكيان داوەتە بەرخۆيان. با شێركۆ نموونەی زۆر بێت. . ديكتاتۆران دەخوازن وڵات بێ شێركۆ بێت. شێركۆ دەخوازێت ناوچەكە بێ ديكتاتۆر بێت و كۆماری سێدارە لە سەر ئەرز نەمێنێت.

كەوايە كاتمان كات و ئەركمان قورس و ئاسۆمان زۆر روونە. ”حكومەتی سێدارەی ئيسلامی" لەوپەڕی لاوازی و بێهيزيدايە. لە بەرانبەردا ناڕەزايەتيی خەڵكی ئێران و گەلانی ناوچەكەش لە لووتكەی خۆيدايە. رک و قینی په‌نگخواردوو به‌ دوای ده‌رفه‌تێکدا ده‌گه‌ڕێت. . كە خۆمان راپەڕين گەلانی جيهانيش پاڵپشتمان دەبن. ئەوەی راستی بێت کۆماری سێدارە پەله‌قاژەيەتی و هاكا كەوت!

عه‌لی موکریانی

10/8/2015